ڕاگەیەندراوێك لە نوسینگه‌ی سکرتێری په‌رله‌مانی کوردستان.

 

 

مونا قه‌هوه‌چی‌،لە نوسینگه‌ی سکرتێری په‌رله‌مانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

 

دوا بەدوای بەڕێوەچوونی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار، دەبینین کە هەندێ لایەن و پەرلەمانتار بەمەبەست هەندێ لێدوان و قسەی بێ بنەما و بازاڕی لەسەر پێکهاتەکانی کوردستان دەکەن، دەیانەوێت فەشەلی سیاسی و هەڵەکانیان بەو هەوڵە بچووك و لەرزۆکانە بشارنەوە و رای گشتی بەلارێدا بەرن، بەشداری پێکهاتەکان لەدانیشتنی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە، کە هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان دەنگیان پێداوە، بۆ بەرقەراربوونی سەروەری یاسا بووە، بۆیە بۆ هیچ کەس و لایەنێك نەهاتووە سیاسەتی پێکهاتەکان دیاری بکات و باس لە ماف و بەرژەوەندی پێکهاتەکان بکات، پێکهاتەکانی کوردستان، پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم نیشتیمانەن و لەدێر زەمانەوە هاوشانی گەلی کورد پێکەوە ژیاون و بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی کوردستانیان کردوە.

 

سەبارەت بە کورسی کۆتای پێکهاتەکان، مافێکە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە بۆ پێکهاتەکان، نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان دەکەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان بێت، درێغی لێ ناکەین و لە داهاتووشدا هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبین لە سیاسەتی خۆمان، باسکردنی رێژە و ژمارەی دەنگدەران و بەراوردکردنی بە ژمارەی دەنگدەری ئەندامی لایەنێکی سیاسی دیكه‌ بەتەواوی رەتدەکەینەوە و کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان و کەم بەهاکردنی کورسی و دەنگدەری پێکهاتەکانە.

 

پێکهاتەکانی کوردستان مافی خۆیانە هاوپەیمانی هەر حزب و لایەنێکی سیاسی بکەن لەپێناو پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان، بۆ ئەو کەس و لایەنانەش کە بۆ داپۆشین و بەلارێدابردنی شکستەکانیان هێرشی ناڕەوا و دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخڵاقی سیاسی دەکەنە سەر نوێنەرانی پێکهاتەکان، باشترە خەریکی چاکردنی هەڵەی سیاسی و کێشەکانی خۆیان بن.

 

ئێمە بەردەوام دەبین، سیاسەت و بەرنامەی کاری پەرلەمانیمان بەم شێوەی کە خۆمان وەك پێکهاتەکان پێمان باشە درێژە پێدەدەین و ئەوەی لە بەرژەوەندی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بێت دەیکەین.

 

سەرکەوتن بۆ کوردستان و سەربەرزی بۆ شەهیدانمان

٨ی ئایاری ٢٠٢٠

نوسینگه‌ی سکرتێری په‌رله‌مانی کوردستان

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved