پارێزگاری سلێمانی پەیامی ئومێد بڵاودەکاتەوە

 

 

دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پەیامی ئومێدی بۆ  رێگری و گرتنە بەرو پابەندبوون بەڕێوشوێنەكان بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.

 

 

دەقی پەیام:

 

((پەیامی ئومێد))

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

هاونیشتمانانی بەڕێز..

گوندنشین و شارنشینانی ئازیز..

 

 ئەم پەتای كۆرۆنایەی سەرزەوی تەنیوە، بووەتە مەترسییەكی گەردونی لەسەر تەواوی‌ مرۆڤایەتیی، تۆی بەهێزو خاوەنئیرادەو دوربین و دنیابین و خاوەنئومێد؛ بەهۆشیاریی خۆت و بەپەیڕەوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان، دەتوانیت خۆت و خێزان و خزم و خۆشەویستان و خەڵك و تەواوی مرۆڤایەتیی بپارێزیت، ڕێبگریت لە توشبوون و تەشەنەكردن و گواستنەوەو بڵاوبونەوەی.

 

ئەوەی دەبێتە مایەی خۆپارێزیی و خەڵكپارێزیی و چارەسەرسازیی، خودی خۆتیت كە وەك پزیشكێكی كارامە خۆت لە هۆكارو شوێن و كات و هەڵوسوكەوت و جوڵەكانی توشبوون بپارێزیت و خەڵكانی تریشی لێبەدوربگریت.

 

ترس و دڵەڕاوكێ و نائومێدیی؛ پشتیوانیی لە تەشەنەسەندن و مانەوەو خێراگواستنەوەی ئەم پەتایە دەكەن، لە ماڵەوە مانەوەو تێكەڵنەبوون و گۆڕین و ڕاگرتنی داب و ڕەفتارە كۆمەڵایەتییە باوەكان و ئۆقرەگرتن و ئارامیی و بەهێمنانە بیركردنەوە؛ هەنگاوی گرنگن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییە.

 

كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، حكومەتی فیدراڵیی، حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی خۆجێیی سلێمانی بەتەواوی دامودەزگاكانییەوە، كەرتی تایبەت و مێدیاكان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتیی و  مەدەنییەكان و دەستەبژێرو بەهرەمەندو كەسایەتییەكان‌؛ كاری یاساییانەو كارگێڕییانەو شێلگیرانەو لێبڕاوانەو دڵسۆزانەو زانستییانەو تەندروستییانەیان لەم پێناوەدا كردووە، بەڵام ئەوەی نەخش و بەهاو ئەنجامی باش و سەركەوتوانە بەم پرۆسەیە دەبەخشێت؛ تۆی بەڕێزیت.

 

ئەم ماوەیە بكەرە ماوەی بەخۆداچونەوەو بەخشش و بەخشین و خۆشەویستیی خۆت و خەڵك و خاك و خۆرو خودا، خۆت لە هەر تێكەڵاوبوون و بۆنەو سروت و كارو چالاكیی و قەرەباڵغییەك بپارێزە، بۆ ئەوەی بتوانیت مرۆڤایەتیی و تەندروستیی گشتیی بپارێزیت.

ئومێدو هێماكانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە زۆرن، بەڵام ماوەو خێرایی تێپەڕاندنی ‌ئەم پەتایە؛ وابەستەی هۆشیاریی و خەمخۆریی و گیانی بەرپرسیارانەی تۆیە.

 

تەندروستیی تۆ یەكسانە بە تەندروستیی گشتیی، ژیان چاوەڕێی هەنگاوەكانی تۆیە بۆ ئەوەی نەمرێت، خۆت بپارێزە بۆ ئەوەی گەردون و ژیان و ژینگەو مرۆڤایەتیی بپارێزیت.

 

هەموومان؛ چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەو هەڵوێستی ژیرانەو هەنگاوی دڵسۆزانەی تۆین.

خودای میهرەبان پشتوپەنای هەمووان بێت.

سلێمانی و كوردستان و گەردون؛ پارێزراوبێت.

 

PUKmedia

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved