پەرلەمان وەڵامی نامەكەی مەسعود بارزانی دەداتەوە

 

 

پەرلەمانی كوردستان وەڵامی نامەكەی مەسعود بارزانی دایەوە كە لەچەند رۆژی رابردوودا ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردبوو بۆ دەسبەرداربون لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

دەقی وەڵامی نامەکەی پەرلەمانی کوردستان:

 

بۆ/ زۆر بەڕێز ســــەرۆك مســــعود بـــــارزانی

 

سڵاو و رێز.....

 

دوای گەیشتنی نامەی جەنابتان لە رۆژی ٢٨/١٠/٢٠١٧، لە دانیشتنی ئاسایی خۆی رۆژی یەك شەممە رێكەوتی ٢٩/١٠/٢٠١٧ پەرلەمانی كوردستان ناوەڕۆكەكەی خوێندەوە....

پەرلەمانی كوردستان بە گرینگەوە دەڕوانێتە پێشنیارەكەتان سەبارەت بە (رەتكردنەوەی بەردەوام بوون لە پۆستی سەرۆكی هەرێم و هەموارنەكردنی یاساكە بۆ ئەو مەبەستە و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی دیكە...)

هەر بۆیەش سەرجەم رێكارە یاساییەكان لەبەر رۆشنایی نامەكەی جەنابتان تەواوكران و یاساكەش پەسەندكرا.

 

ئەم بڕیارە مێژووییەتان بۆ رێزگرتن لە یاسا و پرەنسیپی دیموكراسی و قوربانیدان لە پێناوی دۆزی رەوای گەلەكەمان بەرزدەنرخێنین، بەتایبەت لە هەلومەرجێكی وەك ئێستادا كە نەتەوەكەمان و هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت.

بەڕێزتان ئاماژەتان پێكردووە وەك پێشمەرگەیەكی گیان فیدای خاك و گەلەكەمان و بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێك كە دێتە بەردەم گەلەكەمان، بۆیە ئێمەش لەپەرلەمانی كوردستان ئەم بڕیارە كۆتاییەتان بەرزدەنرخێنین و دڵنیاین جێهێشتنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێزتان لەبەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە دورناخەتەوە و وەك چۆن ژیانی خۆتان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان تەرخانكردوە وەك پێشمەرگەیەك كە بەرزترین پایەی خەباتە و، هەوڵەكانی بەڕێزتان بۆ بەدیهێنانی خواستی گەلەكەمان لە مافی چارەی خۆنوسین و ئەنجامدانی ریفراندۆم كە لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا و پاراستنی ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان و دامەزراوەكانی و سەرپەرشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بە گژداچونەوەی تیرۆریستان لە جەنگی دژی رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) هەمیشە بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە و وەك یەكێك لە دەستكەوتە مێژووییەكانی گەلەكەمان لێ دەڕواندرێت.

لە كۆتاییدا... پەرلەمانی كوردستان وێڕایی دەربڕینی رێز و پێزانین بۆ خەبات و ماندوبونتان زۆر بە گەورەییش دەڕوانێتە نامەكەتان و بۆ ئاییندەش هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە ئەركی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا.

 

لەگەڵ رێزدا

پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق

٢٩/١٠/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved