پارتی بڕیاری بەستنـی کۆنگرەی دا !

 

 

ئەمڕۆ شەممە ١٨/١/٢٠٢٠ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە و بڕیاریدا لەمساڵدا کۆنگرە ببەستێت، لەدوای کۆبونەوەکەش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی پارتی:

 

بە سەرپەرشتی سەرۆك مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئه‌ندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٨/١/٢٠٢٠ ئەنجام درا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

 

تەوەری یەكەم:

 رووداوە گرنگەكانی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردار و پەرچەكردارانەی روویان داو هەروەها بڕیار و راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەما و پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بڕیارە چارەنووسسازەكان.

 

تەوەری دووەم:

 باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی... بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەڕەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بووەتەوە بەجۆرێك كە

 

زیاتر لە ٣٠% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبوونەوە رای وابوو كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عێراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردچن لە ئاستی خواست و ویست و بەرژەوەندی كۆی هاوڵاتیانی عێراقی دا بێت و لە تاكڕەوی بە دووربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق نەكەوێتە مەترسیەوە.

 

تەوەری سێ‌ یەم:

كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستی چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەو بوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابینكردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.

 

تەوەری چوارەم:

 لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكارییە زۆر و خێراییەكان لەناوخۆ و دەوروبەر و زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات.

 

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

١٨/١/٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved