حەیفە گوڵم

 

 

وەک پاییزێکی خێر نەدیو

‌بووم بە گەڵای چەند وەرزی ساڵ

‌وەکو هەورێکی ڕووتەڵە

‌ڕۆژ دەم هێنێ بۆ شەوی تاڵ

‌........       ........

‌باخم پڕە لە پەپوولە و

‌وەرزی خەیاڵ بە گیانەوە

‌بێزاریەک لە ژوورمایە

گڕی عەشق بە ژانەوە

‌........        ........

‌حەیفە گوڵم لەم ڕێگەیە

‌نابیتە کاروانی ڕێگەم

خۆ من باڵی  تۆم لێ ببڕێ

‌سەرگەردان و بێ ڕێ و جێگەم

‌........        ........

‌هەر چاوەڕێم وەکو شەماڵ

‌بێیت و بدەی لە پەنجەرەم

‌باخی ئەوین نەورەسێ بێ

‌بۆ کەناری ئەم سەفەرەم

‌........        .......

‌چاوەڕوانیم وەک نەمامێ

‌گەڵای زەردی بێ سنوورە

‌هێندە بەهاری ئەم ڕوحەم

‌لێ مەچنەوە بەم غروورە

‌........        .......

‌لەگەڵ دەنگی گریانی خۆم

‌وەک هەنسکێ بەجێماوم

‌شەوانەشم تێناپەڕێت

‌لە بێزاری ئەو داماوم

 

‌........        ........

 

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

‌٢٠١٤

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved