ئەشکی ئەستێرە

‌تاکەی چاوەڕوان لەڕێگەی تۆ بم

‌هەناسەم سووتا بە عەشقی تۆوە

‌چوار وەرزی ساڵم بۆتە پاییزی

‌گوڵێکم نەدی لەپای چرۆوە

‌......      .......

‌پەنجەرەی هیوام تەم و تاریکە

‌شەپۆلە خەمێ ڕوحی تەنیوم

‌مەعشوقێ نی یە خەیاڵم لەتکا

‌بۆیە ئەشکی سوور گیانی چنیوم

‌......      ......

‌لەسیمای میحنەت گیانم بێزارە

‌وەکو درەختی بەردەستی خەزان

‌کەس دەرگای بەختی لێنەکردمەوە

‌بۆیە کە ئەفسوس کەوتمە دابڕان

‌......      ......

‌چاوم لە ڕێگەی باڵای بڕیوە

‌هەر وەکو لاوێ بۆ دوا کاتی خۆر

‌درەختی عومرم سێبەری نەبوو

‌بۆیە داماوم بە گریانی زۆر

‌.......      ......

‌لێڵ و غەریبی بەر چاوم ئەگرێ

‌دەروازەی شاری لێ داڕمانووم

‌لەئەم ئێوارە حەزینەی گریان

‌لە وەرزی وشکی نیگای ئەو مانووم

‌......      ......

‌هەر چاوەڕوانی کۆم ئەکاتەوە

‌لێوی ماتەمی پێ گەستوم لێرە

‌ئاسمانی خەیاڵ نوقمی تۆفانە

‌بۆیە نابینم هەور و ئەستێرە

‌......      ......

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

‌2013/05/09

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved