راگه‌یه‌نراوێكی‌ هاوبه‌ش

 

هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ و گۆڕان و كۆمه‌ڵ راگه‌یه‌نراوێكی‌ هاوبه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

 

 

ده‌قی‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان

ڕاگه‌یه‌ندراوێك بۆ ڕای‌ گشتی‌

 

بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یران و شكست و كاره‌ساته‌كانی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ له‌ كوردستان، پارێزگاری‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان، ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ڕێڕه‌وی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، دانانی‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ دووز و كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ داوا ده‌كه‌ین:

١- قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و یه‌كڕیزی‌ گه‌لی‌ كوردستان پارێزراوبێت، میلله‌ته‌كه‌مان ڕزگاركه‌ین له‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ دووبه‌ره‌كی‌ و شه‌ڕی‌ ناوخۆ.

٢- له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌  كوردستان   له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێکی کاتی لە ڕێگای پارلەمانەوە بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ مه‌له‌فی‌ گفتوگۆی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی فیدراڵی و ئاماده‌سازی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پاك و بێگه‌رد به‌ چاودێری‌ ڕێكخراوه‌ بیانییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ، تەواوکردنی ڕەشنوسی دەستور بە جۆرێک سیستەمی پارلەمانی تێدا جێگیر بکرێت وئامادە بکرێت بۆ راپرسی ، دانانی بەرنامەو پلان بۆ چاکردنی  بژێوی‌ خه‌ڵك.

٣- حكومه‌تی‌ عێراق مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌پێی‌ ده‌ستور بێ و كار بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بكات و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر جێگای‌ خۆیان. 

٤- دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ به‌پێی‌ یاسا بدرێته‌ دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

٥- په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌رچاوه‌ی‌ بڕیار و یاسادانان بێ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ سیاسی‌ له‌سه‌روی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌بێ.  

 

هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌        كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان         بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

 

٢٤/١٠/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved