لە ڕانیە خۆپیشاندانی بەر فراوان بەرێوە چوو!

 

 

مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی ڕانیە، خۆپیشاندانێکی  بەرفراوانیان ڕێکخست، لەخۆپیشاندانەکەدا ڕایانگەیاند.

 

ئێوارەی ئەمرۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، مۆستایان و  ڕۆشنبیران، چالاکوانان و هاوڵاتیانی ڕاپەڕین، دژی دواکەوتنی موچە و خراپی دۆخی ئابووری و گەندەڵیی لە بەڕێوبردنی حکومەتدا خۆپیشاندانێکی فراوانیان ڕێکخست.

 

خۆپیشاندانەکە، کە لەبەردەم باخی گشتی ڕانیە دەستی پێکرد و هەتا بەردەم مزگەوتی گەورەی ڕانیە بەردەوامبوو، خۆپیشاندەران دروشمەکانی (ڕاپەڕینە پشتیوان جوامێرانی بادینان)،(دەسەڵاتی کورد زوبان، دەستت سورە بەتاوان) (ئەوەی دهۆک تیرۆرە، حوکمێکی هەر بەزۆرە)، ( وەک بەعستان کردووە، لێی دەڕژێ جام پڕبووە)،( لەدەڤەری ڕاپەڕین، دژی ستەم دەجەنگین) یان دەوتەوە، هەروەها پانکارتیان بەرزکردبووە کە لێی نوسرابوو، کەلەپچەبوو دیاری جەژنتان بۆ مامۆستا.

 

 

دواتر مامۆستا یوسف جەعفەر، لێدوانی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانەکەی خوێندەوە:

 

 نزیکەی بە ۳۰ ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پێناو مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی ستەمکارانەیان هیچ کارێکی شەرم هێن و نامرۆڤانە نەماوە دەستی بۆ نەبەن، هەر لە ئاودیوکردنی موڵک و ماڵی گشتی و شەڕی براکوژیی و پەڵکێشکردنی هێزی بێگانە و دۆڕاندنی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان، تا دەگاتە دەستبردن بۆ قوتی هاوڵاتیان.

  

وێرای خیانەتی گەورەی نیشتمانی، دەبوایە ئێمەی گەل دەستیان لەم تاوانانە بگرین و بیبڕین، بەڵام لە پێناو مانەوەی ئەم نیمچە کیانەی هەرێم و بەفیرۆ نەچوونی خوێنی شەهیدەکانمان و ڕەنجی پێشمەرگە نیشتمان پەروەرەکان، بە ئومێدی گەیشتن بە سەربەخۆیی خاک و سەربەستی تاک، چاوپۆشیمان لە هەڵەکانیان کرد.

 

ئەم دەسەڵاتە بۆتە هۆی لێکهەڵوەشاندنەوەی هەموو یەکگرتن و برایەتیەک و نەمانی هیچ قیەمێکی ئەخلاقی کوردی و دابەشکردنی خاک بۆ دوو پارچە، بەرەیەکی چەکدار بۆ پاسەوانی خۆیان بە کەمترین ماف و ئیمتیاز و بەرەیەکی تر لە خەڵکی تاسەر ئێسقان بێبەش لە خێر و بێری نیشتمان، بۆیە لێرەوە بە ناوی گەلەوە بە دەسەڵاتداران دەڵێن چیتر ئەم ستەمکارییە قبوڵ نییە لە ژێر هیچ ناو نیشانێکدا، لە سەرتان دەکەینە ئەرک کە دەستبەردای ستەمکاریی ببن لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک و سەربەخۆیی خاک، لە ئەگەری گوێ نەدان بەم داخوازییە مەدەنیانەی خەڵک دەبێ چاوەرێی کاردانەوەی هاوشێوەی خۆتان بن لەلایەن گەلەوە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved