| ||
|
||
قوباد تاڵه‌بانی: خه‌ڵكی ئێمه بێزارن له شه‌ڕه قسه‌و پاڵه‌وانبازی
. قوباد تاڵه‌بانی پیرۆزبایی جه‌ژنی ره‌مه‌زان ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: جه‌ژن ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ لێبورده‌یی و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه: كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان... ھاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له ھه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت، جه‌ژن ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ لێبورده‌یی و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی به ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕۆن خه‌ریكه خۆشی و شادی جه‌ژن له گه‌له‌كه‌مان تێكبده‌ن و نه‌ھێڵن وه‌ك جاران تامی بكات. خه‌ڵكی ئێمه وه‌ڕه‌س بوون له ململانێ، بێزارن له شه‌ڕه قسه و پاڵه‌وانبازی، یه‌كێتی و پارتی و حیزبه كوردییه‌كانیتر شه‌ڕ و ئاشتی، ناكۆكی و كاری پێكه‌وه‌ییان وه‌ك یه‌ك ئه‌زموون كردووه، ئیتر دوای ئه‌م ھه‌موو ساڵه ده‌بێت له‌وه تێگه‌یشتبێتین كه ھێز له پێكھاتندایه نه‌ك له‌شه‌ڕه لێدوان و قوڵكردنی زیاتری ناكۆكییه‌كان.
خه‌ڵكی كورد له كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانیتر له دۆخێكی یه‌كجار خراپ و دژوار‌دا ده‌ژین و ھه‌ست به ئاسایش و ئارامی ناكه‌ن، رۆژانه ھه‌راسان ده‌كرێن و به‌ره‌نگاری توندڕه‌وی و حوكمی چه‌ك ده‌بنه‌وه، كه‌چی ھه‌موو شه‌ڕه‌كه له دانانی پارێزگارێك و كێشه‌ی كاندیدی ئه‌م پۆسته‌دا چڕ كراوه‌ته‌وه كه به‌شێكی بچووكه له كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئه‌و ناوچانه به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق.
له سۆنگه‌ی ھه‌ست كردنم به مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دۆخه و وه‌ك به‌جێھێنانی ئه‌ركی خۆم داوا له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی ده‌كه‌م ئه‌م جه‌ژنه كه بۆنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێبورده‌یی و گه‌ردن ئازادییه وه‌ك ده‌رفه‌تێكیتری خێرا‌و نوێ بڕه‌خسێنن بۆ پێكھاتن و تێپه‌ڕاندنی تارمایی لێكترازان.
دووباره جه‌ژن پیرۆز بێت و خۆشی و شادی ھه‌میشه میوانی ماڵه‌كانتان بێت..
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved
|
||