قوباد تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

 

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە‌ساڵیادی شە‌ھیدی فە‌رماندە‌ لیوا سە‌ڵاح دیلمانی، پە‌یامێكی بڵاو كردە‌وە‌ و رایگەیاند

 

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی..

 

خێزان و بنەماڵەی شەهیدی فەرماندە لیوا سە‌ڵاح دیلمانی

 

جارێكیتر برینی دڵمان كولایەوە و لەناخەوە خەم دایگرتین بەهاتنەوەی ساڵیادی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی جوامێر و ئازا و دڵسۆز، كە فەرماندە لیوا سە‌ڵاح دیلمانی و هاوڕێكانی بوون لەسەر خاكی پیرۆزی كەركوك و لە شەڕی دوژمنی دڵ پڕ لە قینی داعش.

 

لیوا سە‌ڵاح پێشمەرگە و لەهەمان كاتدا فەرماندەیەكی پارتیزانی رۆژانی سەختی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە شاخ و چیا سەركەشەكانی كوردستان، لەم كاروانەشدا لێوەشاوەیی و ئازایەتی و قوربانی زۆری پێشكەش كردووە، دڵسۆزی و پەرۆشی بۆ نەتەوە و خاكەكەشی ئەوی لەكوێستانەكانی قەندیلەوە گەیاندە گەرمەسێری عەتشانەی كەركوك و لەوێ تاجی شەهیدبوونی لەسەرنا و چووە دنیای نەمرانەوە.

 

لەساڵیادی شەهید سە‌ڵاح دیلمانی  و هاوڕێكانیدا سەری رێز بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و بۆ كاروانە دورودرێژەكەی شەهیدانی یەكێتی دادەنەوێنین، بەڵێنی درێژەدان بە رێگاكەشیان دووپات دەكەینەوە چونكە وەك هەمیشە مام جەلالی رابەرمان فە‌رموویە‌تی؛ باشترین وەفا بۆ شەهیدان درێژەپێدانی رێبازەكەیانە.

 

درود بۆ گیانی شەهیدی فەرماندە سە‌ڵاح دیلمانی و ھاوڕێكانی و لەسەر هەمان رێچكەی ئەوانیش گفت و بەڵێن دەدەین تا دواوێستگە شەڕی تیرۆر بكەین و بەیارمەتی دۆستان و هاوپەیمانەكانمان، كۆتاییهێنان بەمەترسی داعش پاش تێكشكاندنی سەربازیی ئەو رێكخراوە تیرۆریستە، بكەینە ئەركی لەپێشینەی خۆمان.

 

رێزی زۆرم قبوڵ بفەرموون

براتان

قوباد تاڵەبانی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved