ڕۆژێکی رەش لەژیانی پەرلەمان

 

رێبین هه‌ردی‌

  

مێژوو پرە لە درۆ..زۆرجار مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە بەهەزار فرتوفێل و کرداری دزێو گەمەی دەسەڵات دەنوسنەوە..سەردەمێک ڤاڵتەر بنیامین ڕاستی گووتبوو (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) هەر لەبەرئەوەش پڕ دەبێت لە درۆ و شێواندنی ڕاستیەکان و پیشاندانی ناشرینی وەک جوانی و ژێرکەوتن وەک سەرکەوتن و ..هتد. لەسەرەدەمی بەعسی عێراقیدا چیرۆکی جەنگە خوێناویەکانی سەدام ئەو بەعسیە درۆزنانە دەیان نوسیەوە کە گەورەترین شکستەکانی سەدامیشیان وەک سەرکەوتنی گەورە بە خەلک دەفرۆشتەوە. نوسەری پێشەکی فارسی کتێبی کۆماری ترس کەسەرنجی ئەم دۆخەی دابوو لەو پێشەکیەدا نوسی بووی: تێکەڵەیەکی سەیرە ئەم خەلکی عێراقە سەدام رێکەوتنی جەزائیر ئیمزا دەکات خەڵکی وەک سەرکەوتن بۆی هەڵدەپەرن..سەدام رێکەوتنی جەزائیر لەسەر شاشە ئەدرێنێت و دیسان خەلکی دەرژێنە سەر شەقام و هەڵدەپەرن..سەدام کوێت داگیر دەکات خەڵک هەر هەلدەپەرن، سەدام بەوشێوە ئابروبەرانەیە کوێت بەجێدێلێت..دیسان خەلکی دینە سەرجادە هەڵدەپەرن بۆسەرکەوتنێک کە بوونی نیە. مێژوونوسانی بەعس گەورەترین شکستەکانیشیان وەک سەرکەوتن دەنوسیەوە و دەشیانکرد بە وانیەکی مێژوو کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرا: سەدام یەکەم سەرۆک عێراقە کە پارێزاگای ژمارەی ١٩ی(واتە کوێتی) گەڕاندەوە سەر عێراق..کاتێکیش بەوشێوە ئابروبەرانەیە لە کوەیت دەرکرا مێژوونوسە بەعسیەکان نوسیان بەهێزترین سەرکردەی عەرەب کە بەرامبەر ٣٦ دەوڵەتی داگیرکەر ڕاوەستا و نەیانتوانی بیڕوخێنن...گەر سەدام لە ٢٠٠٣ دا نەڕوخێنرایە..ئێستا هەموو قوتابیەکانی عێراق ئەم شتانەیان وەک وانەی مێژوو دەخوێند و لەبەر دەکرد. (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) کە هەمیشە پرە لە درۆ و هەڵخەلاتاندن و ناشرینی. کاتێکیش هۆرکهایمەر پێناسی قوتابخانەی رەخنگرانەی بەمشێوەیە کردبوو .(هەموو ئەو کەسانەی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئە کۆشک و تەلارەکانی ئێستا دروستکراون لەسەر ئیسک و پروسکی هەزران مرۆڤ دروستکراوە) هەمان بۆچونی ڤاڵتەر بنیامینی بەشێوەیەکی تر دوبارە دەکردەوە..لەپشت کۆشک و تەلارە رازوەکانەوە، ستەمێکی شاراوە هەیە کە بێدەنگ کراوە. هەموو دەستکەوتێک لەقولایدا نوشوستیەکی گەوەرەی دارمانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقیە و بەسەر لاشە و ستەمێکی گەورەدا تێپەڕیوە. مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە ئەرکی سەرەکیان شاردنەوەی رەنج و ئازارە راستەقینەکان و پێشاندانی سەرکەوتنی وەهمی و درۆزنانە کە تەنیا کۆشکی چەند دەسەلاتدارێکی ستەمکار دەڕازێنێتەوە.

 

بەلام خۆشبەختانە ئێمە لەسەردەمی ڤاڵتەر بنیامیندا ناژین (کە لە چیرۆکی تراژیدیانەی ڕاکردنی لەدەستی نازیەکان لە سەرسنورێکی نێوان فەڕەنسا و ئیسپانیادا و لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن نازیەکانەوە خۆی کوشت) لەسەردەمێکدا ناژین یەک حیکایەتخوان و یەک قسەکەر و یەک مێژوونووسی هەبێت..لەسەردەمی پۆستمۆدێرنداین کە پرە لە شایەتی زیندوو بەسەر هەموو روداوەکانەوە و حەکایەتەکانیشی بە زمانی جیاواز دەگێرێتەوە. لەسەردەمێکداین مێژوونوسەکانی زۆر و حکایەتخوانەکانیشی زۆرتر. لەپال هەر گێرانەوەیەکی درۆزنانەی دەسەلاتەوە بۆ روداوەکان، دەیان شایەتی راستەقینە رووداوەکە چیرۆکەکە وەک خۆی دەبینن و دەگێڕنەوە و ڕێگە نادەن درۆکانی حەکایەتخوانەکانی دەسەلات روادوەکە بشێوێنێت.

 

ئەوەی لەم رۆژانەدا لە پەرلەمانی کوردستان لە سایەی دەسەلاتی پارتی بەسەر پەرلەماندا روویدا لەومجۆرە روداوانەن..لەوجۆرە روداوانەی دەسەلات حەکایەتی درۆی بۆ دروست دەکات و بە خەیاڵی خۆشی دەتوانێت وەک حەکایەتخوانەکانی سەردەمی بەعس بیکات بە ڕوداوی ڕاستەقینە و خەڵکی پێ هەڵخەلەتێنێت. چیرۆکەکەی ئەوان دەڵێت(لەپێناوی یاسادا و بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و سەلماندنی ئەوەی ئەندام پەرلەمان لەسەرو یاساوە نیە) پارێزبەندیان لەسەر کاکە سۆران هەلگرتووە،،باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی لەسەردەمی دەسەلاتی پارتیدا چیدی بێ یاسایی قەبوڵ ناکرێت..بەلام چیرۆکە راستەقینەکە رێک بە پێچەوانەوەیە بۆ سەلماندی ئەوەی سەرەک وەزیران لەسەرو یاسایە و کەس بۆی نیە پێی بڵێت بەری جاوت کلی پێوەیە، دەمی هەموو ئەوانە دادخەن جورئەت دەکەن ناوی بەڕێزیان بێنن. پێشتر لەسایەی هەمان سەرۆک وەزیراندا و بەناوی یاساوە رۆژنامەنوسێکیان زیندانی کرد و شکات لە دوای شکاتی بۆ ئامادە دەکەن، هەنوکەش نورە دێتە سەر ئەو کەم ئەندام پەرەلەمانانەی دەوێرن قسەیەکی هەق بڵێن.

 

ڤاڵتەر بنیامین بەدروستی نوسی بوی (هچ بەڵگەیەکی شارستانی نیە، بەڵگەی بەربەریەت نەبێت). لەراستیدا ئەم دەنگدانەی پەرلەمان رێک ئەو قسەیەی ڤاڵتەربنیماینمان بیر دەخاتەوە..بەڵگەیەک کە بەروکەش بۆ سەلماندنی سەروەری یاسایەوە بە ناوەرۆکش دوا پلەی بەربەریەتە.

 

لەسەرەتای ڕێکەوتنی گۆران و پارتیدا و لەیەکەم رەخنەم لەو رێکەوتنە کە تۆمارەکەی لە کەناڵی ئین ئارتی ماوە گوتم کارەساتی ئەم رێکەوتنە ئەوەیە ئەمجارە پەرلەمانیشیان تەسلیمی پارتی کردکاتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێشکەش بە پارتی کرد بەناوی ئەوەی کورسیەک بۆ کەمە نەتەوەیەتیاکان بێت، کە هەموو دەزانین کەمە نەتەوەیەکان ناوێکی ترە بۆ گوێڕیەڵەکانی پارتی.

 

ئێستا ئیدی بەتۆپزی دەرکەوت ولات بە پەرلەمان و هەمویەوە لە دەست پارتیە و لە حوکمی ئەوانشدا ئەوەی خزمەکار و بەردەستی بنەماڵەکە نەبێت، خائین و خۆفرۆشە و هەر بەناوی یاساشەوە لە زیندان دەکرێت و هەر بە دادگاش حوکم دەدرێت. لە سایەی پارتی و بەدیاریکراوی لە حوکمی سەرەک وەزیرانی ئێستادا هەموو خۆمان بۆ زیندان و سەرکوت و ئەشکەنجە و هەموو جۆرە ناوزراندنێک ئامادە بکەین..ئەمرۆ نۆرەی کاک سۆران بوو، سبەی هەمومان دەگرێتەوە...لە سایەی پارتی و حکمڕانی کاک مەسروردا رەشترین سەردەمەکانی حوکمرانی دەبینین و ئەمەی کراو دەکرێت تەنیا دەستپێکی قۆناغێکی تاریکە کە بەخوێن و ئەشکەنجە و توقاندن دەنوسرێتەوە. بەلام بێگومان خاڵی نابێت لە بەرگری و خۆراگری و بەردەوام نا وتن بە دەسەلاتێکی وا ناشرین کە بەس زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەزانێت.

 

سەردەمی مەسرور بارزانی لە سەردەمە هەرە تاریک و ناشرینەکانی حوکمرانی هەرێم دەبێت کە تیایدا حوکمڕانەکانی پێشوو وەک حوکمرانی زۆر کراوەتر و لێبوردوو تر دەردەکەون. سەردەمی مەسرور سەردەمی گرتن و زیندانکردن و ئەشکەنجە و دەمکوتکردن و بە کارتۆنی کردنی پەرلەمان و هەموو دەزگاکانی ترە ..سەردەمێکی تاریک دەژین کە پێشهاتەکانی زۆر گەوەرەتر دەبێت لەمەی کە ڕوویدا. لابرنی پارێزبەندی کاکە سۆران سەراتەیەکی بچوکە بۆ قۆناغێکی درێژی سەرکوتکاری کە بەڕێگەوەتە هەموان توشی کێشە و سەرئێشە بکات.

 

ئەمرۆ هەمووان بە حیزب و ڕێکخراو و هەموو دەنگێکی ئازادەوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەوەرەدان یان ئەواتا بەر بەم بەربەریەتە دەگرن کە بەناوی یاساوە گەورەترین گاڵەتەجاڕی بەیاسا و دەزگاکان دەکات، یان هەمووان وەک کاک سۆران بەناوی یاساوە چی پێشێلکاریە بەرامبەرمان دەیکەن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved