راگەیەندراوی هاوبەشی ١٠ رێکخراوی سیاسی

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە:

 جینایەتی لە سێدارەدانی ٣ بەندکراوی سیاسی و، هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکەکانی حیزبەکانی کوردستان مەحکووم دەکەین.

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی خەرمانان، ٨ی سێپتامبر، حوکمی لە سێدارەدانی سێ کەس لە بەندییە سیاسییەکانی کوردستان (رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی) سەرەڕای هەوڵ و ماندووبوونی زۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ رێگری کردن لێی، بەڕێوەچوو.

هاوکات بنکە ناوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە بەر هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی. جگە لە زەرەر و زیانێکی زۆر، ژمارەیەک لە کادر و ئەندامەکانیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

ئەم هێرش و کردەوە جینایەتکارانەیەی رێژیم لە هەلومەرجێکدایە کە خەباتی خەڵکی کوردستان لە کوردستان و سەراسەری ئێران پەرەی سەندوە. قەیرانی ئابووری و نەبوونی ئەمنییەت، هەموو لایەنەکانی ژیانی خەڵکی گرتوەتەوە. رەهەندەکانی ئەم نارەزایەتیانە سنوورەکانی وڵاتی بڕیوە. بۆ وێنە، تەنیا رۆژێک بەر لەم هێرشە دڕندانەیە، خەڵکی ناڕازیی بەسرە، پێگە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هەروەها کۆنسوولخانەی ئەم رێژیمەیان وێران کرد و ئاگریان تێبەردا و بەو شێوەیە رق و بێزاریی خۆیان لە دەستدرێژییەکانی ئێران لە خاکی عێراقدا نیشاندا.

ئێمە گومانمان نیە کە ئەم ئێعدامانە و ئەم هێرشە جینایەتکارانەیە، نەک هەر ورەی خەڵکی کوردستان دانابەزێنن، بەڵکوو سەنگەری بەرگری و خەبات لە دژی ئەم رێژیمە سەرکوتکەرە پتەوتر دەکەن. ئێمە ئەم تیرۆر و دەستدرێژییە رێکخراوە مەحکووم دەکەین و داوا لە هەموو خەڵکی ئێران دەکەین ئەم جینایەتە دڕندانەیە بە سووربوون لەسەر خەبات لە دژی ئەم رێژیمە وڵام بدەنەوە. خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ خەباتی سەراسەریی ئێران و پێوەندیی قوڵیان هەیە. ئێعدامی چالاکانی سیاسی، کوشتنی کۆڵبەران و دەستدێژی بۆ سەر بنکەکانی ئەم حیزبانە، نەک تەمەنی نگریسی ئەم رێژیمە درێژ ناکەنەوە بەڵکوو مەرگ و نەمانی خێراتر دەکەن.

ئێمە خەم و نیگەرانیی قووڵی خۆمان بە بۆنەی شەهیدبوونی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ئێعدانی سێ چالاکی سیاسی رادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانیان و هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەین.

ئێمە بەڵێن دەدەین بە پتەوترکردنی یەکیەتی و هاوپێوەندیی نێوان خۆمان و هێزە هاوتەریبەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن، ئەم کردەوە سەرکوتکەرانە و جینایەتکارانەی رێژیم بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکیەتییەکی بەرین و گشتگیر وڵام بدەینەوە و بە ئیرادەیەکی پتەوتر، درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ دروستکردنی ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان و دێموکراتیک و یەکسانیی هەموو دانیشتوانی.

 

بڕووخێ رێژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتن بۆ جەماوەر

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ – ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨

یەکیەتی میللی دێموکراتیکی ئازەربایجان

جولانەوەی کۆماریخوازانی دێموکراتیك و لایکی ئێران

حزب تزامن دمکراتيک اهواز

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

حیزبی خەڵکی بەلوچستان

رێکخراوی یەکیەتیی فدائيانی خەلقی ئێران

شورای کاتی سوسياليستهای چەپی ايران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved