ڕاگەیەندراوێك لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی

هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێمی كوردستان لەبارەی چونی نوێنەرانیان بۆ بەغدا و كۆبونەوە لەسەر وردبینیكردنی لیستی موچەی فەرمانبەرانیان، راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە،

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

 

راگەیاندراوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی

 

تایبەت بە كۆبونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراق

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی (٤/١/٢٠١٨)ی زایینی كاتژمێر (۹:۳٠)ی سەرلەبەیانی، لە دیوانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وردبینیكردنی میلاكی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆك و تەواوی ئەندامانی لیژنەكە ئەنجام درا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە تا كاتژمێری(١)ی نیوەڕۆ درێژەی هەبوو، زانیاری تەواو و وردی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەت (بە پێی سیستەمی بایۆمەتری و بە مووچەی تەواو و بێ پاشەكەوت) پێشكەش بە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە كرا. لیژنەكەش بە ئەندامانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حكومەتی هەرێمیان ڕاگەیاندووە كە "بە زووترین كات و لە ڕێگەی لیژنەی هونەری تایبەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێری دارایی عێراق دەست بە وردبینی لیستەكان دەكەن و دوای پێكهێنانی لیژنە فەرعییەكان سەردانی هەرێم دەكەن بۆ دیاریكردنی چەند بابەتێك بۆ وردبینی" و داوا لە ئەندامانی هەردوو وەزارەت كراوە كە هەماهەنگی و كارئاسانی زیاتریان هەبێت.

لە كۆبوونەوەكەشدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە:

ـ كۆبوونەوەكان بە پێی پێویست و تا كۆتاییهاتنی وردبینی، بەردەوام بن.

ـ هەرێم هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەك بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی باش، دەستەبەر بكات.

 

وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی

بەغدا: ٤/١/٢٠١٨

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved