بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فرانس ٢٤

بافڵ تاڵه‌بانی‌: لە ٥٠ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ٣٨ یان پشتگیرییان كردووه‌ سوپای‌ عێراق بگه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك

 

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فرانس ٢٤، بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە کە هەندێک لە میدیا کوردیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو خیانەتی لە سەرکردە کوردەکان کردووە بەوەی ڕێگەی بە "میلیشیا شیعەکان و سوپای عێراق" داوە کە دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن.

 

دە‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ كه‌له‌لایه‌ن ئاران غه‌فوره‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌.

ئاران غەفوور

 

چاوپێكەوتنی بافێڵ تاڵەبانی لە كەناڵی فرانس ٢٤

بۆ یەكەم جار قسە لەسەر كۆتا ڕوداوەكانی ناوچەكە دەكات

لە سەرەتادا دەڵێت: بە هەموو شێوەیەك ئەو تۆمەتە بێ بنەما قێزەونانە ڕەت دەكەمەوە كە ئاڕاستەم كراوە، هەر چیەك كە ڕووی داوە لە ئەنجامی سیاسەتی كورتبینانەی سەكردایەتی كوردستان بووە، لە دوای كارەساتێكی لەم شێوەیە من چاوەڕێم دەكرد كە كورد یەكبگرن، و یەك دەنگی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بە داخەوە وەك زۆر جاری پێشوو لە جیاتی یەكگرتن لایەنە جیاوازەكانی هەرێم دەستیان كرد بە لۆمە كردنی یەكتر، بۆ بە خشینەوەی تاوانی بێ بنەما بۆ یەكتر، بۆ ئەوەی ڕاستیەكان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بشێوێنن لە كێشە ڕاستییەكە.

لە پرسیاری دووەمدا باسی ڕێكەتنی بافێڵ تاڵەبانی دەكات لەگەڵ ئێران و قاسم سولەیمانی و عێراقدا.

 

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: بەداخەوە تۆمەتباركردن هەیە، ئەمە جێگەی داخە، ئەوانەی كە بەرپرسن لەم كەیسە دەیانەوێت خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بدزنەوە و كەسێكییتر تاوانبار بكەن، و تۆمەتەكە بخەن بە لایەكی تردا، ئەتوانم بۆت ڕوون بكەمەوە كە چی ڕویداوە لە كەركوك، پێشنەرگەكانی ئێمە بەوە ناسروان كە كەركوكیان پاراستووە لە پێشودا ئێمە ئازاترین فەرماندەكانمان لە بەرگری كردن لە كەركوكدا پاراستووە لە هەموو جۆرە مەترسیەكدا، ئەمجارە لەگەڵ دوژمنێكی بێشوماردا كە لە چەك و تەقەمەنیدا زۆر لە هێزەكانی ئێمە دەوڵەمەنتر بوون، فەرماندە سەربازییەكانمان لەسەر زەوی، شێخ جەعفەر بڕیاری كشانەوەیدا لەدوای شەڕێكی زۆر، كە لەو شەڕەدا سەدان قوربانیمان هەبوو و دەیان بێ سەروشوێنمان هەبوو، ئەمە ڕاستی ڕوداوەكەیە، بۆ ئەوەی زیانەكان زۆرتر نەبێت و شەڕ نەیەتە ناو گەڕەكەكانەوە، وە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بكەینەوە مەترسییەوە، منیش كشانەوەی ستراتیژیم لەو ناوچانە پێ باشبووە و فەرمانم پێ كردووە.

 

فرانس٢٤: هەندێك لەناو حزبەكەی خۆشت تاوانبارت دەكەن

 

بافێڵ تاڵەبانی: ئەوكەسانەی كە لە حزبەكانی خۆم تاوانبارم ئەكەن بەو كارە، منیش ئاوڕیان لێ دەدەمەوە و پێیان دەڵێم خۆتان تاوانبارن و داوایی لێكۆڵینەوە دەكەم لەسەر ئەم ڕوداوە و بە فەرمیش داوام كردووە، هەروەها داوای لێكۆڵینەوەیەكی دیكەش دەكەم، داوای لێكۆڵینەوە لەسەرجەم سەركردە سیاسییەكانی كورد دەكەم كە ئێمەیان بەم بارودۆخە گەیاند، داوا ئەكەم دادگاییەكی بێ لایەنانە بكرێن، بۆ ئەوەی بزاندرێت كە ئەمانە شایەنی ئەوەن سەركردایەتی كورد بكەن.

 

فرانس ٢٤: تۆ بە ئاشكرا باسی بارزانی دەكەیت، كە پێش ڕیفراندۆم یەكگرتنێك هەبوو، كە سوربونی لەسەر ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە هەڵەیەكی مێژووی كرد؟

 

بافێڵ تاڵەبانی: من هێرش ناكەمە سەر مەسعود بارزانی، من هیچ شتێك ناڵێم كاریگەری لەسەر یەگرتویی كورد هەبێت، بە هیچ شێوەیەك، داوای لێبوردن ئەكەم كورد پێوستییە لەم كاتەدا یەكگروتوو بێت لە هەركاتێك زیاتر و تۆمەتی بێ بنەما ڕەت دەكەمەوە، بەڵام پێویستە پرسیار لە خۆمان بكەین، چۆن گەیشتین بەمە؟ ڕیفراندۆم پرسیارێك بوو پێویست بوو بكرێت، ڕیفراندۆم كۆتایی ئامانجەكە نەبوو، لە ڕۆژەكانی كۆتایدا ئەمریكا، برێت مەكگۆرك و فرانك بەیكەر، بە پێشنیارێكەوە هاتن، پێشنیارەكە ئێمەی ئەپاراست و گرەنتی پاراستنی مافەكانی ئێمەی دەدا، و بەڵێنی ڕیفراندۆمیان پێداین لە دوو ساڵی داهاتودا ئەگەر لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوتینایە، بەداخەوە بۆ سەركردە كوردەكان، من تەنها مەسعود بارزانی جیا ناكەمەوە، من ئەوە ڕەتی دەكەمەوە لەمەوە تێوەبگلێم، سەركردە كوردەكان ئەم دەرفەتە مێژوییەیان نەقۆستەوە، كە ئەمە گۆڕینی سیاسی بوو، ئەوە بوو كە من ئەمكرد، تەنانەت لە شەڕی كەركوكیشدا دەرفەت هەبوو، بەڕێز عەبادی پەیوەندی پێوە كردین ئەوكاتەی هێزەكە بەرەو كەركوك دەڕۆشت.

 

فرانس ٢٤: بە ڕاستگۆیی پێمان بڵێ ڕێكەوتنەكە چۆن دەبوو؟

 

بافێڵ تاڵەبانی:

بەڵگەنامەیەكم لایە كە ٣٨ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی واژۆی كردووە لە كۆی ٥٠ ئەندام، كە ناوچەی كەی وەن، ببێت بە ناوچەیەكی هاوبەش لە نێوان سەربازەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و هێزەكانی دیكەی هاوپەیمانان بەشێك لە سوپای عیراق، بەكار بهێندرێت بۆ شەڕ دژی داعش، ئەمە ڕێگەی لەو كارەساتە دەگرت كە لە كەركوك ڕویدا، ئەمە تاكە ڕێكەوتنە كە من پشتیوانیم لێ كردووە، بەمە كەركوكمان نەدەدۆڕان و توشی ئەو شكستە نەدەبوین، بەداخەوە دوبارە سەركردەكانی كوردستان توانایان نەبوو كە بڕیاری ڕاست  بدەن.

 

فڕانس ٢٤: كەواتە تۆ پێت وایە ڕێكەوتنێكی باشتر هەبوو، ئامانجەكانی حەیدەر عەبادی چییە؟كە دەیوت ئەمانەوێت پێكدادن ڕوو نەدات هەرچەندە ڕووی دا، پێت وایە كە عەبادی دژی ڕیفراندۆمی تاك لایەنەیە یاخود وەك خۆی دەڵێت ڕیفراندۆم كۆتایی هاتووە؟

 

بافێڵ تاڵەبانی: داوای لێبوردن ئەكەم من نازانم حەیدەر عەبادی چۆن بیر دەكاتەوە، تەنها ئەوە دەزانم كە حەیدەر عەبادی چەندین جار پەیوەندی پێوە كردین بۆ ڕێكەوتنی جیا، زۆربەی ئەو ڕێكەوتنانە شایستەی پەسەند كردن نەبوو بۆ ئێمە، بەڵام كۆتا چارەسەر كە ئەمریكییەكان هەیانبوو، كە بەدیلێكی باش بوو، كاتێك ڕەتمانكردەوە ئەوە هەڵەیەكی مێژووی بوو، هەتاكوو ئەو كاتەش كە عەبادی فشارێكی زۆری لەسەر بوو لەلایەن هاوڵاتیانی عیراقەوە، سەرۆك وەزیران عەبادی دووبارە پەیوەندی پێوە كردین، چارەسەرێكی بۆ پێشنیار كردین بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كەركوك ڕونەدا، بەداخەوە كاتەكە وا ڕێكەوت كە سەركردایەتی كورد كاتەكەی بە بەلاوە درەنگ بوو، من بێزار بووم لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە هەندێك كەسی ناو یەكێتی بەو بێ ڕێزییە ئەنجامی دەدەن، ئەوە زۆر ئاسانە منیش تۆمەت ببمەخشمەوە دژی ئەوانی دیكە و تۆمەتباریان بكەم، ئێمە سەد كەسمان بووە بە قوربانی و دەیانمان لێ بێ سەروشوێن بووە، ئەگەر من ڕێكەوتنم لەگەل بەغداد كردبێت، حەز ئەكەم بزانم ئەو هێزانەی دیكە كێن كە ڕێكەوتنیان لەگەل كراوە؟

 

فرانس ٢٤: لەسەر ئەو ڕوداوانەی پێشوو، كە بارودۆخەكە لە ساڵانی نەوەدەكان دەچێت، پێتتوایە شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەكێتی ڕووبداتەوە.

 

بافێڵ تاڵەبانی: هەمیشە ترسم لە شەڕ و ڕشتنی خوێن هەیە، ئەزمونم هەیە لە سەربازیدا، شتێك نییە پێم خۆش بێت نامەوێت خەڵك بنێرم بۆ شەڕ، بۆ بەرەوپێش چوون شەڕ نییە، پێویستە كار بكەین بۆ یەكگرتن، پێویستە حزب و هاوڵاتیانی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستە ئێستا یەكگرتوو بێت، لەبەر ئەوە كە بەڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم بە هەڵە تێگەشتنە نادەمەوە كە میدیا كوردییەكان بڵاوی دەكەنەوە، ئەوان لە خوار من و یەكێتییەوەن لەخوار سەربازە ئازاكانی ئێمەن كە بەرگریان لە كەركوك كردووە، بۆ دەیان ساڵ و خوێنیان ڕشتووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی كوردستان.

 

پێشهاتەکانی‌ دوای‌ ڕیفراندۆم

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو پێشهاتە، شەوی دووشەممە ١٦ی‌ تشرینی‌ یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەورووبەری و دەستپێکرد و لەو هێرشەیاندا تاوەکو ئێوارەی‌ ڕۆژی ١٦ی‌ تشرینی‌ یەکەم، ناحیەی‌ تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان، فڕۆکەخانەی‌ کەرکوک، کۆمپانیای‌ غازی‌ باکوور  و چەند شوێنێکی‌ تری شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد. لە شەڕەکانی‌ ئەو ڕۆژەدا بەلانیکەمەوە ٣٠ پێشمەگەر شەهیدبوون و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەش برینداربوون و دواتر لە کەرکوک و دەورووبەری‌ پاشەکشیان کرد.

 

هێزە عێراقییەکان لە بەردەوامیی‌ پێشڕەوییەکانیاندا و لە دوای‌ کشانەوەی‌ هێزەکانی‌ پێشمەرگە ڕۆژی‌ ١٧ی‌ تشرینی‌ یەکەمی ٢٠١٧ بەبێ تەقە چوونە خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانی‌ هاڤانا و بای‌ حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال، بەنداوی‌ موسڵ.

 

ڕۆژی ١٩ی‌ تشرینی‌ یەکەمی ٢٠١٧ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە دوای‌ کۆبوونەوەیەک، ڕایگەیاند پێشوازی لە داواکەی‌ عەبادی‌ دەکەن بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی‌ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی‌ دەستووری‌ عێراقدا.

 

لە بەردەوامیی‌ ئەو پێشهاتانەدا ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان (سوپای‌ عێراق، حەشدی‌ شەعبی و پۆلیسی‌ فیدڕاڵی و یەکەی‌ دژە تیرۆری عێراق) بە پاسای‌ ئەوەی‌ پردێ بەشێکە لە پارێزگای‌ کەرکوک، هێرشیان کردە سەر ئەو ناحیەیە لە ٣٠ کیلۆمەتریی‌ شاری‌ هەولێردا لە دوای‌ شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی‌ پێشمەرگە لەو میحوەرەدا چوونە ئەو ناحیەیە و کۆنتڕۆڵیان کرد. بەپێی‌ ڕاگەیاندراوەکانی‌ فەرماندەیی‌ پێشمەرگە لەو میحورەدا ١٥ تانک و هەمەر و ئالیاتی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەلایەن پێشمەگەرەوە تێکشکێنراوە و زیاتر لە ١٥٠ چەکداری‌ حەشدی شەعبیش بەهۆی‌ بەرەنگاریی‌ پێشمەرگەوە کوژراون.

 

ئەمڕۆش لە بەردەوامیی‌ ئەو پێشهاتانەدا سوپای‌ عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەکانی‌ زومار و عەین زالە  ٤٤ کێڵگەی‌ نەوت، کە دەکەونە باکوری ڕۆژئاوای‌ موسڵ، کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.

 

ئەمشەویش بارزانی‌ لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای‌ لە ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان ککرد، کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانیان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت.

 بارزانی‌ ڕاشیگەیاندبوو، حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە و داواشی‌ کرد ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارە کردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات. هەروەها داوای‌ لە ڕەوەندی‌ کوردی کرد خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ئەو هێرش و شەڕانەش بوونەتە هۆی‌ ئەوەی‌ بەشێک لە هاووڵاتیانی‌ کەرکوک و دووزخورماتوو و ناوچەکانی‌ دەرووبەری‌ ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵێن و ڕوو لە ناوچەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکەن، کە بەپێی‌ لێدوانی‌ بەرپرسانی‌ هەرێم ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی‌ لەسەر ماڵ و حاڵی‌ خۆیان ئاوارە بوون نزیکەی‌ ٩٠ هەزار کەس دەبن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved