راگەێندراوی پارتی ئازادیی کوردستان PAK

سەبارەت بە کوشتاری رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان

رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان ، جارێکی دیکە تووشی کوشتار بوونەتەوە. هێز و دامودەزگاکانی دەوڵەتی داگیرکەر ، لە زەوی و ئاسمانەوە، هێرش دەبەنە سەر خەڵک و لە خوێنیان دەگەوزێنن.

ئەوەی لە باکووری کوردستان لە گەڕدایە، لووتکەی قەیرانی دەوڵەت- نەتەوەی ترکیا و بەڵگەی زەرورەتی هەڵوەشانەوەی ئەو جۆرە دەوڵەتانەیە. ئەگەر 90ساڵ لەمەوبەر لە هەلومەرجی جیهانی ئەو دەمدا، سایکس- پیکۆ و لۆزان، نەتەوەی کوردیان بە بێ لە بەر چاو گرتنی ویست و ئیرادەی خۆی و تەنیا لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی زلهێزەکان بە سەر ژمارەیەک دەوڵەتی دەسکردا، دابەش کرد و بە زەبری هێز و کوشتار و سیاسەتی حاشالێکردن و ئاسمیلاسیۆن، نیری یەخسیرییان کردە مل؛ ئەمڕۆ ئەوە چارەگە سەدەیەک لە دەسپێکی سەردەمێکی جیهانی تێدەپەڕێ کە ئیتر ئەو جۆرە دەوڵەتانە لە ژێر گوشاری نەتەوە بندەستەکاندا، خۆ بە پێوە ناگرن.

نەتەوەی کورد مافی خۆیەتی چیتر لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا نەژی کە 90 ساڵە ئاگر و ئاسنی بە سەردا دەبارێنن. ئەگەر دوێنێ باشووری کوردستان دژی حاکمییەتی داگیرکەر راپەڕی بەرەو دەوڵەتبوون دەڕوا و رۆژاوای کوردستان بە کەڵکورگرتن لە هەلومەرجەکان ، ئیدارەی خۆی گرتووەتە دەست؛ ئەمڕۆ رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی نەتەوەیی راپەڕیوەن و سبەی راپەڕینی کوردان لە پێناو هەڵگرتنی سەروەریی تاران و گەیشتن بە ئازادیی و سەربەخۆیی دەگاتە رۆژهەڵاتی نیشتمان.

لەوەها هەلومەرجێکی جیهانی وناوخۆییدا ، عەقڵانییەت حوکم دەکا کە سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی ترکیا، لە جیاتی دووبارە کردنەوەی ئەزموونی خوێناوی یۆگسڵاوی ، ئەزموونی سەرکەوتووی چێکوسڵۆڤاکی لە گەڵ نەتەوەی کورد بگرنە بەر. بەمجۆرە هەم خۆیان لە تاوانی قڕ کردنی نەتەوەیەک دەپارێزن و هەم دەوڵەتەکەیان لە داڕمان. هاوکات هێزە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، مافی ئەوەیان نییە ، رووباری خوێن و خەباتی سەختی رۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە پێناو سیستەم و قەوارەی نامۆی وەک" کانتۆن" و " خۆسەری" و "خودموختاری"، بە هەدەر بدەن. رزگاریی یەکجاریی لە ستەم و کوشتار، لە گرەوی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبووندایە.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەریەتی قەرەبووی هەڵەکانی رابوردوی لە مەڕ نەتەوەی کورد بکاتەوە و رێگا نەدا، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەلاچۆ بکرێ. نەتەوەیەک کە شانازیی پاراستنی جیهانی لە مەترسیی داعش بە خوێنی رۆڵەکانی تۆمار کردوە، رەوا نییە، لە لایان ئانکارا و تارانەوە ، بەر کوشتار بکەوێ.

پارتی ئازادیی کوردستان ، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی دڕندانەی هێزەکانی ترکیا بۆ سەر رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی رزگاریخوازیی باکووری کوردستان، دەردەبڕێتەوە و سڵاو دەنێری بۆ شەهیدانی رێگای ئازادیی و بەرەنگاریی نەتەوەیی.

پارتی ئازادیی کوردستان، تەبایی و یەکڕیزیی نەتەوەیی لە نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکاندا لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێویستییەکی هەنووکەیی دەرباز بوونی سەرکەوتووانەی نەتەوەکەمان لەم قۆناغە هەستیارەی جیهان و رێکخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناڤین، دەزانێ.

شەکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

کۆمیتەی ناوەندیی

3ی بەفرانباری 2715

24ی دیسامبری 2015

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved