تەنیایی تاڵ

 

 

‌ئەی پاییزی ئەم ئەوینە

‌وەرە بۆلام مەڕۆرەوە

‌تۆ ئاوازی ناخی منی ؟

‌بە خەمێکی ناسۆرەوە

‌......      ......

‌شەپۆلێکی لەبەد بەختیم

‌تاجی خەمی شەوانەمی

‌من ئەسوتێم لە جەستەدا

‌تۆش بە وێنەی پەروانەمی

‌......      ......

‌هێندە تامەزرۆی تەنیاییم

‌تۆش دەڕژێیتە ئەم ئاخەوە

‌لەگەڵ تۆدا من گەورە بووم

‌بەبێ دەنگی لە ناخەوە

‌......     ......

‌خەیاڵی من پڕ گەڵایە

‌بەدەم پاییزی زەردە پەڕ

‌غوربەتی خۆی ئەمباتەوە

‌بۆ بارانی پەنجەرەی تەڕ

‌......      ......

‌شەوانەشم پڕ لە حوزنە

‌تەنیاییم بۆتە ئاوازێ

‌کێ لەباخی ئەشکی پرسیم ؟

‌بۆ خەیاڵی دەمەو ڕازێ

‌......      ......

‌سروودێکی زۆر خەماوی

‌شەوانە وا لە ژوور سەرم

‌لەگەڵ هەورێکی تاریکدا

‌هەمیشە وا لەسەفەرم

‌......      ......

‌بۆ باڵای باخی بێ دەنگی

‌بومە تاڤگەی پڕ لە خەیاڵ

‌تەنیایی ڕووحم ئەماڵێت

‌لە ئێوارەی عومرێکی تاڵ

‌......      ......

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved