پەکەکە: لە سەر هێڵی سەرکەوتندا تێدەکۆشین

کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕایگەیاند، کە کۆبوونەوەی ئاسایی ساڵانەی بەڕێوەبردووە و بانگەوازیی هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەلی کوردیشی کرد لە هێڵی سەرکەوتندا تێبکۆشن.

 

ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کورستان - پەکەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، کە کۆبوونەوەی ساڵانەی پەکەکە بەرێوەچووە و وردەکارییەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕاگەیاند کە لە ڕۆژەکانی ٢٠ بۆ ٢٨ی مانگ بەڕێووەچووە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە:

ئێمە وەک کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە کۆبوونەوەی ئاسایی ساڵانەمان لە ڕۆژەکانی ٢٠ بۆ ٢٨ی مانگی ڕابردوودا بەڕێوەبرد، ئەو کۆبووەنەیە بە بەرزنرخاندنی قارەمانیەتی گەلەکەمان بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ و سەرکەوتنی ڕەقە و یادکردنەوەی حەقی قەرار و بەرچەم جیلۆ و هەموو شەهیدان دەستیپێکرد، کۆبووەنەکەمان لەم قۆناغە مێژووییەدا هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنی گرتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین ڕۆژ سەبارەت بە سەرکەوتنی گەلەکەمان گفتوگۆ ئەنجام درا، بەم شێوەیە پێشوازیمان کرد لە ٤٠ەمین ساڵی دامەزراندنی پەکەکە کە لە سەر بنەمای هێڵی سەرکەوتنی ئاپۆییدا دامەزراوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە خرانە بەر باس: شەڕی قڕکەری فاشیزم کە لە ڕێگای ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپەوە دژی ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی گەریلا، ژن، گەنج و هەموو گەلی کورد دژی ئەو شەڕە کە لەلایەن فاشیزمەوە دەسەپێندرێت، پێمانوایە ٤٠ەمین ساڵی دامەزراندنی پەکەکە دەبێتە ساڵی هەڵوەشاندنەوە و تێکشکانی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە و بەدیموکراتیبوونی تورکیا و ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان.

 

سەرکەوتنی ڕەقە لە گەلانی سوریا و بەتایبەتی لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزدەکەین، لەلایەکی دیکەوە تێکۆشان بۆ دامەزراندنی فیدراسیۆنی دیموکراتیی باکوری سوریا بەرزدەنرخێنین، ئەوە وا دەکات پەیوەندیی کورد و عەرەب لە سەر بنەمای برایەتیی گەلان دابمەزرێت و هەنگاوێک بێت بۆ پێکهێنانی نەتەوەی دیموکراتی، لە کۆبوونەوەکەماندا جەخت کرایەوە، کە وەکچۆن گەلانی سوریا توانیان لە بەرامبەر فاشیزمی داعشدا سەربکەون، دەتوانن بە تێکۆشانیان دژی فاشیزمی ئەلقاعیدە و ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپەش شکستیان پێ بێنن و سەربکەون.

 

یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکەمان نرخاندنی دۆخی ئەم دواییانەی باشوری کوردستان و عێراق بوو، جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کە چۆن دەوڵەتە پیلانگێڕەکان دژی کورد ڕێکدەکەون، لە کۆبوونەوەکەماندا ئەو زیانانەی پەیوەندیی نێوان پارتی و ئاکەپە لە کوردیان دا نرخێندران، هەروەها بە بن بەست گەیشتنی بۆچوونی دەوڵەت نەتەوەی پارتی خرایە بەر باس، لێرەدایە کە زەڕوورەتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و خۆبەرێوەبەریی دیموکراتی دێتە گۆڕێوە کە پەکەکە نوێنەرایەتیی دەکات.

 

 تەنیا ئەو هێڵەیە کە ڕێگای سەرکەوتن خۆش دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە پێشەنگی گەلی کورد لە باشوری کوردستانیش، جارێکی دیکەش ڕایدەگەیەنین، کە گەلی کورد لە باشور و بەتایبەتی خەڵکی ئێزدی بەتەنیا نین، لە کۆبووەنەکەماندا هەروەها سەرکەوتنی شەنگال بەرز نرخێندرا و پێشوازی کرا لە پرۆژە خۆبەرێوەبەریی دیموکراتی لە شەنگال و بۆ خەڵکی ئێزدی.

 

شەڕ لە عێراقدا کۆتایی نەهاتووە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئێرانیش لە شەڕەکەوە تێوەدەگلێت، لێرەدایە کە سیاسەتی شۆڕشگێڕانە دەتوانێت ڕێگا بۆ سەرکەوتنی گەورە بکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە چالاکییەکانی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ بەرز دەنرخێنین.

 

لە کۆبوونەوەکەماندا جەخت لەسەر بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کرایەوە، لەم قۆناغە مێژووییەدا پەیوەندیی نێوان گەلان و بەتایبەتی پەیوەندی کورد-عەرەب، کورد-تورک و کورد-فارس زۆر گرنگە و پێویستە ئەو پەیوەندیانە لە سەر بنەمای هێڵی پێکهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتی و کوردستانێکی ئازاد دابمەزرێن.

 

لە کۆبوونەوەکەماندا تێکۆشانی ساڵی ڕابردوومان نرخاند و پلانمان داڕشت بۆ ٤٠ەمین ساڵی دامەزرانی پەکەکە، پەکەکە لە مێژووی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەیدا نەتەوەی دیموکراتیی مسۆگرکردووە بۆ داهاتووی ناوچەکە و هەروەها سەرکەوتنی ئازادی و دیموکراسیی لە سەر بنەمای ئازادیی ژن و تێکۆشانی گەنجان مسۆگەر کردووە، لە سەر ئەو بنەمایانەش بانگ لە هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەلی کورد دەکەین کە خۆیان رێکبخەن و لە هێڵی سەرکەوتندا تێبکۆشن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved