ڕاگەیەنراوێك لە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانەوە

 

 

ئەمڕۆ برواری ٢٤/١٠/٢٠١٧ بەسەرپەرشتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئەنجومەنی شورای ناوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبۆوە دوای كۆبونەوەكەش راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-

 

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی:

 

ئەمڕۆ بەرواری ٢٤ ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧ بەسەرپەرشتی بەڕیز مامۆستا عیرفان عەلی عبدالعزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی شورای ناوەندی كۆبونەوەی خۆی ئەنجامداو باسی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنی كوردستان كردو جەختیكردەوە لەسەر ئەم خاڵانە:-

١- شورای ناوەندی رۆڵ و ئەدای د.شوان قەڵادزەیی لەكاری پەرلەمانتاری خۆیدا بەرزنرخاند لە خزمەتكردن بە خاك و خەڵك و وڵات.

٢- بەداخەوە كۆی قەیرانەكانی ئێستای ھەریمی كوردستان رەوشێكی ئاڵۆز و ناسەقامگیری وای خوڵقاندوە كە هەموو خەڵكی كوردستان نیگەران و غەمبار كردووە بەرەو نائومێدیەكی ترسناكمان دەبات، ئەمەش چارەسەری خێرای دەوێت و هەر كەمتەرخەمیەك بەسوودی دوژمنان و لەدەستدانی تەواوی دەستكەوتەكانی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی چەندین ساڵەمان تەواو دەبێت.

٣- ھەماھەنگی و كۆبوونەوەی تێكرای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ناوخۆو رێكخستنەوەی نێوماڵی سیاسی كورد.

 ٤- ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی دووپاتیكردەوە كە چارەسەری ئاشتییانەو دیالۆگی سیاسی تاكە چارەسەرە بۆ كۆتایی بە بارگرژییەكانی نێوان ھەولێر و بەغداو ھەموو چارەسەرێكی سەربازی رەتكردەوە.

 ٥- پێویستە بەزووترین كات لیژنەی دانوستانكاری فەرمی پێكبھینریت بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد.

 ٦- شورای ناوەندی داوای لە حكومەت و خەڵك و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كرد ھاوكار و پشتیوانی خەڵكی میوانی ناوچە كوردستانییە نائارامەكان بن و بەھانایانەوە بچن.

 ٧- شورای ناوەندی بزووتنەوەی ئیسلامی یەكریزی ھێز و لایەنە سیاسییەكان و یەكپارچەیی خاكی كوردستانی دووپاتكردەوە.

 

شورای ناوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی

٢٤/١٠/٢٠١٧

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved