پارتی وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەداتەوە

 

 

مەكەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکەن پێیان باشە بۆ ئەم جارە پۆستی‌ سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتییەوە كاندیدی بۆ دیاری بكرێت و لەبەرامبەردا یەكێتی پۆست و ئیستحقاقی دیكە پڕبكاتەوە.

 

دەقی راگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردسان:

 

هاوڵاتیانی بەڕێز.

 

لای هەموتان روون و ئاشكرایە كە پارتی نەك هەر لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەڵكو هەمیشە پەرۆشی پێكەوەیی و یەكڕیزی بووە و هەموو هەوڵەكانیشی لەو پێناوەدا بووە.

 

سەبارەت پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئێمە لە كۆبونەوەكانمان لەگەڵ برایانی یەكێتی هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئەو پۆستە بەش و ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە. لە دوایین كۆبونەوەشمان لە بارەگای بەرێز كاك كۆسرەت جارێكی دیكە ئەم بابەتەمان لەگەڵ تاوتوێ كردن، زۆر بە راشكاوی پێمان گوتن لەبەرئەوەی چەند جاری رابردوو پۆستی سەرۆك كۆمار لە لای یەكێتی بووە، پێمان باشە بۆ ئەم جارە پۆستەكە لە لایەن پارتیمانەوە كاندیدی بۆ دیاری بكرێت و لەبەرامبەردا یەكێتی پۆست و ئیستحقاقی دیكە پڕ بكاتەوە، بڕیاریش وابوو لە نێوخۆیاندا گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بكەن و دواتر وەڵاممان لێ بگێڕنەوە. بەڵام بە داخەوە لە بری ئەوە لە راگەیاندنەكانەوە بیستمان كە تاك لایەنە و بێ مشوەرەت لەگەڵ پارتیمان و لایەنەكانی دیكەی كوردستان و، بێ گوێدانە داواكارییەكەی ئێمە، كاك بەرهەم ساڵحیان گەڕاندەوە نێو یەكێتی و كاندیدیان كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆیە جێی سەرسوڕمانە كە دەبیستین یەكێتی چوونی وەفدی ئێمە بۆ بەغدا بە هەڵوێستێكی تاك لایەنە دەزانێ.

 

لە راستیدا پێداگیریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هیچ بەهانەیەكی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێكەوتنی ساڵی 2005ی نێوان سەرۆك بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەكەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمە و نە پۆستەكە بۆ مام جەلالە و كۆی هەل و مەرجەكەش گۆڕاوە. جگە لەوەی زۆر لە بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە چوار خاڵییە و تەنانەت رێكەوتنی ستراتیژی 2007 یش لە لایەن خودی یەكێتییەوە دەمێكە پشتگوێ خراون. خۆ ئەگەر ئیستحقاقی ئینتیخابییش پێوەر بێت، مەعلومە كە پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە هەموان موستەحەقترە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا.

 

ئێمە كە داوا دەكەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاهیدە كە ئێمە هەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی هەموو لایەك وا بكەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و كاریگەرییەكی باشتری هەبێت و داكۆكیكار بێت لە بەرژەوەندییەكانی كوردستان و بە كەڵكی میللەتەكەمان بێت نەك بێ تەئسیر و بێ سوود.

ئێمە ئێستاش پەرۆشی یەكرێزی و پێكەوەیین، داواشمان ئەوەیە لەگەڵ برایانی یەكێتی بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆیەكانی دوا كۆبونەوەمان و هیواداریشین ئەو راگەیاندراوەی بە ناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە، هەڵوێستی هەموو یەكێتی نەبێ.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٣ی ئەیلول ٢٠١٨

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved