راگەیەنراوێك لە سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و لایەنەكانەوە

 

 

ئەمڕۆ ، چوار شەممە ڕیکەوتی ٨/١/٢٠٢٠ ،لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم( سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی هەرێم) و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو كە تایبەت بوو بەگفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عیراق و ناوچەكەو هەڵسەنگاندنی پێشهاتەكان و كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەو كۆبونەوە یە پێنج خاڵ دیاری كراوە كە وەك ئەنجامی كۆبونەوەكە باسی لێوە كراوە و تیایدا ئەو رەوشەی بە ترسناك وەسف كردووە.

 

دەقی راگەیەندراوی هەرسی سەرۆکایەتیەکەی هەرێم:

 

١- كۆبوونەوە بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو رووداوانەی لە ماوەی رابردوودا لەعیراق روویاندا، بەتایبەتیش پێشهاتەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆو جەختی لەسەر هەڵوێستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردەوە‌ كە ئەو پەرەسەندنە ترسناكانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك و بەتایبەتی لە بەرژەوە‌ندیی گەلانی عیراقدا نییه، بۆیە داوا دەكەین هەموو لایەك دان بە خۆیاندا بگرن و سەرجەم و هێز و لایەنە عیراقییەكان و دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵ هەوڵی جددی بدەن بۆ ئەوەی عیراق نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكان و گەلی بەشمەینەتی عیراق چیتر باجی ئەو ڕووداوانە نەدات و ئەو بارودۆخە نەكرێتە بیانووی پشتگوێخستنی خواستە ڕەواكانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەرانی عیراق.

 

٢- هاوهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز نرخێنراو دووپاتی زەرورەتی كاری هاوبەش و پاراستنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنەكان لە بەغدا و هەرێم كرایەوە بەجۆرێك بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەرەكیی هەمووان بێت.

 

٣- پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەكان بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەرێم و بەرژەوەندییەكانی دووپات كرایەوە.

 

٤- كۆبوونەوە بەنیگەرانییەوە سەیری هەنگاونانی یەكلایەنە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممە ٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠، دەكات و بە پێشێلكردنی بنەمای پێكەوەكاركردن و دەوڵەتی فیدراڵ و بە مەترسی دەزانێت بۆ پرۆسەی سیاسی و سەقامگیریی عیراق. 

 

٥- كۆبوونەوە جەخت دەكاتەوە كە هەنگاوەكانی داهاتوو لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بە بەشداری و ڕاوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بێت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved