لێوان لێوم لە تۆ

 

لێوان لێوم خۆ لە جوانی تۆدا

باخم پڕیەتی لە خۆشەوویستی

ڕێژنەی ئەوینت هێندە بەنازە

بادەشم پڕە لە میهری مەستی

‌.........         .........

جارێ بە چاوی عەشقی خودایی

بڕوانە لە من بۆ دڵی تاسە

ئاوازی شیرین بخوێنە لەلام

هەتا پڕ ببێ دەنگ و هەناسە

‌........          ..........

ژینم خۆشحاڵ کە بەڕێژنەی ئەوین

تاوێ بارانی خۆشیم بۆ بێنە

میوانی قژ و باڵا و لێوانم

دڵم لە باخی گوناح دەربێنە

‌..........          ..........

مانگ و ئەستێرەش وا سەیر دەکەن

متمانەی حەزیان واتک ئەبارێ

ئەزانن دوو دڵ پاک و بێگەرد بێ

چۆن عاشق ئەبن لە دڵ بە جارێ

‌........          ..........

تۆ ئەوینم بیت بە نیگای سەوزت

باخی عەشقی من وەک مانگە شەوە

شەونمی ئۆخەی بڕژێنە بە ماچ

با دنیا بڵێ ڕەنگم لە ئەوە

‌........           ..........

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved