راگەیەنراوێك لە لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتییەوە

لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی یەكێتییەوە رایگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاندوە.

 

راگەیاندراوی لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی

 

  چل‌و یەك ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژێكی دڵتەنگی وەك ئەمڕۆدا، لەكاتێكدا هێشتا سەرەتای دەستپێكردنی خەباتی یەكێتی‌و شۆڕشی نوێ بوو، (شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب)، وەكو یەكەمین تاقیكردنەوەی سەرقافڵەی نەمری بەبێ سڵەمینەوە چوونە بەردەم پەتی سێدارەی بەعسیە فاشیەكان‌و وانەی "كەم ژیان، كەڵ ژیان"یان داهێنا‌، شەهیدبوونیشان گیانی بەرگری‌و كوردایەتیان زیاتر بەرز كردەوە.

 

 لەو ڕۆژەوە تائێستا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاروانی شەهیدەكانی،كاروانێكی بێكۆتاییە‌و ڕۆژ‌و شوێن‌و سەنگەر‌و وێستگە‌و قۆناغێكی كوردایەتی نیە، پێشمەرگە‌و تێكۆشەرانی یەكێتی خوێنی تێدا نەرژابێت، زیندان‌و جەلاد‌و پەتی سێدارە نەماوە، شاهیدی  قارەمانێتی یەكێتیەكان نەبووبێت.

 

 یەكێتی حزبی بیست هەزار شەهیدی سەنگەرو سێدارەیە، سەرەتای كاروانی شەهیدانی یەكێتی لە (١٩٧٦) دەستی پێكرد‌و دوایین سەروەرانی ئەم كاروانەش، سەدان شەهیدی بەگژداچوونەوەی تیرۆریستانی داعش‌و بەرگریی بوون لە كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان.

 

  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەموو شەهیدانی رێگای ڕزگاری كوردستان، بەبێ جیاوازی بەشەهیدی كوردستان دەزانێ، لەم ڕۆژەدا لەئاست كێڵی پیرۆزی گڵكۆكانیان، سەر دادەنەوێنین‌و سڵاویش بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین. یەكێتیەك ئەمە مێژووی خەبات و قوربانییەكانی بێ ،دیارە هەقی خۆشیەتی ڕۆژێك بۆ یادی شەهیدەكانی تەرخان بكات، كە ئەویش (٢١/١١/١٩٧٦)ە،ڕۆژی لەسێدارەدانی شەهیدانی سەركردە(خاڵە شیهابی و جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب). هاوكات، یادی هەموو شەهیدێكە لە پێناوی رزگاری و دیموكراسی و دادپەروەریدا.

 

  ئەمساڵ لەهەلومەرجێكی دژوارو هەستیاردا، یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی دەكەینەوە، بەداخەوە بەشی زۆری ئەو ئامانجانەی شەهیدەكانمان گیانی خۆیان لەپێناودا بەخشی، بەدینەهاتوون، بەشێك لەوانەشی بەدیهاتوون لەبەردەم هەڕەشەدان . بەغداد پابەندی دەستور و رێكەوتنەكان نەبووە. هێزە كوردستانیەكانیش لێك ترازاون. ناوچەكەش لەبەردەم مەترسی رێكەوتن دایە،كە مافە دیموكراسیەكانی ناوچەكە و گەلان كەمتر لەبەرچاو بگیرێن !!

 

 لەئاستی كوردستاندا، باشترین ئەمەكداری بۆ شەهیدەكانمان، یەكڕیزی نیشتمانی‌و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان‌و بنەبڕكردنی گەندەڵی‌و چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و سەروەری یاسا‌و بەدامەزراوەیی كردنی حوكمڕانی‌و خۆشگوزەرانی ‌و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری كوردستانە.

 

 بۆ یەكێتی-یش، پێویستە وەفاداری بۆ شەهیدان‌و پابەندبوون بەرێبازی مام جەلال‌و درێژەدان بەرێگاو رێبازیان، بەكردەوە بكرێ، لەپێشەوەیان پاراستنی "یەكێتی ناو یەكێتی"‌و "چەپكە گوڵەكەی مام جەلال"‌و لەدەست نەدانی شەرعیەتی پەیڕەوپرۆگرام و سازدانەوەی یەكێتی بۆ راپەراندنی ئەركە نیشتمانیی‌و دیموكراسیەكانی‌و نوێ كردنەوەی ژیانی رێكخراوەیی یەكێتی، بەرەو كۆنگرەیەكی هەڤالانەی راستەقینە ،

 

   ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی ناهەموارو ئەو نەهامەتیانەی لەئارادان، بەداوای لێبوردنەوە چالاكی مەركەزی‌و رێكخراو ئەنجام نادرێ، هەموولایەكیش سەربەستن چۆن ئەم یادە پیرۆزە دەكەنەوە. یادو بیروەری‌و خۆنەویستی شەهیدان، هەمیشە لەدڵ‌و ویژدانماندا زیندووە،  درێژەپێدەری رێگاو رێبازیان دەبین.

 

سڵاو لە سەرۆك مام جەلال رابەری شۆڕشی نوێ‌و سەركردەی هەمیشە نەمرمان...

نەمری بۆ شەهیدانی یەكێتی‌و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان...

سڵاو لەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان...

سڵاو لە پێشمەرگە كۆڵنەدەرەكان

لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی

 

٢١/١١/٢٠١٧

 

PUKmedia

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved