| ||
|
||
كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی پێشه‌وای نەمر قازی محه‌مه‌د
له به‌رەبه‌یانی ١٠ی خاكهلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هه‌تاوی" ٣٠/٣/١٩٤٧ " دا پێشه‌وا قازی, حه‌مه‌حوسێن خان سه‌یفی قازی(ئامۆزای پێشه‌وا) و ئه‌بولقاسم سه‌دری قازی برای پێشه‌وا" به دوای حوكم دران له‌دوو دادگای ناعادلانهو فهرمایشیدا به‌ده‌ستی چه‌په‌ڵی دوژمنانی گه‌لی كورد له چوارچرای شاری مه‌هاباد, واته هه‌ر له‌و شوێنه‌ی كه ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ههتاوی"٢٢/١/١٩٤٦"دا كۆماری كوردستانی لێ راگه‌یه‌ندرابوو, له سێداره دران‌و شه‌هید كران‌و هه‌ر ئه‌و رۆژه له‌سه‌ر شان‌و پیلی خه‌ڵكی به شه‌ڕەفی مه‌هاباد له گۆرستانی مه‌لا جامی به خاكی پیرۆزی نیشتمان سپێردران .
حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له‌١٠ی خاكهلێوەی ١٣٥٨هه‌تاوی (٣٠/٣/١٩٧٩) ئه‌و رۆژەی وەك رۆژی شه‌هیدانی كوردستانی راگه‌یاند. ئه‌گه‌ر پێش ئه‌و دەم, له‌به‌ر زەختو زۆری به‌كرێگیراوانی شای دیكتاتۆر مه‌جالی به‌ڕێوەبردنی رێورەسم به‌و بۆنه‌یه‌وه نه‌بوو, به‌ڵام به دوای رووخانی حكوومه‌تی پاشایه‌تیدا به تایبه‌تی دوای ئه‌وەی كه حیزب ئه‌م رۆژەی به‌و ناوە ناودێر كرد, هه‌موو ساڵێ له وەها رۆژێك دا رێز له شههیدانو سه‌رقافله‌یان پێشه‌وا قازی دەگیرێ. راسته پێشه‌وا قازی سه‌ركۆماری كوردستان و بهدیمهنترین كه‌سایه‌تیی موكریان بوو و له هه‌موو ناوچه‌كان نێو بهدەرەوەو ناسراو بوو, به‌ڵام تا چه‌ند ساڵ دوای شه‌هید كرانیشی بۆ گه‌لی كورد به تێكڕا به‌و شێوەیه كه دەبێ بناسرێ نه‌ناسرابوو, یا ئه‌گه‌ر ناسرابووش ئهورێزەی له‌و سهردەمهدا لێی دەگیرێ لێی نهدەگیرا. پێویسته زۆر لهوەزیاترلێ كۆلینهوە له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی پێشه‌وا بكرێ تا به‌و جۆرەی شیاوی ئه‌وە, بناسرێ. قازی محه‌ممه‌د كوڕی قازی عه‌لی, كوڕی میرزا قاسم قازییه. رابردووی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له شاری سابڵا‌غ بۆ چوار سه‌دە پێشتر دەگه‌ڕێته‌وە. ئه‌وان نه ته‌نیا له‌لای خه‌ڵك به‌ڵكوو له‌لایه‌ن دهسهڵاتدارانو به‌رپرسانی حكوومه‌تییش, جێگه‌ی رێز‌و ته‌قدیر بوون. قازی عه‌لیی باوكی پێشه‌وا, له ١٩٣٠ له مه‌هاباد رێكخراوێكی كوردیی به ناوی "بزووتنه‌وەی محمد" پێك هێنا. ناوبراو له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وەی شێخ محه‌مه‌د خیابانی له ته‌ورێز پێوەندییان هه‌بوو, تا ساڵی ١٩٣٤یش كه فه‌وتی كردوە له‌سه‌ر ئه‌و كارە به‌ردەوام بووە. قازی عه‌لی, دوو كوڕی هه‌بووە, یه‌كیان ئه‌بولقاسم قازی ناسراو به سه‌دری قازی بووە كه یه‌ك دوو دەورە له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه كراوه‌ته نوێنه‌ری مهجلیسو ئیعتیبار‌و نفووزێكی تایبه‌تی هه‌بووە. دوای ته‌واوبوونی دەورەكهشی له‌سه‌ر راسپاردەی پێشه‌وا, بۆ راپه‌راندنی كارە سیاسییهكانو یاریدەدانی خه‌ڵك هه‌ر له تاران مابۆوە.
قازی محه‌ممه‌دیش كه ساڵی ١٩٠٠ی زایینی له‌و بنه‌ماڵه به فه‌رهه‌نگه‌دا له‌دایك بووە, هه‌ر له سه‌رەتای لاوییهوە هه‌ستی نیشتمانپهروەریی تێدا به هێز بووه‌و زۆری عه‌لاقه به خوێندنی علوومی كۆن‌و تازە هه‌بووەو زۆر زوو له‌م بارەیه‌وە پێگهیشتوەو زۆری هه‌وڵ داوە زمانی بێگانانیش فێر بێ. جگه له عهرەبیو فارسی‌و كوردی ده‌گه‌ڵ زمانی فه‌رانسه‌یی‌و ئینگلیسی‌و تا رادەیهكیش رووسی ئاشنایه‌تیی هه‌بووە. قازی محه‌ممه‌د زۆری حه‌ز به تێكه‌ڵاوی دەگهڵ ئه‌هلی فهزلو زانایانی زهمانو پیاو چاكان‌و كوردانی نیشتمانپهروەرو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان هه‌بووە. به دوای فه‌وتی باوكی‌دا بووە به قازیی شار. له به‌ر ئۆگریی زۆر به كاری فهرههنگیو به‌رەو ژوور بردنی زانیاریی خه‌ڵك, له ساڵه‌كانی به‌ر له ١٩٤١و دواتریش بۆ یه‌ك دوو ساڵ به‌رپرسایه‌تیی ئیدارەی فهرههنگو ئه‌وقافی شاری مه‌هابادی به ئه‌ستۆوە گرتوەو خزمه‌تی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگیی كردوەو له كاتی به‌رپرسایه‌تیی ئه‌ودا, یه‌كه‌م مهدرەسهی كچان له مه‌هاباد كراوەتهوە. هه‌ر له‌و پێوەندییهش دا دەگهڵ زۆربه‌ی خوێندكاران, رۆشنبیران‌و مامۆستاكان زۆر نزیك بووە.
قازی محه‌ممه‌د حورمه‌تی تایبه‌تیی بۆ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ژـ ك هه‌بووە. له چه‌ند ساڵ دەورەی بێ حكوومه‌تییش دا واته ١٩٤١ تا ١٩٤٥ كه كۆماری كوردستان پێك هاتووە, له به‌ڕێوەچوونی كاروبارەكان دا‌و به تایبه‌تی له چارەسه‌ركردنی كێشه عهشیرەیییهكاندا نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بووە. زۆر له دامه‌زرێنه‌رانی ژـ ك راوێژیان له‌گه‌ڵ كردوەو زۆریان خۆش ویستوەو گه‌لێكیان هه‌وڵ ده‌گه‌ڵ داوه تا ببێته ئه‌ندامی ژ ـ ك. زۆر له گرێوگۆڵی كاری رۆژانه‌ی خه‌ڵك له دیوانی ئه‌ودا كه "مه‌حكه‌مه‌یان" پێگوتوە, كراونهوە. قازی له روانگه‌ی نوێنه‌رانی بیگانهشهوە كه ئه‌وكات ئێرانیان له‌نێو خۆیان دا دابه‌ش كردبوو حورمه‌تی تایبه‌تیی هه‌بووە. هه‌ر كه‌س چۆته مه‌هاباد تێكۆشاوە به‌ر له هه‌موو كه‌س چاوی به ناوبراو بكه‌وێ. بانگ كرانی بۆ سۆڤیه‌ت هه‌ر له‌م پێوەندییه‌دا بووە, كه لەگه‌ڵ هه‌یئه‌تێكی گه‌ورە چۆته باكۆ. قازی محه‌ممه‌د كه بوو به ئه‌ندامی "كۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ ك"و ناوی نهێنیی "بینایی" بۆ دانرا, ئومێدێكی زیاتری به بهرپرسانو خه‌ڵك دا. له ئاكامی دەركی به وەختو شه‌هامه‌تی سیاسیی ئه‌و و به قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنی به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه‌دا بوو كه "ژـ ك" بوو به "حیزبی دێمۆكراتی كوردستان"و وەك حیزبێكی دێمۆكرات‌و پێشكه‌وتوو ده‌ستی كرد به تێكۆشان. قازی له‌به‌ر حورمه‌تی تایبه‌تی كه بۆ "ژـ ك"ی هه‌بوو, رۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێمۆكراتیشی هه‌ر به ٢٥ی گه‌لاوێژ رۆژی دامه‌زرانی ژـ ك دانا‌و هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رنجی زۆربه‌ی نیزیك به ته‌واوی به‌رپرسانی بۆ تێكۆشان له نێو حیزبی دێمۆكراتی كوردستان راكێشا. حیزب زۆر به توندی په‌لوپۆی هاویشتو تێكۆشانی له هه‌موو ناوچه‌ی ئازادی كوردستان دا پهرەی سه‌ند. قه‌یرانی به زۆر لكاندنی كوردستانی به ئازەربایجانهوەی رەواندوەو ناچاری كردن كردن حیسابی جیاواز بۆ كوردستان بكه‌ن. به دوای به‌ستنی یه‌كه‌م كۆنگرەدا, له ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ی ههتاوی٣٠/٣/١٩٤٦ دا به به‌شداریی نوێنه‌ری پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌و مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌و سه‌رۆك عهشیرەتو نوێنه‌رانی هه‌موو چین‌و توێژەكانی كوردستان پێكهاتنی یه‌كه‌م كۆماری كوردستانی راگه‌یاند. ئه‌گه‌ر تا ئه‌ودەم جارجار له رۆژنامه‌ی "كوردستان"دا به ناوی پێشه‌وا باسی لێ ده‌كرا, له دوای دامه‌زرانی كۆمارەوە به شێوەی رەسمی عینوانی پێشه‌وایی پێ به‌خشراو ئه‌و ناوە تا ئێستاش له‌نێو كۆڕوكۆمهڵی خه‌ڵك دا هه‌ر باوە.
پێشه‌وا مرۆڤێكی گه‌لێك به فه‌رهه‌نگ, دڵساف, خۆش به‌یان, ئهدەبو هونه‌ر دۆست, به راوێژ‌و له عه‌ینی كات دا سیاسی‌و دێمۆكراتێكی نیشتمانپهروەرو گه‌ل خۆشه‌ویست بوو, له‌گه‌ڵ هه‌موو چین‌و توێژێك جۆشی ده‌خواردو له كاتی پێویست دا له ههستو هێزیان كه‌ڵكی وەردەگرت. قازی محه‌ممه‌د برایهتیو یه‌كگرتوویی كوردی پێ گه‌ورەترین هۆی سه‌ركه‌وتن بوو. هه‌ربۆیه له زۆربه‌ی وتارەكانی كه له رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی ئه‌وكات دا چاپ كراون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كیه‌تی‌و برایه‌تی دواوەو به مه‌رجی سهركهوتنو كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار‌و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانی‌دا زانیوە. هه‌رچه‌ند دەیزانی دوژمنه‌كانی كورد راست ناكه‌ن به‌ڵام له وتووێژدا زۆر به راشكاوی رایدەگهیاند كورد حهزدەكا له رێگای ئاشتییهوە به مافی خۆی بگا, به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌وەی بۆی بكرێ دەیكا. ئه‌وەی پێویست بوو زۆر به راشكاوی به شا‌و قه‌وامی راگه‌یاندوە, قامكی له‌سه‌ر زەعفهكانیان به‌رانبه‌ر به گه‌لی كورد داناوە. به ئاشكرا پێی گوتون, ئێوە له قسه‌كانی خۆتان دا دوو دڵن‌و ناتانه‌وێ مه‌سه‌له‌ی كوردستان چارەسه‌ر بكه‌ن. كاتێك پێشه‌وا له‌لایه‌ن "قوام السلگنه" بۆ تاران دەعوەت دەكرێ و له رێكه‌وتی ٢٨ی ژوئه‌نی ١٩٤٦ دەچێته تاران, له‌لایه‌ن ژمارەیه‌ك له وەزیران, نوێنه‌رانی پارلمان‌و نوێنه‌ری كوردەكانی تاران و نوێنه‌ری حیزبه‌كان و یه‌كیه‌تیی كرێكاران له فرۆكه‌خانه پێشوازیی لێدەكرێ.
رۆژنامه‌ی "ایران ما" هه‌ر ئه‌وكات ده‌نووسێ: "ئێستا كه قازی محه‌ممه‌د له تارانه‌و ئازادیخوازان چاویان پێی كه‌وتوە, دەردەكهوێ كه بیروڕای ئه‌و به‌رقه‌راریی ئازادی و دێمۆكراسی له ته‌واوی ئێران دایه‌و, مافی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئینسانی بۆ نه‌ته‌وەی كوردیش له گۆڕێ دایه. هه‌ر كارێكی به سوودی دێمۆكراسی بێ له‌لایه‌ن پێشه‌وای كوردستانه‌وە به دڵهوە پێشوازی لێ دەكرێ. هیوادارین جه‌نابی قه‌وام له‌و سهفهرە مێژوویییه كه‌ڵك وەرگرێ." ئه‌و له كاتی ماڵئاوایی له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا دەڵێ: "من خۆم فیدای خه‌ڵكی دەكه‌م و هیچ كات وەك پیشه‌وەری و سه‌رانی ئازەربایجان ناكه‌م تا وڵاته‌كه‌م له خوێن دا شه‌ڵاڵ بێ‌و هه‌زاران كه‌س به كوشت بچن." پێشه‌واو هاوڕێیانی ئه‌وەندەی له ماوەی یازدە مانگی كۆماردا هه‌وڵیان دا, هه‌ر ئهوەندەش له‌و دادگا فهرمایشییانهی بۆ موحاكه‌مه كردنیان دانرا بوو, له خۆبردوویی‌و ئازایه‌تییان له خۆیان نیشان داوە. له‌گه‌ڵ هه‌موو نارەحهتیی دەروونیو ئه‌و ژیانه تاڵه‌ی كه له به‌ندیخانه‌ی پادگانی مه‌هاباددا بۆیان پێك هاتبوو, نه ته‌نیا بڕوایان بەكوردایهتیو رزگاری لاواز نه‌بوو به‌ڵكوو زۆر جیددیترو به ورەتر ببوون. ئه‌وان له مولاقاتێكی نهێنیدا كه له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو مرۆڤی جێی باوەڕ بوویانه, فه‌رموویانه: "ئێمه‌یان فریودا, با نه‌ته‌وەی كورد فریو نهخواو خه‌باتی خۆی بۆ رزگاری‌و سه‌ربه‌ستی درێژە بدا‌و چه‌ك دانه‌نێ". هه‌روەها گوتبوویان كه زۆریان زەخت خستووینه سه‌ر تا نامه‌یه‌ك بۆ مه‌لا مسته‌فا بنووسین دەست هه‌ڵبگرێ. به‌ڵام ئێمه نه‌ته‌نیا شتی وا نانووسین به‌ڵكوو پێمان وایه ئه‌وەی بۆی دەكرێ دەبێ لەگه‌ڵ ئه‌و ناپیاوانه بیكا. ئازایه‌تییان له دادگاكان دا به رادەیهك بووە كه ئهفسهرەكان سه‌ریان سوڕماوە. له راستیدا ئه‌و دادگایه ئهمریكاو ئینگلیسیشی له پشت بوو. هه‌رچه‌ند جگه له كاربه‌دەستانی خۆیان كه‌سی غه‌ریبه‌ی لێ نه‌بووە, به‌ڵام هه‌ر له رێگای ئه‌وانه‌وە زۆر شت بڵاو بۆته‌وە كه پێویسته بیزانین. پێشه‌وا هه‌ر جارێك له‌و دوو جارە كه به ناو دادگایی كراوە زیاتر له چوار سه‌عات قسه‌ی كردوەو به قه‌ولی سه‌روان شه‌ریفی كه وەكیلی بووە "ئه‌وە قازی محه‌ممه‌د بووە كه حكوومه‌تی موحاكه‌مه كردوەو له هه‌موو بوارێكهوە هێناویه‌ته ژێر پرسیار".
رۆژنامه‌ی "ئازادی" كه له‌و سه‌ردەم دا له به‌غدا به زمانی كوردی دەردەچوو, له‌مه‌ر پشتگیریی ئهمریكاو ئینگلیس له‌و موحاكهمهیه نوسیبووی: "ئیستیعماری ئینگلیس‌و ئه‌مریكا له وجوودی قازی محه‌ممه‌د وهاوڕێكانیدا دوژمنی هه‌رە سه‌رسه‌ختی خۆیان دەدی. ئومێدیان هه‌بوو بتوانن به چۆكیان دابێنن‌و له به‌ندیخانه‌ش نوێنهرەكانیان چوون دەگهڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای خۆیانیان رابكێشن, به‌ڵام هیچ كات سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. دواتریش رۆژنامه‌ی "ئازەربایجان" له باكۆ نوسیبووی قازی محه‌ممه‌د به نوێنه‌ری ئه‌مریكا (جورج ئالێن)ی گوتبوو, گه‌لی كورد چاوەڕوانیی هیچ چاكه‌یه‌كی له وڵاتانی ئیستیعماری نیه. "نه‌جه‌فقولیی په‌سیان" وته‌كانی پێشه‌وا له دادگادا له چه‌ند رسته‌دا خولاسه دەكاتهوەو دەنووسێ: "له كاتی موحاكه‌مه‌دا قازی محه‌ممه‌د په‌لاماری دەبردە سه‌ر سیاسه‌ت و ئاكاری دەوڵه‌تی تاران‌و دەیگوت: "من له قوژبنی گرتووخانه دەنگی خۆم به‌رز دەكهمهوە له دژی دەوڵه‌تی تاران‌و سهرۆكهكانیو دەڵێم تاوانبار ئێوەن نه‌ك ئێمه. ئێوە وڵاتتان لێ داگیركردووین" رۆژنامه‌نووسێكی دیكه به نێوی "سلیمان.خ" له نووسراوەكانیدا دەڵێ, قازی گوتی: "ته‌واوی ئه‌م بهسهرهاتو رووداوانه ئاكامی سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌ی دەوڵه‌ته. ئه‌گه‌ر دەوڵه‌ت ته‌واوی كوردان به‌خائین دەزانێ با دەست له‌و مهڵبهندە هه‌ڵبگرێ, ئه‌گه‌ر به نیشتمانپهروەریشیان دەزانێ با لێ بگه‌ڕێ خۆیان كاروباری خۆیان بگرنه دەست." له به‌ڵگه‌و رۆژنامه‌كانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی پێشوودا زۆر شت له‌م بابه‌تانه نووسراون‌و له زمان ئه‌فسه‌رە ئێرانییهكانهوە دەگێڕنه‌وە كه قازی گوتویه: "ئه‌و رووداوانه له ئاكامی ئه‌وەی دابووە كه ئێوە خۆتان قانوونی بنهڕەتیتان له ژێر پێ ناوە. ئێستاش من ته‌نیا خۆم پهرەپێدەری دێمۆكراسی له كوردستانم‌و هیچ هێزێكی بیگانه منی هان نه‌داوە. بێبه‌شیی كورد منی بۆ به‌ڕێوەبردنی ئه‌و كارانه هان داوە." كاتێك سه‌رۆكی دادگا یا دادستان به خه‌یانه‌ت تاوانباری دەكا له وەڵام دا دەڵێ: "ئێرەماڵی منه, خاكی كوردستان خاكی باب‌و باپیر‌و ئه‌جدادی منه چۆن دەتوانم دەستی لێ هه‌ڵگرم." ئه‌گه‌ر موحاكه‌مه‌ی یه‌كه‌م له ١٩ی مانگی ژانویه دەستی پێكردو چه‌ند رۆژی خایاند‌و حوكمی ئیعدامی قازییهكانی دا, موحاكه‌مه‌ی دووهه‌م له ٢٨ی مارسی ١٩٤٧ واته ٧ی خاكهلێوە دەستی پێكردو رۆژی ٣٠ی مارس كۆتایی پێهات. گۆڤاری "خه‌باتی قوتابیان" ژمارە ٣٧ له‌م دوایانه‌دا له زمان سه‌روان كیومه‌رس سالحی هه‌واڵنێری گۆڤاری ئه‌رته‌ش كه له دادگاكه‌دا بووەو دوایه له‌سه‌ر نووسینی راپۆرتێك له‌و پێوەندییه‌دا دەگیرێ‌و ساڵێك دەبهندیخانهدا دەمێنێته‌وه, هێندێك رسته له وته‌كانی پێشه‌وای بڵاو كردەوە.
پێشه‌وا فه‌رموویه: "من له زووەوە خۆم بۆ ئه‌وە ئامادە كردوە, به باوەشی ئاواڵهوە پێشوازی له‌و مردنه سه‌ربه‌رزانه‌یه دەكه‌م كه له رێگای ئازادیی میلله‌ته‌كه‌م دا دەكوژرێم. ئه‌وە به‌ڵێنێكه كه به نهتهوەكهمم داوە له‌گه‌ڵیان بژیم‌و بۆ ئه‌وانیش بمرم, تازە چۆن ئامادەم به‌ڵێنی خۆم بشكێنم. سه‌روان كیومه‌رس هه‌روەها دەنووسێ: "من له زۆربه‌ی دادگاكانی مهیدانیو سه‌ربازی وەك هه‌واڵنێر به‌شداریم كردوە به‌ڵام هه‌رگیز هیچ كه‌سێكم به رادەی قازی محه‌ممه‌د به جهرگو بوێر نه‌دیوە. ئه‌و له كاتی دادگاییكردن دا نهیدەزانی ترس چیه. زۆر به بێباكی قسه‌ی دەكردو وەڵامی پرسیاره‌كانی دەدایهوە." هه‌ر ئه‌و به جه‌رگی‌و له‌خۆبردوویی‌یه‌ش بوو كه له پای سێدارە ئیزنی نه‌دا چاوی ببهستنو فه‌رمووی: "حه‌ز دەكه‌م له ئاخرین چركه‌ی ژیانیشم دا به سهربهرزیو چاوی كراوەوە له نیشتمانی خۆشه‌ویستم بروانم." هه‌روەها فه‌رموویه‌تی: "ئێوەقازی محه‌ممه‌دێك دەكوژن به‌ڵام بزانن له هه‌ر تنوكه خوێنێكی من قازی محه‌ممه‌دێك شین دەبێته‌وه. داوا له گه‌لی كورد دكه‌م خه‌باتی خۆی له‌پێناو رزگاریی كوردستان دا په‌ك نه‌خا, باوەڕ به دەوڵه‌تی خۆفرۆشی تاران مه‌كه‌ن. بژی كورد‌و كوردستان".
وەسێتنامهی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د
كه‌یومه‌رس ساڵح** ده‌نووسێ: بۆ ته‌واوكردنی راپۆرت چوومه به‌ندیخانه. كاتێك له‌ته‌ك یه‌كێك له ئه‌فه‌سه‌ركان‌دا چوومه نێو به‌ندیخانه، قازی محه‌ممه‌د خه‌ریكی نوێژكردن بوو، ئه‌فسه‌ری ئاماژه پێكراو هه‌واڵی به‌ڕێكردنی قازییهكانی بۆ تاران پێیان گه‌یاند. سه‌درو سه‌یفی قازی زۆر خۆشحاڵ بوون، به‌ڵام قازی محه‌ممه‌د له بوون‌و راگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌ی ئێمه چووكه‌ترین ئاڵوگۆڕێكی له خۆی نیشان نه‌دا. قازییه‌كان كه‌لوپه‌له‌كانیان كۆكرده‌وه‌و داوایان له ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی كرد بۆ دابینكردنی خه‌رجی سه‌فه‌ر له ماڵه‌وه‌یان پووڵیان بۆ بێنن به‌ڵام ناوبراو وتی به‌رپرسایه‌تیی سه‌فه‌ره‌كه‌و دابینكردنی تێچووی له ئه‌ستۆی سوپایه. هه‌ركام له قازییه‌كان له‌گه‌ڵ ده سه‌ربازی چه‌كداردا، سواری ماشینێكی نیزامی بوون. عه‌سری هه‌ر ئه‌و رۆژه رێوشوێنه‌كانی یاساغبوونی هاتووچۆو حكوومه‌تی نیزامی له مه‌هاباددا راگه‌یاندران. له گۆڕه‌پانی چوارچرادا خانوویه‌كی سێ‌قات هه‌بوو كه ده‌رگایه‌كی به‌ره‌وڕووی گۆڕه‌پانه‌كه ده‌كرایه‌وه. له رۆژێك له‌مه‌وپێشه‌وه ئه‌م ماڵه به بیانووی جێگیركردنی كاتیی شاندی نێردراو چۆڵ‌كرابوو. ماشینی قازی محه‌ممه‌د كه له پێش دوو ماشینی دیكه‌وه ده‌چوو له مه‌یدانی چوارچرادا وه‌ستا. قازی محه‌ممه‌د پرسی بۆ لێره‌دا رادوه‌ستن؟ ئه‌فسه‌ره‌كه وه‌ڵامی دایه‌وه: سه‌ره‌تای چوونی ئێوه بۆ تاران، لێره‌وه‌یه. كاتێك قازی محه‌ممه‌د له ماشین دابهزیو چووه داڵانه‌كه‌وه، دادستان نیكوزاد‌و چه‌ند سه‌ربازی چه‌كداری له ته‌ك سه‌رۆكی بێهداشت كه تازه له تارانه‌وه هاتبوو، دی له‌سه‌ر مێزێك قورئانێك دانرابوو. دادستان سه‌رهه‌نگ نیكوزاد حوكمی دادگای خوێنده‌وه‌و به قازیی راگه‌یاند حوكم هه‌رچی خێراتر ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێ. سه‌رهه‌نگ نیكوزاد به قازی وت: هه‌رچی خێراتر وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ك داڕێژن. قازیش زوو له پشتی مێزدا دانیشت‌و نووسینی وه‌سیه‌تنامه‌ی ده‌ست پێكرد. له ماوه‌یه‌كی كورتدا چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی نووسی به‌ڵام زوو ماندوو بوو‌و داوای له مه‌لا مه‌هابادییه‌كان كرد وته‌كانی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا بنووسن. قازی محه‌ممه‌د زۆر له‌سه‌ره‌خۆ قسه‌ی ده‌كرد: فڵان زهویو فڵان شوێن‌و فڵان مزگهوتو قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه دامه‌زرێنن تا داهاتووان كه‌ڵكیان لێوه‌رگرن. كاتێك وه‌سیه‌تنامه‌كه ته‌واو بوو، 2:30 به نوێژخوێندنو "راز‌و نیاز" له‌گه‌ڵ خودا تێپه‌ڕی. دادستان به ته‌واوی له درێژه‌كێشانی نوێژی قازی محه‌ممه‌د تووڕه ببوو. پاش ته‌واو بوونی "راز‌و نیاز"، قازی داوای له دادستان كرد بابه‌تگه‌لێكی دیكه به ناوی خه‌ڵكی كوردستان به وه‌سیه‌تنامه‌كه زیاد بكا. دادستان بڕیاریدا پێنووس‌و كاغه‌ز ئاماده بكه‌ن. قازی محه‌ممه‌د به مه‌لای وت هه‌رچی ده‌یڵێم بینووسه. مه‌لا وه‌ڵامی دایه‌وه قوربان چی بنووسم؟ ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم بینووسه. كه‌یومه‌رس ساڵح له درێژه‌دا ده‌ڵێ: قازی محه‌ممه‌د بابه‌ته‌كانی به فارسی دهربڕیو داوای له مه‌لا كرد به كوردی بیان نووسێ. مه‌لا وتی: به كوردی نازانم بنووسم. قازی محه‌ممه‌د به ناڕه‌حه‌تییه‌وه وتی: ئه‌مه‌ش یهكێكیتر له مه‌ینه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد"و ده‌ستی كرد به نووسین".
بسم الله الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ی زۆر لێكراو، بێبهشو چه‌وساوه‌ی كورد! برایانی به‌ڕێز! له دوایین ساته‌كانی ژیاندا بابه‌تگه‌لێتان وه‌ك ئامۆژگاری پێ ده‌ڵێم. بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست له دوژمنیی یه‌كتر هه‌ڵگرن، یه‌ك بگرن‌و بۆ پشتیوانی له یه‌كتر هه‌ڵسن، له به‌رابه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن، خۆتان به نرخێكی كه‌م به دوژمنه‌كان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به قازانجه‌كانی ئێوه‌ی ده‌وێ.. پاش ئه‌وه ئیتر زیاتر له تڵپه‌یه‌ك نین. دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زۆردان، نامهردو بێ‌ویژدانن، رازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كیه‌تیی‌و پێكه‌وه بوونه. ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویستی به پشتیوانیی گشت نه‌ته‌وه‌كه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی یه‌كنه‌گرتوو هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵاتدایه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی كورد شتێكتان له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كه‌م نیه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه پیاوه‌تی، غیرهتو ئازایه‌تیی ئێوه فره زۆرتره. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له به‌ندی دیلی رزگاریان بووه یه‌كگرتوو بوون‌و ته‌واو. ئێوه‌ش ده‌توانن به یه‌كگرتوویی‌و هاوپێوه‌ندی زه‌نجیری دیلێتی پچڕێنن. ئێره‌یی، خهیانهتو خۆفرۆشی وه‌لانێن. ئیتر فریوی دوژمنان مه‌خۆن. دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر تاقم‌و گرووپ‌و رهنگو ره‌گه‌زێك، هه‌ر دوژمنه، بێ بهزهییو ویژدانه. ئێوه له‌گیان یه‌ك به‌رده‌دا تا به قازانجه‌كانی خۆی بگا، به به‌ڵێنیگه‌لی درۆزنانه، ئێوه ده‌خڵه‌تێنێ. له ئیسماعیل ئاغای شكاك تا جه‌وهه‌رئاغای برای‌و حه‌مزه‌ئاغای مهنگوڕو چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێكی دیكه، فریوی ئه‌م زۆرداره مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه شه‌هیدكران. هه‌موویانیان به قورئان‌و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه كه‌ی له قورئان‌و سوێند تێده‌گه‌ن، وه‌فا له لای ئه‌م كۆمه‌ڵه، شمه‌كی بازاڕه. له رێگه‌ی خودا‌و بۆ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌كتر چۆڵ مهكهنو یه‌كگرتوو بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ به‌ژه‌هره. فریوی سوێنده درۆزنه‌كانی مه‌خۆن. ئه‌گه‌ر هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره هیچ ئامانجێكیان جیا له له‌نێوبردنی ئێوه نیه.
له دوایین كاتژمێره‌كانی ژیانمدا خودا به شایه‌تی ده‌گرم كه له رێگای ئازادی‌و به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌دا گیان‌و ماڵی خۆم به‌خت كرد‌و له هیچ هه‌وڵێك كۆتاییم نه‌كرد. له لای ئه‌مانه، كوردبوونی ئێوه تاوانه، سه‌رو گیان‌و ماڵ‌و شه‌ره‌فی ئێوه له لایان حه‌ڵاڵه. ئه‌وان چونكه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا ناتوانن له به‌رانبه‌ر ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه هانا بۆ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه ده‌به‌ن. شا‌و دهستو پێوه‌ندییه‌كانی به جاران په‌یامیان نارد كه بۆ وتووێژ ئاماده‌ن‌و مه‌یلی خوێن رشتنیان نیه، به‌ڵام من ده‌مزانی ئه‌وان درۆده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشی‌و فریوخواردوویی هێندێ له سه‌رۆك عه‌شیره‌كان نه‌بووایه، كۆمار هیچكات شكستی نه‌ده‌خوارد. وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م منداڵه‌كانتان فێری زانست‌و عیلم بكه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شتێكی له نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان كه‌م نیه، جیا له زانست‌و عیلم. فێری زانست بن تا له كاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌كه‌ون. زانست، چه‌كی له‌نێوبردنی دوژمنانه، دڵنیابن ئه‌گه‌ر به دوو چه‌كی یه‌كیه‌تی‌و زانست پۆشته ببن، دوژمنان كارێكیان بۆ ناچێته پێش. ئێوه نابێ به مردنی من‌و براكان‌و ئامۆزاكانم ترس بچێته دڵتانه‌وه. هێشتا قاره‌مانگه‌لێكی زۆر ده‌بێ گیان فیدا بكه‌ن تا داری ئازادیی كوردستان بگاته به‌رهه‌م. دڵنیام پاش ئێمه‌ش قاره‌مانگه‌لێكی دیكه هه‌ن كه فریوبخۆن، به‌ڵام هیوادارم مه‌رگی ئێمه ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتگیڕانی ئازادیی كوردستان. وه‌سیه‌تێكی دیكه‌م بۆ دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه. له خودای گه‌وره داوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی خۆتان بكه‌ن. شایه‌ت له خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌كه‌وتم؟ له وه‌ڵام دا ده‌بێ بڵێم به خودا سه‌ركه‌وتووی راسته‌قینه منم. چ نێعمه‌تێك له‌وه سه‌رتره كه سه‌رو ماڵ‌و گیانم له رێگای نه‌ته‌وه‌و نیشتمانم دا به‌خت بكه‌م. باوه‌ڕ بكه‌ن من جاران داوام له خودا كردوه ئه‌گه‌ر بمرم به شێوه‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست بده‌م كه به روومه‌تی سووره‌وه له لای خودا‌و پێغه‌مبه‌رو نه‌ته‌وه‌كه‌م دا ئاماده بم. وه‌ها مردنێك سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه‌یه. خۆشه‌ویستانم! كوردستان، نیشتمانی كورد‌و ماڵیه‌تی. هیچ كه‌سێك مافی ئێرهییو به‌خێڵی نیه هه‌موو له ماڵی خۆیاندا ئازادن. هه‌رچی له ده‌ستتان دێ بۆ ئازادیی كورد كۆتایی مه‌كه‌ن. ئیتر نابێ له‌سه‌ر رێگای ئه‌و كه‌سانه‌دا كه به‌رپرسایه‌تی ده‌گرنه ئه‌ستۆ راوه‌ستن. له به‌رد خستنه رێگه ده‌ست ههلَگرنو ئه‌ركه‌كانتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه‌ببه‌ن. دڵنیابن براكورده‌كه‌تان له دوژمنی بێگانه زۆر باشتر. ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه ئێستا له پای چێوه‌ی داردا نه‌بووم و له لای بنه‌ماڵه‌كه‌م رۆژه‌كانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌ركی من، به‌رزترین ئامانجم بوو و، تا پێی گیان راوه‌ستام. به هیوای خوداوه‌ندی گه‌وره، له ئاكامدا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رده‌كه‌ون.
١/ بڕواتان به خودا‌و ماجا‌و من عندالله و پێغه‌مبه‌ری ئه‌كره‌م 'ص' ههبێو ئه‌ركه دینییهكانی خۆتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن. ٢/ یه‌كیه‌تی‌و هاوپێوه‌ندی، ره‌مزی سه‌ركه‌وتنه. ئێره‌یی و خۆفریودان وه‌لابنێن و له وه‌رگرتنی بهرپرسایهتیو خزمهتكردندا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كێبه‌ركێ بكه‌ن. ٣/ زانست‌و ئاگایی خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ تا فریوی دوژمنان نه‌خۆن. ٤/ هیچ كات دوژمن به دۆست مه‌زانن چونكه دوژمنی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان‌و دینتانه. ٥/ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا له‌ناوچووه‌دا مه‌فرۆشن. مێژوو سه‌لماندوویه كه دوژمن به چووكه‌ترین بیانوویه‌ك، ده‌ست بۆ كوشتار‌و سه‌ركوت ده‌با. ٦/ خه‌یانه‌ت به یه‌كتر مه‌كه‌ن نه خه‌یانه‌تی سیاسی‌و نه خه‌یانه‌تی ماڵی‌و گیانی‌و نامووسی خه‌یانه‌تكار له لای خودا‌و گه‌ل رووڕه‌شه‌و خه‌یانه‌ت، له ئاكامدا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ٧/ له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی دا، بێ خه‌یانه‌ت ئه‌رك به‌ڕێوه‌بردن هاوكاری بكه‌ن. خودای نه‌خواسته هیچكات مه‌بنه سیخۆڕی بێگانه. ٨/ ئه‌و شوێنانه‌ی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێ كردون 'مزگه‌وت، قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه' هی خۆتانن، به باشترین شێوه كه‌ڵكیان لێوه‌رگرن. ٩/ واز له شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی ده‌رباز بن. ماڵی دنیا هیچ نیه، ئه‌گه‌ر نیشتمانێكتان هه‌بێ، سه‌ربه‌خۆیی‌یه‌كتان ههبێو ماڵ‌و خاك‌و نیشاتمانتان هی خۆتان بێ، ئه‌و كات هه‌موو شتێكتان ده‌بێ،هه‌م سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان. ١٠/ گومان ناكه‌م جیا له مافی خودا 'حق الله'، مافێكی دیكه له ئه‌ستۆم بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست ده‌كا قه‌رزێكی به‌لامه‌وه‌یه بچێته لای میراتگرانم. تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ. له یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن چونكه خوداوه‌ند دوژمنی زۆردارانه. هیوادرام وته‌كانم وه‌رگرن، خوداوه‌ند ئێوه به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات.
مراد ما نصیحت بود و گفتیم "مه‌به‌ستی ئێمه ئامۆژگاری بوو وتمان" حوالت با خدا كردیم و ر‌فتیم "سپاردمان به خودا‌و رۆیشتین" خزمه‌تگوزاری نه‌ته‌وه‌و نیشتمان محه‌ممه‌د قازی سه‌رچاوه: كتێبی " قازی محهممهدو كۆمار له ئاوێنه‌ی به‌ڵگه‌كان"دا ، بێهزاد خۆشحالی، ١٣٨٠، هه‌مه‌دان * زورگێڕدراوی ده‌قی فارسی "وه‌صیت‌نامه قازی محمد"ه كه فارسییه‌كه‌ی له به‌شی رێبه‌رانی شه‌هیدی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌كان وه‌رگیراوه. كه‌یومه‌رس ساڵح، هه‌واڵنێری سوپای شه‌هنشایی ئێران كه خۆی له دادگای قازییه‌كاندا به‌شداربووه‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی كه خوشكه‌زای سه‌ر له‌شكر فه‌ریدوون جه‌م، شووی شهمس"خوشكی شای ئێران" بووه، بڕواپێكراوی ده‌رباری شا بووه. راپۆرتی ره‌وتی دادگایی كردنی قازییه‌كان كه له لایه‌ن كه‌یومه‌رس ساڵحه‌وه نووسراوه، له تایبهتنامهیهكدا چاپ بووه‌و بۆ خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی زۆر نهێنی دراوه‌ته ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رزو جێگای بڕواكانی شا .
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی پێشەوای گەلی کورد قازی موحەمەدی نەمر هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی سەرۆکی کۆماری کوردستان پێشەوای نەمر
|
||
Qadirzada.com © 2009 - 2017. All rights reserved
|
||