ڕازی مۆم

 

 

 

زۆر بە تاسەوەم بۆ خەونی بەهار

خواستی پاییزی کردی بە خەزان

ئۆغرم لەگەڵ عەشقی جوانێ بوو

 بۆیە  چرۆیە لای گەڵا ڕێزان

‌‌.....    .....

گۆشەی تەنیاییم پڕ لە کەسەرە

دوا تەونی جودای ئەگێڕێتەوە

عومرم بە ناچار لە ئاوازی ئەو

دوا تەمەننای خۆی وا ئەڵێتەوە

.‌....    .....

زەردەخەنەیەک بادەی مەحاڵە

گۆشەی کەساسی لە ڕوح ئەنۆشێ

پاییزێ یادی پەڵەی هەورێکە

لە ئێواراندا پرسە ئەپۆشێ

‌.....    .....

ڕازی دڵی من ساتەوەختێکە

سەر لێ شێواوە لە سوتانی خۆم

پەروانە خەونی لە ژوانێکایە

بۆ پاسەوانی ڕازی دڵی مۆم

‌.....    .....

ڕێبوار ئالانی

ئەمەریکا

نۆکسڤێڵ

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved