پاییزی پرسیار

 

 

‌ئەی پاییزی پڕ لە پرسیار

‌گەردونێکی پڕ لە ڕامان

‌عەشقت نهێنی هەپروونە

‌لەگەڵ قەسیدەی پڕ سوتان

‌.....

‌ژانێکی پڕ لە بێ دەنگی و

‌هەناوی گوڵ دەخۆیتەوە

‌بە بارانی پڕ گریانت

‌دەفتەری ژین دەشۆیتەوە

‌.....

‌تۆ وەرزێکی پڕ لە جێمان

‌ژووری ماڵت داخراوە

‌شەپۆلە گریانی ناخت

‌خولگەیەکە پڕ شاراوە

‌.....

‌گومان ئەکەم لە ئەشکی خۆم

‌پڕ خەیاڵ و بێ سنوورە

‌هەر چەند دەفڕم لە خەزانت

‌بەڵام ڕێگە گەلێ دوورە

‌.....

‌لە چاوەڕوانی بێزار بووم

‌بەسەوڵی خەم ڕێگە ئەبڕم

‌هەموو شەوێ بە وەرزی تۆ

‌تەمی پەنجەرەکەم ئەسڕم

‌.....

 

‌ڕێبوار ئالانی

‌ئەڵمانیا

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved