قوباد تاڵەبانی بۆ هاووڵاتیان: ئەوەی پێمان بكرێت درێغـی ناكەین

 

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەیامێك لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان بڵاودەكاتەوە .

 

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی:

 

هاووڵاتیانی خۆشەویست

 

ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چەند بڕیارێكی گرنگمان دەركردووە بە ئامانجی ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوانە: درێژكردنەوەی ماوەی ڕۆژانی پشوو بۆ فەرمانبەرانی حكومەت و قوتابخانە و زانكۆكانمان لە مانگی ئازاردا. دەستنیشانكردنی ڕۆژی ١٦-٣ وەك دوا وادە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا لە وڵاتی ئێرانن و نەگەڕاونەتەوە و هەڵسەنگاندنی بڕیارەكانی پێشووترمان لەو بارەیەوە بۆ دڵنیابوون لە كاریگەریان.

 

لە بارێكی ئاوادا، گرنگە ئێمە رێگە لە قووڵبوونەوەی قەیرانەكان بگرین و ڕێوشوێنی پێویست بگرینە بەر، نەك تەنها كاردانەوەمان هەبێت بۆ ڕووداوەكان.

 

هاوڵاتیانی خۆشەویست، ٣٠ ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ هەموومان، بۆیە داواتان لێدەكەم كە دان بەخۆتاندا بگرن و ئێمەش ئەوەی پێمان بكرێت درێغی ناكەین بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیتان.

 

دەزانم هەندێك لە بڕیارەكانمان ڕەنگە كاربكاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و بژێویشتان، بەڵام ئەوەتان لەیاد نەچێ كە ئەم بڕیارانە بۆ ئێوەیە و لە پێناو تەندروستی و سەلامەتیی ئێوە دراون.

 

داوا لە هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ڕێنماییە تەندروستییەكان پەیڕەو بكەن و پاكوخاوێنی بپارێزن و گرنگیی زۆر بە دەست شتن بدەن. زۆر گرنگە كە تا پێتان بكرێت لە قەرەباڵغی دوور بكەونەوە. دەزانم كە ئێستا وەرزی گەشت و سەیرانە، ئەوكاتەیە كە كۆدەبینەوە و كاتی خۆش لەگەڵ یەكتر بەسەردەبەین، بەڵام تكایە با هەموومان پێكەوە تەندروستی و ژیانی خۆمان و خۆشەویستانمان بكەینە خەمی لە پێشینەمان. هەروەك بۆ حاڵەتی زۆر پێویستیش نەبێ گەشتی نێوان شارەكانی هەرێم و دەرەوەش ئەنجام نەدەین.

 

ئەوانەی بەساڵاچوون تا پێتان دەكرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. ئەركی تیمە تەندروستییەكانی حكومەتیشە هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی هاوڵاتیانمان، هەر وەكچۆن تا ئێستا درێغییان نەكردووە و ماندووبوون و دڵسۆزیان جێی سوپاس و پێزانینە. بۆیە تكایە خۆتان بەدووربگرن لە سەردانی ناپێویست بۆلای پزیشك، بنكەی تەندروستی، یان نەخۆشخانەكان. هێڵی گەرمی ۱۲۲ ی فریاگوزاریمان داناوە تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا؛ تكایە لە كاتی پێویستدا پەیوەندی بكەن و بەدڵنیاییەوە هاوكاریی پێویست وەردەگرن. تكاشتان لێدەكەم جگە لە ڕێنمایی و زانیارییە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان پشت بە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانە مەبەستن.

 

خەڵكی ئێمە بە دۆخی سەختتردا تێپەڕیون، بەسەر قەیرانی گەورەتردا زاڵبووین، دڵنیام بەسەر ئەمەشیاندا سەردەكەوین. پشتیوانی و هاوكاریی ئێوەمان پێویستە و سوپاسی تێگەیشتن و بەدەمەوەچوونی ئەم پەیامەتان دەكەم.

 

هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان و هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتوو بن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved