دیواری ڕەش و سپی

 

 

هەورێکی ڕەش پەڵەی تاریک

‌لە وڵاتێکی تەسک و باریک

‌تەم و مژی ئەو هەورانە

‌وەکو ڕم لەسەر سەرمانە

‌بێدەنگی یە ، دەنگێ نایە

‌شار خامۆشە بێ چرایە

‌مەلی سپی لەنێو زیندا

‌باڵی شکاو لە نێو بەندا

‌هەر هەنیسکی پڕ گریانە

‌خوێنی سووری لاوەکانە

‌شەپۆلی ئاو لێزمەی باران

‌ڕۆژی تاریک چەرخ و زەمان

‌ڕۆژی هۆلاکۆی نەفامە

‌کوژران، تێ هەڵدان و سامە

‌پەڵەی هەوری ڕەشی چڵکن

‌وەکو عەبای ڕەشی هی ژن

‌تادێ ووڵات تاریک دەکا

‌دەروونی کورد غەمگین دەکا

‌ڕێگە سەرپاکی هەر گورگە

‌گورگ شاڵاوی بۆ مەرگە

‌ئازار خەفەت ، دەرد و ژانە

‌بڕین ، ناڵە ، بەندینخانە

‌کوژران ، لێدان ، پەت کردنە

‌لاوی کوردان بۆ مردنە

‌گوللە و تەقە و هەر کوژرانە

‌یان بێ خەتا لە زیندانە

‌بەبێ مافین ، گەورە نامەرد

‌دژی هەستی کوردی نەبەرد

‌گەورە گورزی خۆی ئەنوێنێ

‌هەستمان بۆ ژین ئەتۆرێنێ

‌برین ، بڕین ، یان خنکانە

‌یان کوژانی مۆمی جوانە

‌ژیان سەرپاکی خوێناوە

‌خوێناو بۆ کوردی داماوە

‌دروشم هەر دەرد و زامە

‌ئەمە کاری ئەو نەفامە

‌چاو سور بوون و بگرەو بەردە

‌بۆ سەر لاشەی قەومی کوردە

‌زنجیر ، قەنارە و هەڵواسین

‌دانرا بۆسەر قەومی غەمگین

‌یەکەم کاری ئیستیعماری

‌یەکەم ئیشی بە زۆرداری

‌لە کوردستان بەکار هێنرا

‌بەوشێوەیە وێران کرا

‌دوژمن کاری کیمیایی بوو

‌بەد ئەنفالی خۆڕایی بوو

‌بردن و تاڵان و کوشتن

‌بووە ڕەمزی دەستی دوژمن

‌چەپۆکی قین گیانی هەژان

‌شەو و ڕۆژی لێ بوو بە ژان

‌دڵسۆزانی کورد پەرستی

‌شەیدای خۆری پڕ سەربەستی

‌چاوەڕێ بوو ، چاوەڕوانی

‌بۆ شەفەقی دەم بەیانی

‌گیانی لاوان بزوا بزوا

‌پڕ لەخۆ بردو پڕ بڕوا

‌هێزی تۆڵەی وەک بورکان بوو

‌وەک تریشقەی ناو ئاسمان بوو

‌هاواری گەل ، دڵ ووروژان

‌تاڵی ژینی پێ ئەبزوان

‌کوڵی دڵی کورد لە جۆش بوو

‌بۆ سنگی دوژمن پەرۆش بوو

‌کانی بڕوا و هێزی تۆڵەی

‌مافی سەربەستی بۆ ڕۆڵەی

‌دەستی زەبر خۆی توند وەشان

‌قەڵای ڕەشی سەختی شکان

‌بۆیە ئاسۆی کورد بە تینە

‌کاروانی هەر تێکۆشینە

‌......      .......

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

‌rebwaralany@hotmail.co.uk

‌پێشکەشە بەیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی

‌07/03/1991 کوردستان ..

 

ئەم هۆنراوەتەوە.

‌1. لەساڵی 1994 لە دەنگی خوێندکاران  لە هەولێر خوێندراوەتەوە.

‌2. لەساڵی 1995 لە دەنگی ڕادیۆی زانکۆ خوێندراوەتەوە.

‌3. لەساڵی 1996 لە دەنگی ڕادیۆی کوردایەتی خوێندراوەتەوە.

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved