| ||
|
||
كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی پێشه‌وای نەمر قازی محه‌مه‌د
له به‌ره‌به‌یانی ١٠ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٢٦ی هه‌تاوی" ٣٠/٣/١٩٤٧ " دا پێشه‌وا قازی, حه‌مه‌حوسێن خان سه‌یفی قازی(ئامۆزای پێشه‌وا) و ئه‌بولقاسم سه‌دری قازی برای پێشه‌وا" به دوای حوكم دران له‌دوو دادگای ناعادلانه‌و فه‌رمایشی‌دا به‌ده‌ستی چه‌په‌ڵی دوژمنانی گه‌لی كورد له چوارچرای شاری مه‌هاباد, واته هه‌ر له‌و شوێنه‌ی كه ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤هه‌تاوی"٢٢/١/١٩٤٦"دا كۆماری كوردستانی لێ راگه‌یه‌ندرابوو, له سێداره دران‌و شه‌هید كران‌و هه‌ر ئه‌و رۆژه له‌سه‌ر شان‌و پیلی خه‌ڵكی به شه‌ڕه‌فی مه‌هاباد له گۆرستانی مه‌لا جامی به خاكی پیرۆزی نیشتمان سپێردران . حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له‌١٠ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٥٨هه‌تاوی (٣٠/٣/١٩٧٩) ئه‌و رۆژه‌ی وه‌ك رۆژی شه‌هیدانی كوردستانی راگه‌یاند. ئه‌گه‌ر پێش ئه‌و ده‌م, له‌به‌ر زه‌خت‌و زۆری به‌كرێگیراوانی شای دیكتاتۆر مه‌جالی به‌ڕێوه‌بردنی رێوره‌سم به‌و بۆنه‌یه‌وه نه‌بوو, به‌ڵام به دوای رووخانی حكوومه‌تی پاشایه‌تی‌دا به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه حیزب ئه‌م رۆژه‌ی به‌و ناوه ناودێر كرد, هه‌موو ساڵێ له وه‌ها رۆژێك دا رێز له شه‌هیدان‌و سه‌رقافله‌یان پێشه‌وا قازی ده‌گیرێ. راسته پێشه‌وا قازی سه‌ركۆماری كوردستان‌و به‌دیمه‌نترین كه‌سایه‌تیی موكریان بوو و له هه‌موو ناوچه‌كان نێو به‌ده‌ره‌وه‌و ناسراو بوو, به‌ڵام تا چه‌ند ساڵ دوای شه‌هید كرانیشی بۆ گه‌لی كورد به تێكڕا به‌و شێوه‌یه كه ده‌بێ بناسرێ نه‌ناسرابوو, یا ئه‌گه‌ر ناسرابووش ئه‌ورێزه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا لێی ده‌گیرێ لێی نه‌ده‌گیرا. پێویسته زۆر له‌وه زیاترلێ كۆلینه‌وه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی پێشه‌وا بكرێ تا به‌و جۆره‌ی شیاوی ئه‌وه, بناسرێ. قازی محه‌ممه‌د كوڕی قازی عه‌لی, كوڕی میرزا قاسم قازی‌یه. رابردووی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له شاری سابڵا‌غ بۆ چوار سه‌ده پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وان نه ته‌نیا له‌لای خه‌ڵك به‌ڵكوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌رپرسانی حكوومه‌تییش, جێگه‌ی رێز‌و ته‌قدیر بوون. قازی عه‌لیی باوكی پێشه‌وا, له ١٩٣٠ له مه‌هاباد رێكخراوێكی كوردیی به ناوی "بزووتنه‌وه‌ی محمد" پێك هێنا. ناوبراو له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی شێخ محه‌مه‌د خیابانی له ته‌ورێز پێوه‌ندی‌یان هه‌بوو, تا ساڵی ١٩٣٤یش كه فه‌وتی كردوه له‌سه‌ر ئه‌و كاره به‌رده‌وام بووه. قازی عه‌لی, دوو كوڕی هه‌بووه, یه‌كیان ئه‌بولقاسم قازی ناسراو به سه‌دری قازی بووه كه یه‌ك دوو ده‌وره له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه كراوه‌ته نوێنه‌ری مه‌جلیس‌و ئیعتیبار‌و نفووزێكی تایبه‌تی هه‌بووه. دوای ته‌واوبوونی ده‌وره‌كه‌شی له‌سه‌ر راسپارده‌ی پێشه‌وا, بۆ راپه‌راندنی كاره سیاسی‌یه‌كان‌و یاریده‌دانی خه‌ڵك هه‌ر له تاران مابۆوه. قازی محه‌ممه‌دیش كه ساڵی ١٩٠٠ی زایینی له‌و بنه‌ماڵه به فه‌رهه‌نگه‌دا له‌دایك بووه, هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوی‌یه‌وه هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی تێدا به هێز بووه‌و زۆری عه‌لاقه به خوێندنی علوومی كۆن‌و تازه هه‌بووه‌و زۆر زوو له‌م باره‌یه‌وه پێ‌گه‌یشتوه‌و زۆری هه‌وڵ داوه زمانی بێگانانیش فێر بێ. جگه له عه‌ره‌بی‌و فارسی‌و كوردی ده‌گه‌ڵ زمانی فه‌رانسه‌یی‌و ئینگلیسی‌و تا راده‌یه‌كیش رووسی ئاشنایه‌تیی هه‌بووه. قازی محه‌ممه‌د زۆری حه‌ز به تێكه‌ڵاوی ده‌گه‌ڵ ئه‌هلی فه‌زل‌و زانایانی زه‌مان‌و پیاو چاكان‌و كوردانی نیشتمانپه‌روه‌ر‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان هه‌بووه. به دوای فه‌وتی باوكی‌دا بووه به قازیی شار. له به‌ر ئۆگریی زۆر به كاری فه‌رهه‌نگی‌و به‌ره‌و ژوور بردنی زانیاریی خه‌ڵك, له ساڵه‌كانی به‌ر له ١٩٤١و دواتریش بۆ یه‌ك دوو ساڵ به‌رپرسایه‌تیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ‌و ئه‌وقافی شاری مه‌هابادی به ئه‌ستۆوه گرتوه‌و خزمه‌تی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگیی كردوه‌و له كاتی به‌رپرسایه‌تیی ئه‌ودا, یه‌كه‌م مه‌دره‌سه‌ی كچان له مه‌هاباد كراوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌ش دا ده‌گه‌ڵ زۆربه‌ی خوێندكاران, رۆشنبیران‌و مامۆستاكان زۆر نزیك بووه. قازی محه‌ممه‌د حورمه‌تی تایبه‌تیی بۆ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ژـ ك هه‌بووه. له چه‌ند ساڵ ده‌وره‌ی بێ حكوومه‌تییش دا واته ١٩٤١ تا ١٩٤٥ كه كۆماری كوردستان پێك هاتوه, له به‌ڕێوه‌چوونی كار‌وباره‌كان دا‌و به تایبه‌تی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه عه‌شیره‌یی‌یه‌كان‌دا نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بووه. زۆر له دامه‌زرێنه‌رانی ژـ ك راوێژیان له‌گه‌ڵ كردوه‌و زۆریان خۆش ویستوه‌و گه‌لێكیان هه‌وڵ ده‌گه‌ڵ داوه تا ببێته ئه‌ندامی ژ ـ ك. زۆر له گرێوگۆڵی كاری رۆژانه‌ی خه‌ڵك له دیوانی ئه‌ودا كه "مه‌حكه‌مه‌یان" پێ‌گوتوه, كراونه‌وه. قازی له روانگه‌ی نوێنه‌رانی بیگانه‌شه‌وه كه ئه‌وكات ئێرانیان له‌نێو خۆیان دا دابه‌ش كردبوو حورمه‌تی تایبه‌تیی هه‌بووه. هه‌ر كه‌س چۆته مه‌هاباد تێكۆشاوه به‌ر له هه‌موو كه‌س چاوی به ناوبراو بكه‌وێ. بانگ كرانی بۆ سۆڤیه‌ت هه‌ر له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا بووه, كه ده‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێكی گه‌وره چۆته باكۆ. قازی محه‌ممه‌د كه بوو به ئه‌ندامی "كۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ ك"و ناوی نهێنیی "بینایی" بۆ دانرا, ئومێدێكی زیاتری به به‌رپرسان‌و خه‌ڵك دا. له ئاكامی ده‌ركی به وه‌خت‌و شه‌هامه‌تی سیاسیی ئه‌و و به قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنی به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه‌دا بوو كه "ژـ ك" بوو به "حیزبی دێمۆكراتی كوردستان"و وه‌ك حیزبێكی دێمۆكرات‌و پێشكه‌وتوو ده‌ستی كرد به تێكۆشان. قازی له‌به‌ر حورمه‌تی تایبه‌تی كه بۆ "ژـ ك"ی هه‌بوو, رۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێمۆكراتیشی هه‌ر به ٢٥ی گه‌لاوێژ رۆژی دامه‌زرانی ژـ ك دانا‌و هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رنجی زۆربه‌ی نیزیك به ته‌واوی به‌رپرسانی بۆ تێكۆشان له نێو حیزبی دێمۆكراتی كوردستان راكێشا. حیزب زۆر به توندی په‌لوپۆی هاویشت‌و تێكۆشانی له هه‌موو ناوچه‌ی ئازادی كوردستان دا په‌ره‌ی سه‌ند. قه‌یرانی به زۆر لكاندنی كوردستانی به ئازه‌ربایجانه‌وه‌ی ره‌واندوه‌و ناچاری كردن كردن حیسابی جیاواز بۆ كوردستان بكه‌ن. به دوای به‌ستنی یه‌كه‌م كۆنگره‌دا, له ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ی هه‌تاوی٣٠/٣/١٩٤٦ دا به به‌شداریی نوێنه‌ری پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌و مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و نوێنه‌رانی هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی كوردستان پێكهاتنی یه‌كه‌م كۆماری كوردستانی راگه‌یاند. ئه‌گه‌ر تا ئه‌وده‌م جارجار له رۆژنامه‌ی "كوردستان"دا به ناوی پێشه‌وا باسی لێ ده‌كرا, له دوای دامه‌زرانی كۆماره‌وه به شێوه‌ی ره‌سمی عینوانی پێشه‌وایی پێ به‌خشرا‌و ئه‌و ناوه تا ئێستاش له‌نێو كۆڕ‌وكۆمه‌ڵی خه‌ڵك دا هه‌ر باوه. پێشه‌وا مرۆڤێكی گه‌لێك به فه‌رهه‌نگ, دڵساف, خۆش به‌یان, ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر دۆست, به راوێژ‌و له عه‌ینی كات دا سیاسی‌و دێمۆكراتێكی نیشتمانپه‌روه‌ر‌و گه‌ل خۆشه‌ویست بوو, له‌گه‌ڵ هه‌موو چین‌و توێژێك جۆشی ده‌خوارد‌و له كاتی پێویست دا له هه‌ست‌و هێزیان كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت. قازی محه‌ممه‌د برایه‌تی‌و یه‌كگرتوویی كوردی پێ گه‌وره‌ترین هۆی سه‌ركه‌وتن بوو. هه‌ربۆیه له زۆربه‌ی وتاره‌كانی كه له رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی ئه‌وكات دا چاپ كراون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كیه‌تی‌و برایه‌تی دواوه‌و به مه‌رجی سه‌ركه‌وتن‌و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار‌و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانی‌دا زانیوه. هه‌رچه‌ند ده‌یزانی دوژمنه‌كانی كورد راست ناكه‌ن به‌ڵام له وتووێژدا زۆر به راشكاوی رای‌ده‌گه‌یاند كورد حه‌ز ده‌كا له رێگای ئاشتی‌یه‌وه به مافی خۆی بگا, به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌وه‌ی بۆی بكرێ ده‌ی‌كا. ئه‌وه‌ی پێویست بوو زۆر به راشكاوی به شا‌و قه‌وامی راگه‌یاندوه, قامكی له‌سه‌ر زه‌عفه‌كانیان به‌رانبه‌ر به گه‌لی كورد داناوه. به ئاشكرا پێی گوتون, ئێوه له قسه‌كانی خۆتان دا دوو دڵن‌و ناتانه‌وێ مه‌سه‌له‌ی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. كاتێك پێشه‌وا له‌لایه‌ن "قوام السلگنه" بۆ تاران ده‌عوه‌ت ده‌كرێ‌و له رێكه‌وتی ٢٨ی ژوئه‌نی ١٩٤٦ ده‌چێته تاران, له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران, نوێنه‌رانی پارلمان‌و نوێنه‌ری كورده‌كانی تاران‌و نوێنه‌ری حیزبه‌كان‌و یه‌كیه‌تیی كرێكاران له فرۆكه‌خانه پێشوازیی لێده‌كرێ. رۆژنامه‌ی "ایران ما" هه‌ر ئه‌وكات ده‌نووسێ: "ئێستا كه قازی محه‌ممه‌د له تارانه‌و ئازادیخوازان چاویان پێی كه‌وتوه, ده‌رده‌كه‌وێ كه بیر‌وڕای ئه‌و به‌رقه‌راریی ئازادی‌و دێمۆكراسی له ته‌واوی ئێران دایه‌و, مافی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئینسانی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له گۆڕێ دایه. هه‌ر كارێكی به سوودی دێمۆكراسی بێ له‌لایه‌ن پێشه‌وای كوردستانه‌وه به دڵه‌وه پێشوازی لێ ده‌كرێ. هیوادارین جه‌نابی قه‌وام له‌و سه‌فه‌ره مێژوویی‌یه كه‌ڵك وه‌رگرێ." ئه‌و له كاتی ماڵئاوایی له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا ده‌ڵێ: "من خۆم فیدای خه‌ڵكی ده‌كه‌م‌و هیچ كات وه‌ك پیشه‌وه‌ری‌و سه‌رانی ئازه‌ربایجان ناكه‌م تا وڵاته‌كه‌م له خوێن دا شه‌ڵاڵ بێ‌و هه‌زاران كه‌س به كوشت بچن." پێشه‌وا‌و هاوڕێیانی ئه‌وه‌نده‌ی له ماوه‌ی یازده مانگی كۆماردا هه‌وڵیان دا, هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش له‌و دادگا فه‌رمایشی‌یانه‌ی بۆ موحاكه‌مه كردنیان دانرا بوو, له خۆبردوویی‌و ئازایه‌تی‌یان له خۆیان نیشان داوه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ناره‌حه‌تیی ده‌روونی‌و ئه‌و ژیانه تاڵه‌ی كه له به‌ندیخانه‌ی پادگانی مه‌هاباددا بۆیان پێك هاتبوو, نه ته‌نیا بڕوایان بهكوردایه‌تی‌و رزگاری لاواز نه‌بوو به‌ڵكوو زۆر جیددیتر‌و به وره‌تر ببوون. ئه‌وان له مولاقاتێكی نهێنی‌دا كه له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو مرۆڤی جێی باوه‌ڕ بوویانه, فه‌رموویانه: "ئێمه‌یان فریودا, با نه‌ته‌وه‌ی كورد فریو نه‌خوا‌و خه‌باتی خۆی بۆ رزگاری‌و سه‌ربه‌ستی درێژه بدا‌و چه‌ك دانه‌نێ". هه‌روه‌ها گوتبوویان كه زۆریان زه‌خت خستووینه سه‌ر تا نامه‌یه‌ك بۆ مه‌لا مسته‌فا بنووسین ده‌ست هه‌ڵ‌بگرێ. به‌ڵام ئێمه نه‌ته‌نیا شتی وا نانووسین به‌ڵكوو پێمان وایه ئه‌وه‌ی بۆی ده‌كرێ ده‌بێ ده‌گه‌ڵ ئه‌و ناپیاوانه بیكا. ئازایه‌تی‌یان له دادگاكان دا به راده‌یه‌ك بووه كه ئه‌فسه‌ره‌كان سه‌ریان سوڕماوه. له راستی‌دا ئه‌و دادگایه ئه‌مریكا‌و ئینگلیسیشی له پشت بوو. هه‌رچه‌ند جگه له كاربه‌ده‌ستانی خۆیان كه‌سی غه‌ریبه‌ی لێ نه‌بووه, به‌ڵام هه‌ر له رێگای ئه‌وانه‌وه زۆر شت بڵاو بۆته‌وه كه پێویسته بیزانین. پێشه‌وا هه‌ر جارێك له‌و دوو جاره كه به ناو دادگایی كراوه زیاتر له چوار سه‌عات قسه‌ی كردوه‌و به قه‌ولی سه‌روان شه‌ریفی كه وه‌كیلی بووه "ئه‌وه قازی محه‌ممه‌د بووه كه حكوومه‌تی موحاكه‌مه كردوه‌و له هه‌موو بوارێكه‌وه هێناویه‌ته ژێر پرسیار". رۆژنامه‌ی "ئازادی" كه له‌و سه‌رده‌م دا له به‌غدا به زمانی كوردی ده‌رده‌چوو, له‌مه‌ر پشتگیریی ئه‌مریكا‌و ئینگلیس له‌و موحاكه‌مه‌یه نوسیبووی: "ئیستیعماری ئینگلیس‌و ئه‌مریكا له وجوودی قازی محه‌ممه‌د وهاوڕێكانی‌دا دوژمنی هه‌ره سه‌رسه‌ختی خۆیان ده‌دی. ئومێدیان هه‌بوو بتوانن به چۆكیان دابێنن‌و له به‌ندیخانه‌ش نوێنه‌ره‌كانیان چوون ده‌گه‌ڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای خۆیانیان رابكێشن, به‌ڵام هیچ كات سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. دواتریش رۆژنامه‌ی "ئازه‌ربایجان" له باكۆ نوسیبووی قازی محه‌ممه‌د به نوێنه‌ری ئه‌مریكا (جورج ئالێن)ی گوتبوو, گه‌لی كورد چاوه‌ڕوانیی هیچ چاكه‌یه‌كی له وڵاتانی ئیستیعماری نیه. "نه‌جه‌فقولیی په‌سیان" وته‌كانی پێشه‌وا له دادگادا له چه‌ند رسته‌دا خولاسه ده‌كاته‌وه‌و ده‌نووسێ: "له كاتی موحاكه‌مه‌دا قازی محه‌ممه‌د په‌لاماری ده‌برده سه‌ر سیاسه‌ت‌و ئاكاری ده‌وڵه‌تی تاران‌و ده‌یگوت: "من له قوژبنی گرتووخانه ده‌نگی خۆم به‌رز ده‌كه‌مه‌وه له دژی ده‌وڵه‌تی تاران‌و سه‌رۆكه‌كانی‌و ده‌ڵێم تاوانبار ئێوه‌ن نه‌ك ئێمه. ئێوه وڵاتتان لێ داگیركردووین" رۆژنامه‌نووسێكی دیكه به نێوی "سلیمان.خ" له نووسراوه‌كانی‌دا ده‌ڵێ, قازی گوتی: "ته‌واوی ئه‌م به‌سه‌رهات‌و رووداوانه ئاكامی سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌ته. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ته‌واوی كوردان به‌خائین ده‌زانێ با ده‌ست له‌و مه‌ڵبه‌نده هه‌ڵ‌بگرێ, ئه‌گه‌ر به نیشتمانپه‌روه‌ریشیان ده‌زانێ با لێ بگه‌ڕێ خۆیان كاروباری خۆیان بگرنه ده‌ست." له به‌ڵگه‌و رۆژنامه‌كانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی پێشوودا زۆر شت له‌م بابه‌تانه نووسراون‌و له زمان ئه‌فسه‌ره ئێرانی‌یه‌كانه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه قازی گوتویه: "ئه‌و رووداوانه له ئاكامی ئه‌وه‌ی دابووه كه ئێوه خۆتان قانوونی بنه‌ڕه‌تیتان له ژێر پێ ناوه. ئێستاش من ته‌نیا خۆم په‌ره‌پێده‌ری دێمۆكراسی له كوردستانم‌و هیچ هێزێكی بیگانه منی هان نه‌داوه. بێ‌به‌شیی كورد منی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كارانه هان داوه." كاتێك سه‌رۆكی دادگا یا دادستان به خه‌یانه‌ت تاوانباری ده‌كا له وه‌ڵام دا ده‌ڵێ: "ئێره ماڵی منه, خاكی كوردستان خاكی باب‌و باپیر‌و ئه‌جدادی منه چۆن ده‌توانم ده‌ستی لێ هه‌ڵ‌گرم." ئه‌گه‌ر موحاكه‌مه‌ی یه‌كه‌م له ١٩ی مانگی ژانویه ده‌ستی پێ‌كرد‌و چه‌ند رۆژی خایاند‌و حوكمی ئیعدامی قازییهكانی دا, موحاكه‌مه‌ی دووهه‌م له ٢٨ی مارسی ١٩٤٧ واته ٧ی خاكه‌لێوه ده‌ستی پێ‌كرد‌و رۆژی ٣٠ی مارس كۆتایی پێ‌هات. گۆڤاری "خه‌باتی قوتابیان" ژماره ٣٧ له‌م دوایانه‌دا له زمان سه‌روان كیومه‌رس سالحی هه‌واڵنێری گۆڤاری ئه‌رته‌ش كه له دادگاكه‌دا بووه‌و دوایه له‌سه‌ر نووسینی راپۆرتێك له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ده‌گیرێ‌و ساڵێك ده‌به‌ندیخانه‌دا ده‌مێنێته‌وه, هێندێك رسته له وته‌كانی پێشه‌وای بڵاو كرده‌وه. پێشه‌وا فه‌رموویه: "من له زووه‌وه خۆم بۆ ئه‌وه ئاماده كردوه, به باوه‌شی ئاواڵه‌وه پێشوازی له‌و مردنه سه‌ربه‌رزانه‌یه ده‌كه‌م كه له رێگای ئازادیی میلله‌ته‌كه‌م دا ده‌كوژرێم. ئه‌وه به‌ڵێنێكه كه به نه‌ته‌وه‌كه‌مم داوه له‌گه‌ڵیان بژیم‌و بۆ ئه‌وانیش بمرم, تازه چۆن ئاماده‌م به‌ڵێنی خۆم بشكێنم. سه‌روان كیومه‌رس هه‌روه‌ها ده‌نووسێ: "من له زۆربه‌ی دادگاكانی مه‌یدانی‌و سه‌ربازی وه‌ك هه‌واڵنێر به‌شداریم كردوه به‌ڵام هه‌رگیز هیچ كه‌سێكم به راده‌ی قازی محه‌ممه‌د به جه‌رگ‌و بوێر نه‌دیوه. ئه‌و له كاتی دادگایی‌كردن دا نه‌یده‌زانی ترس چیه. زۆر به بێ‌باكی قسه‌ی ده‌كرد‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه." هه‌ر ئه‌و به جه‌رگی‌و له‌خۆبردوویی‌یه‌ش بوو كه له پای سێداره ئیزنی نه‌دا چاوی ببه‌ستن‌و فه‌رمووی: "حه‌ز ده‌كه‌م له ئاخرین چركه‌ی ژیانیشم دا به سه‌ربه‌رزی‌و چاوی كراوه‌وه له نیشتمانی خۆشه‌ویستم بروانم." هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: "ئێوه قازی محه‌ممه‌دێك ده‌كوژن به‌ڵام بزانن له هه‌ر تنوكه خوێنێكی من قازی محه‌ممه‌دێك شین ده‌بێته‌وه. داوا له گه‌لی كورد ده‌كه‌مخه‌باتی خۆی له‌پێناو رزگاریی كوردستان دا په‌ك نه‌خا, باوه‌ڕ به ده‌وڵه‌تی خۆفرۆشی تاران مه‌كه‌ن. بژی كورد‌و كوردستان". وه‌سێتنامه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د كه‌یومه‌رس ساڵح** ده‌نووسێ: بۆ ته‌واوكردنی راپۆرت چوومه به‌ندیخانه. كاتێك له‌ته‌ك یه‌كێك له ئه‌فه‌سه‌ركان‌دا چوومه نێو به‌ندیخانه، قازی محه‌ممه‌د خه‌ریكی نوێژكردن بوو، ئه‌فسه‌ری ئاماژه پێ‌كراو هه‌واڵی به‌ڕێكردنی قازییهكانی بۆ تاران پێیان گه‌یاند. سه‌در‌و سه‌یفی قازی زۆر خۆشحاڵ بوون، به‌ڵام قازی محه‌ممه‌د له بوون‌و راگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌ی ئێمه چووكه‌ترین ئاڵوگۆڕێكی له خۆی نیشان نه‌دا. قازییه‌كان كه‌لوپه‌له‌كانیان كۆكرده‌وه‌و داوایان له ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی كرد بۆ دابینكردنی خه‌رجی سه‌فه‌ر له ماڵه‌وه‌یان پووڵیان بۆ بێنن به‌ڵام ناوبراو وتی به‌رپرسایه‌تیی سه‌فه‌ره‌كه‌و دابینكردنی تێچووی له ئه‌ستۆی سوپایه. هه‌ركام له قازییه‌كان له‌گه‌ڵ ده سه‌ربازی چه‌كداردا، سواری ماشینێكی نیزامی بوون. عه‌سری هه‌ر ئه‌و رۆژه رێوشوێنه‌كانی یاساغبوونی هاتووچۆ‌و حكوومه‌تی نیزامی له مه‌هاباددا راگه‌یاندران. له گۆڕه‌پانی چوارچرادا خانوویه‌كی سێ‌قات هه‌بوو كه ده‌رگایه‌كی به‌ره‌وڕووی گۆڕه‌پانه‌كه ده‌كرایه‌وه. له رۆژێك له‌مه‌وپێشه‌وه ئه‌م ماڵه به بیانووی جێگیركردنی كاتیی شاندی نێردراو چۆڵ‌كرابوو. ماشینی قازی محه‌ممه‌د كه له پێش دوو ماشینی دیكه‌وه ده‌چوو له مه‌یدانی چوارچرادا وه‌ستا. قازی محه‌ممه‌د پرسی بۆ لێره‌دا رادوه‌ستن؟ ئه‌فسه‌ره‌كه وه‌ڵامی دایه‌وه: سه‌ره‌تای چوونی ئێوه بۆ تاران، لێره‌وه‌یه. كاتێك قازی محه‌ممه‌د له ماشین دابه‌زی‌و چووه داڵانه‌كه‌وه، دادستان نیكوزاد‌و چه‌ند سه‌ربازی چه‌كداری له ته‌ك سه‌رۆكی بێهداشت كه تازه له تارانه‌وه هاتبوو، دی له‌سه‌ر مێزێك قورئانێك دانرابوو. دادستان سه‌رهه‌نگ نیكوزاد حوكمی دادگای خوێنده‌وه‌و به قازیی راگه‌یاند حوكم هه‌رچی خێراتر ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێ. سه‌رهه‌نگ نیكوزاد به قازی وت: هه‌رچی خێراتر وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ك داڕێژن. قازیش زوو له پشتی مێزدا دانیشت‌و نووسینی وه‌سیه‌تنامه‌ی ده‌ست پێ‌كرد. له ماوه‌یه‌كی كورت‌دا چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی نووسی به‌ڵام زوو ماندوو بوو‌و داوای له مه‌لا مه‌هابادییه‌كان كرد وته‌كانی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا بنووسن. قازی محه‌ممه‌د زۆر له‌سه‌ره‌خۆ قسه‌ی ده‌كرد: فڵان زه‌وی‌و فڵان شوێن‌و فڵان مزگه‌وت‌و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه دامه‌زرێنن تا داهاتووان كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رگرن. كاتێك وه‌سیه‌تنامه‌كه ته‌واو بوو، 2:30 به نوێژخوێندن‌و "راز‌و نیاز" له‌گه‌ڵ خودا تێ‌په‌ڕی. دادستان به ته‌واوی له درێژه‌كێشانی نوێژی قازی محه‌ممه‌د تووڕه ببوو. پاش ته‌واو بوونی "راز‌و نیاز"، قازی داوای له دادستان كرد بابه‌تگه‌لێكی دیكه به ناوی خه‌ڵكی كوردستان به وه‌سیه‌تنامه‌كه زیاد بكا. دادستان بڕیاری‌دا پێنووس‌و كاغه‌ز ئاماده بكه‌ن. قازی محه‌ممه‌د به مه‌لای وت هه‌رچی ده‌یڵێم بینووسه. مه‌لا وه‌ڵامی دایه‌وه قوربان چی بنووسم؟ ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم بینووسه. كه‌یومه‌رس ساڵح له درێژه‌دا ده‌ڵێ: قازی محه‌ممه‌د بابه‌ته‌كانی به فارسی ده‌ربڕی‌و داوای له مه‌لا كرد به كوردی بیان نووسێ. مه‌لا وتی: به كوردی نازانم بنووسم. قازی محه‌ممه‌د به ناڕه‌حه‌تییه‌وه وتی: ئه‌مه‌ش یه‌كێكی‌تر له مه‌ینه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد"و ده‌ستی كرد به نووسین". بسم الله الرحمن الرحیم نه‌ته‌وه‌ی زۆر لێ‌كراو، بێ‌به‌ش‌و چه‌وساوه‌ی كورد! برایانی به‌ڕێز! له دوایین ساته‌كانی ژیان‌دا بابه‌تگه‌لێتان وه‌ك ئامۆژگاری پێ ده‌ڵێم. بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست له دوژمنیی یه‌كتر هه‌ڵ‌گرن، یه‌ك بگرن‌و بۆ پشتیوانی له یه‌كتر هه‌ڵ‌سن، له به‌رابه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن، خۆتان به نرخێكی كه‌م به دوژمنه‌كان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به قازانجه‌كانی ئێوه‌ی ده‌وێ.. پاش ئه‌وه ئیتر زیاتر له تڵپه‌یه‌ك نین. دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زۆردان، نامه‌رد‌و بێ‌ویژدانن، رازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كیه‌تیی‌و پێكه‌وه بوونه. ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویستی به پشتیوانیی گشت نه‌ته‌وه‌كه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی یه‌كنه‌گرتوو هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵات‌دایه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی كورد شتێكتان له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كه‌م نیه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه پیاوه‌تی، غیره‌ت‌و ئازایه‌تیی ئێوه فره زۆرتره. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له به‌ندی دیلی رزگاریان بووه یه‌كگرتوو بوون‌و ته‌واو. ئێوه‌ش ده‌توانن به یه‌كگرتوویی‌و هاوپێوه‌ندی زه‌نجیری دیلێتی پچڕێنن. ئێره‌یی، خه‌یانه‌ت‌و خۆفرۆشی وه‌لانێن. ئیتر فریوی دوژمنان مه‌خۆن. دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر تاقم‌و گرووپ‌و ره‌نگ‌و ره‌گه‌زێك، هه‌ر دوژمنه، بێ به‌زه‌یی‌و ویژدانه. ئێوه له‌گیان یه‌ك به‌رده‌دا تا به قازانجه‌كانی خۆی بگا، به به‌ڵێنیگه‌لی درۆزنانه، ئێوه ده‌خڵه‌تێنێ. له ئیسماعیل ئاغای شكاك تا جه‌وهه‌رئاغای برای‌و حه‌مزه‌ئاغای مه‌نگوڕ‌و چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێكی دیكه، فریوی ئه‌م زۆرداره مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه شه‌هیدكران. هه‌موویانیان به قورئان‌و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه كه‌ی له قورئان‌و سوێند تێ‌ده‌گه‌ن، وه‌فا له لای ئه‌م كۆمه‌ڵه، شمه‌كی بازاڕه. له رێگه‌ی خودا‌و بۆ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌كتر چۆڵ مه‌كه‌ن‌و یه‌كگرتوو بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ به‌ژه‌هره. فریوی سوێنده درۆزنه‌كانی مه‌خۆن. ئه‌گه‌ر هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره هیچ ئامانجێكیان جیا له له‌نێوبردنی ئێوه نیه. له دوایین كاتژمێره‌كانی ژیانم‌دا خودا به شایه‌تی ده‌گرم كه له رێگای ئازادی‌و به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌دا گیان‌و ماڵی خۆم به‌خت كرد‌و له هیچ هه‌وڵێك كۆتاییم نه‌كرد. له لای ئه‌مانه، كوردبوونی ئێوه تاوانه، سه‌رو گیان‌و ماڵ‌و شه‌ره‌فی ئێوه له لایان حه‌ڵاڵه. ئه‌وان چونكه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا ناتوانن له به‌رانبه‌ر ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه هانا بۆ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه ده‌به‌ن. شا‌و ده‌ست‌و پێوه‌ندییه‌كانی به جاران په‌یامیان نارد كه بۆ وتووێژ ئاماده‌ن‌و مه‌یلی خوێن رشتنیان نیه، به‌ڵام من ده‌مزانی ئه‌وان درۆده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشی‌و فریوخواردوویی هێندێ له سه‌رۆك عه‌شیره‌كان نه‌بووایه، كۆمار هیچكات شكستی نه‌ده‌خوارد. وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م منداڵه‌كانتان فێری زانست‌و عیلم بكه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شتێكی له نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان كه‌م نیه، جیا له زانست‌و عیلم. فێری زانست بن تا له كاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌كه‌ون. زانست، چه‌كی له‌نێوبردنی دوژمنانه، دڵنیابن ئه‌گه‌ر به دوو چه‌كی یه‌كیه‌تی‌و زانست پۆشته ببن، دوژمنان كارێكیان بۆ ناچێته پێش. ئێوه نابێ به مردنی من‌و براكان‌و ئامۆزاكانم ترس بچێته دڵتانه‌وه. هێشتا قاره‌مانگه‌لێكی زۆر ده‌بێ گیان فیدا بكه‌ن تا داری ئازادیی كوردستان بگاته به‌رهه‌م. دڵنیام پاش ئێمه‌ش قاره‌مانگه‌لێكی دیكه هه‌ن كه فریوبخۆن، به‌ڵام هیوادارم مه‌رگی ئێمه ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتگیڕانی ئازادیی كوردستان. وه‌سیه‌تێكی دیكه‌م بۆ دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه. له خودای گه‌وره داوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی خۆتان بكه‌ن. شایه‌ت له خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌كه‌وتم؟ له وه‌ڵام دا ده‌بێ بڵێم به خودا سه‌ركه‌وتووی راسته‌قینه منم. چ نێعمه‌تێك له‌وه سه‌رتره كه سه‌رو ماڵ‌و گیانم له رێگای نه‌ته‌وه‌و نیشتمانم دا به‌خت بكه‌م. باوه‌ڕ بكه‌ن من جاران داوام له خودا كردوه ئه‌گه‌ر بمرم به شێوه‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست بده‌م كه به روومه‌تی سووره‌وه له لای خودا‌و پێغه‌مبه‌ر‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م دا ئاماده بم. وه‌ها مردنێك سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه‌یه. خۆشه‌ویستانم! كوردستان، نیشتمانی كورد‌و ماڵیه‌تی. هیچ كه‌سێك مافی ئێره‌یی‌و به‌خێڵی نیه هه‌موو له ماڵی خۆیان‌دا ئازادن. هه‌رچی له ده‌ستتان دێ بۆ ئازادیی كورد كۆتایی مه‌كه‌ن. ئیتر نابێ له‌سه‌ر رێگای ئه‌و كه‌سانه‌دا كه به‌رپرسایه‌تی ده‌گرنه ئه‌ستۆ راوه‌ستن. له به‌رد خستنه رێگه ده‌ست هه‌ل‌َگرن‌و ئه‌ركه‌كانتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه‌ببه‌ن. دڵنیابن براكورده‌كه‌تان له دوژمنی بێگانه زۆر باشتر. ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه ئێستا له پای چێوه‌ی داردا نه‌بووم و له لای بنه‌ماڵه‌كه‌م رۆژه‌كانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌ركی من، به‌رزترین ئامانجم بوو و، تا پێی گیان راوه‌ستام. به هیوای خوداوه‌ندی گه‌وره، له ئاكام‌دا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رده‌كه‌ون. ١/ بڕواتان به خودا‌و ماجا‌و من عندالله و پێغه‌مبه‌ری ئه‌كره‌م 'ص' هه‌بێ‌و ئه‌ركه دینییه‌كانی خۆتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن. ٢/ یه‌كیه‌تی‌و هاوپێوه‌ندی، ره‌مزی سه‌ركه‌وتنه. ئێره‌یی و خۆفریودان وه‌لابنێن و له وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی‌و خزمه‌تكردن‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كێ‌به‌ركێ بكه‌ن. ٣/ زانست‌و ئاگایی خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ تا فریوی دوژمنان نه‌خۆن. ٤/ هیچ كات دوژمن به دۆست مه‌زانن چونكه دوژمنی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان‌و دینتانه. ٥/ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا له‌ناوچووه‌دا مه‌فرۆشن. مێژوو سه‌لماندوویه كه دوژمن به چووكه‌ترین بیانوویه‌ك، ده‌ست بۆ كوشتار‌و سه‌ركوت ده‌با. ٦/ خه‌یانه‌ت به یه‌كتر مه‌كه‌ن نه خه‌یانه‌تی سیاسی‌و نه خه‌یانه‌تی ماڵی‌و گیانی‌و نامووسی خه‌یانه‌تكار له لای خودا‌و گه‌ل رووڕه‌شه‌و خه‌یانه‌ت، له ئاكام‌دا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ٧/ له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی دا، بێ خه‌یانه‌ت ئه‌رك به‌ڕێوه‌بردن هاوكاری بكه‌ن. خودای نه‌خواسته هیچكات مه‌بنه سیخۆڕی بێگانه. ٨/ ئه‌و شوێنانه‌ی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێ كردون 'مزگه‌وت، قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه' هی خۆتانن، به باشترین شێوه كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رگرن. ٩/ واز له شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی ده‌رباز بن. ماڵی دنیا هیچ نیه، ئه‌گه‌ر نیشتمانێكتان هه‌بێ، سه‌ربه‌خۆیی‌یه‌كتان هه‌بێ‌و ماڵ‌و خاك‌و نیشاتمانتان هی خۆتان بێ، ئه‌و كات هه‌موو شتێكتان ده‌بێ،هه‌م سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان. ١٠/ گومان ناكه‌م جیا له مافی خودا 'حق الله'، مافێكی دیكه له ئه‌ستۆم بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست ده‌كا قه‌رزێكی به‌لامه‌وه‌یه بچێته لای میراتگرانم. تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ. له یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن چونكه خوداوه‌ند دوژمنی زۆردارانه. هیوادرام وته‌كانم وه‌رگرن، خوداوه‌ند ئێوه به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات. مراد ما نصیحت بود و گفتیم "مه‌به‌ستی ئێمه ئامۆژگاری بوو وتمان" حوالت با خدا كردیم و ر‌فتیم "سپاردمان به خودا‌و رۆیشتین" خزمه‌تگوزاری نه‌ته‌وه‌و نیشتمان محه‌ممه‌د قازی سه‌رچاوه: كتێبی " قازی محه‌ممه‌د‌و كۆمار له ئاوێنه‌ی به‌ڵگه‌كان"دا ، بێهزاد خۆشحالی، ١٣٨٠، هه‌مه‌دان * زورگێڕدراوی ده‌قی فارسی "وه‌صیت‌نامه قازی محمد"ه كه فارسییه‌كه‌ی له به‌شی رێبه‌رانی شه‌هیدی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌كان وه‌رگیراوه. كه‌یومه‌رس ساڵح، هه‌واڵنێری سوپای شه‌هنشایی ئێران كه خۆی له دادگای قازییه‌كاندا به‌شداربووه‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی كه خوشكه‌زای سه‌ر له‌شكر فه‌ریدوون جه‌م، شووی شه‌مس"خوشكی شای ئێران" بووه، بڕواپێكراوی ده‌رباری شا بووه. راپۆرتی ره‌وتی دادگایی كردنی قازییه‌كان كه له لایه‌ن كه‌یومه‌رس ساڵحه‌وه نووسراوه، له تایبه‌تنامه‌یه‌ك‌دا چاپ بووه‌و بۆ خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی زۆر نهێنی دراوه‌ته ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رز‌و جێگای بڕواكانی شا .
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی پێشەوای گەلی کورد قازی موحەمەدی نەمر هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی سەرۆکی کۆماری کوردستان پێشەوای نەمر
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||