ئەنجومەنی ناوەندی داوای دیاریكردنی كاتی كۆنگرەی یەكێتی دەكات

 

ئەنجومەنی ناوەندی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەمرۆ بەرواری ٢٠/١١/٢٠١٧ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات بەزوترین کات کۆببێتەوەو بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی کۆنگرەو رێوشوێنەکانی بدات، راشیدەگەیەنێت ئەگەر سەركردایەتی ئەو بڕیارە نەدات ئەنجومەنی ناوەندی بڕیار لە رۆژی بەستنی کۆنگرە دەدات.

 

راگەیاندراوێک لە ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک-وە

هەڤاڵانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

 

بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی یەکێتی و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەم و چۆنیەتی زەمینە سازی و هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی کۆنگرە، لەکۆبوونەوەی سکرتاریەت و لێپرسراوی کۆمسیۆنەکانی ئەنجومەنی ناوەندیدا دوای گفتوگۆیەکی هەڤاڵانە بەکۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەم خاڵانە درا:

یەکەم:

 ئەنجومەنی ناوەندی داوا لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات بەزوترین کات کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تیایدا بڕیار لەسەر دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرەو رێوشوێنەکانی بدەن، ئەگەر نا ئەنجومەنی ناوەندی لەکۆبوونەوەی فراوانی خۆیدا ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و بڕیار لە رۆژی بەستنی کۆنگرە دەدات.

دووەم:

ئەنجومەنی ناوەندی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کەهەیەتی دەست دەکات بەهەموارکردنی رەشنوسی پەسەندکراوی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە بەشێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ئێستای یەکێتی و ئەم قۆناغەی خەباتتدا بگونجێت.

 

سێیەم:

 ئەنجومەنی ناوەندی دەستخۆشی لەسەرجەم ئۆرگان و هەڤاڵان و میدیای یەکێتی دەکات کەپشتگیری راگەیاندراو و هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ناوەندی دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە، هیوادارین بەردەوامبن لەسەر ئەو پشتگیرییە بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پێکەوە لەرێی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووەوە رۆحیانەتی مامی مەزنمان و سەرجەم شەهیدان شاد بکەین و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر بکەین.

 

هەروەها کۆبوونەوە هیوای تەندروست باشی بۆ هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی دەخوازێت و تەمەنا دەکەین بەتەندروستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان.

 

نەمری بۆ شەهیدان

سڵاو لەهەڤاڵانی یەکێتی

ئەنجومەنی ناوەندی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٠١٧/١١/٢٠

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved