ڕاگەیندراوێك لە مەکتەبی سیاسی یەکتیتی نیشتمانیەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکوک دروست دەکەن.

 

 

دەقی راگەیەندراوی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

جەماوەری ستەملێكراوی كوردستان!

لەهەلومەرجێكدا كە نەتەوەكەمان‌و هێزە دیموكراتخوازەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوی ئومێدیان بڕیبووە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژیەكانی كوردستان، بەڵام مەخابن، روداوەكان، پێشبینیەكانی یەكێتی بۆ قبوڵكردنی بەدیلی ریفراندۆم، سەلماندو بەهۆی مومارەسەی مافی دیموكراسی، بەهۆی بێدەنگیی دەوڵەتە دۆستەكانی جیهان لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی لەبەغداد دژی هەرێم‌و ئەو هێرشە عەسكەریانەدا، هەتا ئەمڕۆ، هەروا لەرێی كەین‌وبەینی جۆراوجۆرو قۆزتنەوەی ناكۆكیەكانی حزبە كوردستانیەكان‌و كێشمەكێشەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیلانی ئیقلیمی لە(١٦/ی ئۆكتۆبەری٢٠١٧) رێك لەهەمان رۆژو مانگدا كە ساڵی (١٩٢٥) كۆمەڵەی گەلان ویلایەتی موسڵی شەتەكی عێراقی داتاشراو دا، دوای (٩٢) ساڵ سەپێنرایەوە!

لەم هەلومەرجەدا بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبونەوەی ئاسایی كرد.

ئەم كۆبونەوەیە، دوای ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال‌و نەمانی سایەی سەرۆكە بێهاوتاكەمانە لەسەرمان، ئەم كۆستی شكۆی نیشتیمانە، بێڕادە قورسە، بەو ئەندازەیەش ئەركی هەمومانی پڕاوپڕ لە بەرپرسیارێتی مێژوویی، بۆ پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی‌و یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان، كرد. بەم بۆنەشەوە، جارێكی تر، سوپاسی زۆری هەموو دەوڵەتەكان، لایەنەكان، كەسایەتیەكان، بەتایبەتی حزبە كوردستانیەكان دەكەین، كە لەناو خەمباری پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان‌و كوڵی گریان‌و فرمێسكی گەلەكەمان، جارێكی تر، سەلماندیانەوە كە سەرۆك مام جەلال، هەر سەرۆكی عێراق‌و كوردستان‌و فەرماندەی پێشمەرگە نەبووە، بەڵكو جێگەی رێزی تەواوی جیهان بووەو لەناخی نەتەوەكەشماندا، خۆشەویستیەكی دەگمەنی هەبووە.

 

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان!

كۆبونەوەكە، دەرهەق بە سیاسەتی نێونەتەوەیی‌و ئیقلیمی‌و عێراقی، تەواوی دژواریەكان، مەترسیە جۆراوجۆرەكان، هەڕەشەكان، بێسەروبەری بڕیاری دەستەگەری لەبری بڕیاری دەستەجەمعی ئۆرگانە رەسمیەكانی یەكێتی. ئەم بڕگانەی تاوتوێ كرد: ١-دۆخی گشتی‌و كارەساتی (١٦/١٠/٢٠١٧). ٢-یەكێتی ناو یەكێتی. ٣-پەرلەمان‌و هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی باڵا. 4-دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و دەستوری هەمیشەیی. 5-پەیوەندی یەكێتی‌و لایەنە كوردستانیەكان.

دۆخی دوای كارەساتی ١٦/ی ئۆكتۆبەر

١-    بۆ دۆخی گشتی‌و كارەساتی ١٦/ی ئۆكتۆبەر، كۆبونەوە بەوردیی لەسەر كۆی دۆخەكە، پێش ریفراندۆم‌و خودی ریفراندۆم‌و روداوە نالەبارەكانی لێكەوتەی ریفراندۆم، بەچاوێكی رەخنەگرانەی دوور لە هەرەسانی، گفتوگۆی كردو بڕیاردرا، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی شارەزای بوارەكان، لەسەر تەواوی پرس‌و پرۆسەكە، دوور لە مزایەدەو خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی لەسەر ریفراندۆم‌و كارەساتەكە، پێكبێنێ‌‌و لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە، بە گەڕانەوە بۆ بڕیارەكانی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر ریفراندۆم، باسی ریفراندۆم لەناو نەخشەرێگەی یەكێتی‌و لەناو رێكەوتنامەی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، هەروەها بۆ سەرجەم كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، تا دەگاتە كۆبونەوەی دوكان لە(١٥/١٠/٢٠١٧) دوابۆچونی یەكێتی، رابگەیەنێ‌.

پیرۆزی یەكێتی ناو یەكێتی

٢-    سەبارەت بە یەكێتی ناو یەكێتی؛ كۆبونەوە پێیوایە، دەركەوت، كۆبونەوەو چاوپێكەوتن‌و بەیاننامەی نابەرپرسیار، چەند زیانی لەیەكێتی گەیاندووە. بۆیە، یەكێتی ریزەكانی یەكێتی لەسەر بنەمای پرنسیپ‌و یاساو رێسای حزبایەتی‌و چاونەپۆشین لە لادان‌و سەرپێچی ئەو پرنسیپانە، هەتا دەسەڵاتەكان لەئۆرگانە رەسمیەكانی یەكێتی چڕبكرێتەوە. نەك گروپی دەستەگەری لاوەكی. ئەم رێساو پرنسیپانە مەرجی بنەڕەتی دەستەبەری یەكێتی ناو یەكێتین. لەمبارەوە، بڕیاری پێویست بۆ شكۆی ئۆرگانەكان‌و دیسپلینی ریزەكان، دران. چیكە لەهیچ كەسو گروپێك قبوڵناكرێ‌ دیسپلین‌و پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل بكات‌و بڕیاری دەستەگەری زیانبەخش، بكرێتە بنەمای لێدوانی سەرلێشێواندن.

پەرلەمان‌و هەڵبژاردن

٣-    پەرلەمان‌و هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆن؛ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەهەوڵی هەموولایەك، بەتایبەتی یەكێتی، دەستكەوتێكی تەشریعی‌و چاودێریی گەورەیە. بۆیە پاراستنی ئەم دەستكەوتە، بەتەواوكردنی خولی ئاسایی پەرلەمان، زۆر گرنگە. بۆئەوەی لەتەنگژە یاساییەكانیش بەرەبەرە رزگارمان بێ‌، دەبێ‌، پەرلەمان چالاكتر ئەركەكانی راپەڕێنێ‌‌و دەسەڵاتی سیاسیش هاوكاریان بێ‌. ئومێدەوارین، لەسەر بنەمای ئەرك‌و ماف‌و پاراستنی ئەزمونەكەمان، تەواوی لایەنەكان بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن.

دانوستان‌و دەستور

٤-    دانوستاندن لەگەڵ بەغدادو دەستوری هەمیشەیی؛ بڕیاردرا كە: دانوستاندنی بێمەرج، لەگەڵ  حكومەتی بەغدادو لەسێبەری ئاشتی‌و راگرتنی شەڕوشۆڕو پەلاماری گەلی كوردستان، ئەنجامبدرێ‌. بۆ ئەم ئەركەش، وەفدی حكومەت، لەو لایەنانەی لەحكومەتدا، ئەركەكانی حوكمڕانیی رادەپەڕێنن، بۆ دانوستاندن پێكبێ‌‌و لەكاتێكی شیاویشدا، بەپێی بنەماكانی دەستوری هەمیشەیی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بكەن. هەروەها توێژینەوەش بكرێ‌ كە چ لایەك، لەدوای نوسینی دەستورەوە، بەندەكانی دەستوری پێشێلكردووە. نەك حكومەتی عێراق، تەنها لەروانگەی ئەركەكانی دەسەڵاتەوە، دەستور شیبكاتەوەو مافە دەستوریەكان، رەچاونەكات. لەكاتێكیشدا، تەواوی لایەنە كوردستانیەكان‌و حكومەتی هەرێم، دانوستان‌و دەستوریان پەسەندە، چ پاساوێك بۆ حكومەتی بەغداد ماوە، درێژە بە پەلاماری عەسكەری‌و گەمارۆی ئابوری‌و ئازادی خەڵك بدات‌و، دەیان هەزار هاوڵاتی لانەواز بكرێ‌‌و لەم سەروبەندەی پایزو زستاندا بكەونە ژیانی كولەمەرگیی.

پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكان

٥-    یەكێتی‌و لایەنە كوردستانیەكان.. یەكێتی، دور لە كارو كاردانەوە، دژی تێكچونی پەیوەندی سیاسی لایەنە كوردستانیەكانە؛ بەڵكو لەم دۆخە دژوارەدا، جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نێوان تێكڕای لایەنەكان دەكاتەوە، هەتا پێكەوە بتوانین، چاكسازی‌و گۆڕانكاری لەحكومەتدا ئەنجامبدەین‌و كێشەكان چارەسەر بكەین‌و پەرلەمانیش، ئەركی یاسارێژی‌و چاودێری رابپەڕێنێ‌. بەیەكیشەوە، پرۆژەی دەستور بەرەو قۆناغی كۆتایی بەرین‌و سیستەمی حوكمڕانی بەسیستەمی پەرلەمانی راستەقینە بگۆڕین. كێشەی چۆنیەتی چارەسەركردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش، لەبنبەستی قۆناغی رابوردوو، سەرفراز بكەین‌و لەبەر رۆشنایی روداوەكانی ئێستاو قۆناغی لەمەودوا، بەرپرسانە، كۆتایی بەم پرسە نیشتمانییەش بهێنین.

لەكۆتاییشدا.. یەكێتی، بە یەك ئاراستەو یەك هەڵوێست‌و یەك ئیرادەوە، ئەركەكانی لەمەودوای رادەپەڕێنێ‌‌و بێوچان تێدەكۆشێ‌ بەچاوێكی رەخنەگرانەی هەمەلایەنەوە، تەنگوچەڵەمەو كەموكوڕییەكان، لەناو حكومەت‌و لەناو یەكێتیدا، چارەسەر بكات. وەكو سەرۆك مام جەلال فەرمویەتی، نە بە كەس دەڕوخێین‌و نە كەسیشمان لێ زیادە، هەموو هەڤاڵێك ئەركێتی یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزێ‌. لەهەمانكاتدا، هەر هەڤاڵ‌و گروپێك ئازادن لەدەرەوەی یەكێتی رێبازی تر هەڵبژێرن.

-    هەزاران سڵاو لەگۆڕی پاكی شەهیدانی بەرەنگاری لەكەركوك‌و خانەقین‌و پردێ‌.

-    سڵاو لەخۆڕاگیی‌و قارەمانێتی گەلەكەمان.

-    سڵاو لەهێزی پێشمەرگەو لە ورەی پۆڵایینیان، كە دڵنیاین ئەم شكستە كاتییە، گیانی قارەمانێتیان بەهێزتر دەكات.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان

٢٤/١٠/٢٠١٧

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved