یەكێتی: بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای ئاسایش درا

 

میدیای یەكێتی بەیاننامەی ژمارە ١ی لیژنەی باڵای هێزەكانی كوردستانی بڵاوكردەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی و

دەقی راگەیەندراوەكە..

 

خەڵكی شەرەفمەندی كوردستان!

كەسوكاری شەهیدان!

هێزەكانی پێشمەرگە، ئاساییش، زانیاری، پۆلیس و دژەتیرۆر!

 

گەلەكەمان، لەكاتێكدا لە دوڕیانی چارەنوسسازی سیاسیدایەو پیلانەكان لەناوچەكەدا، ئاشكرا بۆ سەپاندنەوەی سیاسەتی پیلانگێڕییە، یەكێك لە پیلانەكان، هێشتنەوەی گەمارۆی ئابورییە لەكوردستاندا، هەتا كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەرنەكرێ، كەچی بەداخەوە، هەندێك تاقمی ئاژاوەگێڕو سپڵەی سیاسی و داخ لەدڵ، دوو رۆژە بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەیەكی زیانبەخشیان لە شارو چارۆچكەكان، بەتایبەتی (رانیە، كۆیە، پیرەمەگرون، تەقتەق، كفری و تەكیە) ناوەتەوەو پەلاماری دەزگاكانی خزمەتگوزاری و ئۆرگانە رەسمیەكانی حكومەت و حزبەكان دەدەن.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەدان بەڵگەی لایە كە تاقمی جۆراوجۆر، چەك بەكاردێنن. ئاژاوەدەنێنەوە، خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەرەو هەڵدێر دەبەن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم دۆخەدا، هەروەكو دۆخی كارەساتەكانی مێژووی شۆڕشی نوێ، كە بەسەر گەلەكەمان و یەكێتیدا هاتووە، هەلومەرجی ئاژاوەگێڕیی ئێستا، بە مەترسیدار دەزانێ لەسەر ئەزمونە دیموكراسیەكەو ئاشتی كۆمەڵایەتی. بۆیە، لەرێگەی دەزگا رەسمیەكانی حكومەتەوە، تەواوی توانای خۆی دەخاتەكار، پیلانگێڕانی ئەم ئاژاوەیەش، بەدەردی پیلانگێڕانی رابوردوو بەرێت. بۆیە، جەماوەری كوردستان و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و تەواوی تێكۆشەرانی لایەنە پەرۆشەكانی كوردستان، ئاگاداردەكەینەوە، كە یەكێتی، بۆ رۆژگاری سەخت، هەر یەكێتیەكەی شۆڕشی نوێ و هەر یەكێتیەكەی نەعرەتەی دەمی راپەڕینە.. یەكێتیەكەی هەڵسانەوەی كۆچڕەوە.. یەكێتیەكەی رچەشكێنی مافی چارەنوس و دیموكراسی و مەدەنیەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتیش دەمێنێتەوە.

 

سەرەڕای هەڵەو كەموكوڕی و گەندەڵی، كە یەكێتی بەڵێنی داوەو دەیدات كە هەر دەبێ چارەسەری ئەو كێشانە بكرێن، بە كێشەی موچەو پاشەكەوتی موچەشەوە، بەڵام تەواوی ئەو كێشانە پاساو نین، رێگەبدرێ ئاژاوەگێڕان، چارەنوسێكی رەش دوچاری ئەزمونە دیموكراسیەكەمان و یەكێتیەكەمان بەناوی خۆپیشاندانی مەدەنیەوە بكەن. ئاخر:

-    خۆپیشاندانی مەدەنی و سوتاندنی دەزگاو بارەگا، كەی رەوایە؟

-    خۆپیشاندانی مەدەنی و بەكارهێنانی چەك دژی بارەگاو دەزگا، كەی مافی مەدەنییە؟

-    خۆپیشاندانی مەدەنی و تاڵانكردنی دەزگاو بازاڕو ماڵان، چ پەیوەندیەكی بە یاسای خۆپیشاندانەوە هەیە؟

-    خۆپیشاندانی مەدەنی و هاندانی ئاژاوەگێڕیی لەلایەن هەندێك میدیای بەناوی ئەهلی، كەی پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە هەیە؟

-    خۆپیشاندان و ژێربەژێر رێكەوتن بۆ وەرگرتنی پرۆژە لە موسڵ و بەغداد، مافی مەدەنیە، یان بازرگانیكردنە بەخوێنی خەڵك؟

-    خۆپیشاندانی مەدەنی و راپێچكردنی مناڵانی (١٠-١٥) ساڵ بۆ فڕكان فڕكان، كەی رەوای ویژدان و هەقە؟

لەبەر بەرپرسیارێتیی مێژوویی سەرشانمان و لەپێناوی ئەوەی بتوانرێ، لەگەڵ بەغداد زەمینەی گفتوگۆیەكی سەركەوتوو بەپێی دەستور سەربخرێ و ژینگەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد پاك بكرێتەوە، سەركردایەتی یەكێتی، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای ئاساییشی لە هێزی پێشمەرگە، ئاساییش، زانیاری، دژەتیرۆر، پۆلیس و دەزگاكانی تر، پێكهێناو بەم راگەیاندنە رایدەگەیەنین كەوا:

بەرپرسیارێتی ئاساییشی كۆمەڵایەتی و رێگرتن لەئاژاوەو پیلانگێڕیی، هەڵدەگرین و تەنهاوتەنها، بڕیارمان خامۆشكردنی ئاژوەگێڕانە و بەس. داواشمان وایە، تەواوی لایەنەكان، خۆیان لەئاژاوەگێڕان دوور رابگرن، بەڵكو بەشێك بن لە بەرگری لە رێساو یاساو خەباتی مەدەنی..

بەدڵنیاییەوە، ئەم دۆخەش، وەكو ئەزمونێكی تاڵ، تێدەپەڕێ، ئەوەی بۆ نەتەوەكەشمان دەمێنێتەوە، چارەسەركردنی ئەقڵانیانەی كێشەكان و پێشخستنی ئەزمونە دیموكراسیەكان و خۆشگوزەرانی خەڵكە.

 

-    بۆ پێشەوە بەرەو تێكشكاندنی ئاژاوەگێڕیی.

-    بەرەو چارەسەری كێشەی موچەی خەڵك.

-    بەرەو سەروەری یاسا.

 

لیژنەی باڵای

هێزەكانی كوردستان

٢٠/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved