لە نێوان ڕێکخستنەوە و تەمێکردندا!

 

 

نووری بێخاڵی

 

بەبێ هیچ دوو دڵیێک، وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک، بە تەواوی لەگەڵ ئەوەدام بواری کاری میدیایی بە گشتی و بەتایبەتتریش میدیای ئەلیکتڕۆنی، بە یاسا ڕێک بخرێتەوە. وەلێ ئەم ڕێکخستنەوە یاساییەی میدیا و میدیای ئەلیکتڕۆنی، دەبێ لەپێناو زیاتر بە پیشەییکردن و پابەندکردن بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی و ئیتیک بێت، نەک دەمکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.

 

ڕوونتر بڵێم، بۆ ئەوەی ئەو بابایانەی ئەو پێشنیازە یاسایەیان داناوە، هەر زوو حوکمی کوێرانەمان بەسەردا نەدەن، بەوەی کە ئێمە دژی یاساین. پێیان دەڵێین: ئەوە ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو ساڵانێکە و بە ئاشکرایی باسمان لەوە کردووە، کە دەبێ یاسایەکی گشتگیر و هەمەلایەن هەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی کاری میدیایی بەگشتی و میدیای دیجیتاڵی بەتایبەتی. دەڵێم یاسایەک بۆ ڕێکخستنەوە و چاکسازیی، نەک بۆ کۆت و سندمکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئامرازێک بۆ سزادان و تەمێکردن!

 

لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسای دیکە هەن، کە دەکرێ بۆ ڕێکخستنەوەی بوارەکە هەموار بکرێنەوە و فروانتر بکرێن، دەرچواندنی یاسای دیکە زیادەیە. بۆ نموونە، جگە لە یاسای سزادانی عێراقی، کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرکارە و چەندین بڕگە و ماددەی تایبەتی بە (ناوزڕاندن، لەکەدارکردن، جنێودان، سووکایەتیی پێکردن و…) تێدایە. هاوکات یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هەیە، کە دەکرێ بە هەموارکردنەوە و فراوانکردنی چوارچێوەی هەردوو یاساکەی دوایی، بواری میدیا بە گشتی و میدیای ئەلیکتڕۆنی بە تایبەتی، ڕێک بخرێتەوە.

 

ڕاستییەکەی هەموومان زۆر باش لە مەترسییەکانی نابەرپرسانە مامەڵەکردنی میدیای ئەلیکتڕۆنی دەگەین، بەتایبەتیش سۆشیال میدیا کە ئەم زاتانە دوور و نزیک باسیان نەکردووە. ئاخر ئەوە سۆشیال میدیایە کە سەرچاوەی گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی، سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵگەیی. بەو پێیەی بووەتە سەکۆی جنێوفرۆشیی، ناوزڕاندن، سووکایەتی پێکردن، لەکەدارکردنی کەسایەتی و دەستوەردانە ئازادی و ژیانی تایبەتی خەڵک، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هەر بەجیدی ئەو بابایانەی ئەو پێشنیازە یاسایەیان داڕشتووە، بە هەموو عەقڵی خۆیان پێیانوایە سۆشیال میدیا جڵەو دەکرێت؟

 

بەپێی قسەی پسپۆر و شارەزایانی یاسادانان، پێشمەرجی یەکەم بۆ داڕشتن و دانانی هەر یاسایەک، دەبێ ئەوانەی یاسا دادەڕێژن، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووریی کۆمەڵگا و دۆخی دەروونیی تاکەکانی لەبەر چاو بگرن. بەپێچەوانەوە، دەکەونە هەڵەی کوشندەوە. وەک ئەوەی ئەم بابایانەی ئەو پێشنیازە یاسایەیان داناوە!

 

هەر کەسێک بە وردی پێشنیازە یاساکە بخوێنێتەوە، زۆر باش لەوە حاڵی دەبێت، کە پڕۆژەکە هێندەی پەرچەکردارە، ئەوەندە خوێندەوەی وردی واقیعی کۆمەڵگا نییە. ئەوەندەی هەڵقووڵاوی جۆرێک لە ڕق و تۆڵەسەندنەوەیە، چارەگی ئەوە لە خەمخۆریی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی نییە. ئاخر جەوهەری ئامانجەکە سزادانە، نەک چاکسازی و ڕاستەڕێکردن، یان وەک شارەزایانی یاسا دەڵێن: پڕۆژە و یاسایەکی (سزایی)یە، نەک ڕێکخستنەوە، ئەمە لە لایەک.

 

لەلایەکی دیکەوە، زۆرێک لە شارەزایانی بواری میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا باسی دەکەن، ئەگەر ئەو برادەرانە لە بنەڕەتدا جیاوازیی نێوان میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا بەڵەد بووان، یان ماڵپەر و وێبلاگیان لە پەیج و ئەکاونت جیا بکردایەتەوە، نەدەکەوتنە ئەم چاڵی قوڕەوە. ئەمەو چش لەوەی لەبیریان چووە، ئەوە توانیان لە هەرێمی کوردستان خاوەنی ماڵپەڕێک، یان پەیجێک لە هەرێمی کوردستان سزا بدەن، ئەی چی لەوانە دەکەن کە لە دەرەوەی کوردستان دەیان ماڵپەڕ و پەیجیان هەیە؟ دەی ئەوان بە ڕببەی کام یاسا سزا دەدەن؟ ئەی باشە چی لەم هەموو پەیج و ئەکاونتە حزبیانە دەکەن، کە خاوەنەکانیان دیار نین و ڕۆژ تا ئێوارە جنێوبارانی یەکتر دەکەن و دەروونی تاک بە تاکی کۆمەڵگایان شێواندووە؟ بەڕاست، وەک ئەوەی توانای سزادانی هاووڵاتیێکیان هەیە، دەتوانن سزای ئەم هەموو پەیجی پشتیووانانی فڵان و لایەنگرانی فیسار بدەن؟

 

وەکووتر ئەگەر دادگایەکی تایبەتمەند و یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی زمان لەم هەرێمە هەبوایە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە ئاستی ڕێزمان و ڕێنووسدا، زمانی کوردی (کە کۆڵەگەی بوون و شووناسی نەتەوەیی و هێزی مانەوەی کوردە) ئەتک کرد، سزای دابوا. ئەوا دەبوو ئەو بابایانەی ئەم پێشنیازە یاسایەیان بەم کوردییە سەقەت و ڕێنووسە سەقەتترە نووسیوە، توندترین سزا بدرێن. ئاخر بەناو نوێنەرانی نەتەوەیەک، کە هێشتا زمانی نەتەوەکەیان بە ڕێزمان و ڕێنووس بەڵەد نەبن و لە نووسین و داڕشتنی زمانی دایکیاندا هەژار و کۆڵەوار بن، چۆن ڕووی ئەوەیان هەیە خۆیان بە نوێنەری ئەو نەتەوەیە و دۆزە چارەنووسسازە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی بزانن؟

 

ڕاستە گوتمان و جەختیش دەکەینەوە کە ڕێکخستنەوەی کاری میدیا و بەتایبەتی میدیای ئەلیکتڕۆنی، زۆر گرنگە، بەڵام ئەم ڕێکخستنەوەیە بە ڕببە و پێودانگی سزاکانی یاسای دژەتیرۆر ناکرێت. جا خۆ ئەگەر وا بێت، ئەوە ڕێک بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای (1984)ەکەی جۆرج ئۆروێڵ و (کۆماری ترس)ی کەنعان مەکییەیە!

 

بەهەرحاڵ، دڵنیام ئەگەر ئەم زاتانە تەنیا دوا ڕاپۆرتی دامەزراوەی میدیایی (DW)ی ئەڵمانی و بۆچوونەکانی (مارکۆس ن. بیکۆ - ئەمینداری گشتیی لقی ئەڵمانیای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی)ان لەبارەی دوا پەرەسەندنەکانی میدیای دیجیتاڵی، فەزای ژمارەیی و ئالنگارییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بخوێندبایەوە، هێندە پەلەیان لە نووسینەوەی پڕۆژەکەیان نەدەکرد. ئەوە بۆیە زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە، هەرکێ هات، بە بیچم و ڕووخسارێکی جوانەوە بە ڕووماندا هات، کەچی لە دوای خۆی ژینگە و ژیانیشی لێ پیس کردین و دەکات.

 

ماوەتەوە بڵێم: پرسی ئەم پێشنیازە یاسایە ڕێک خەیاڵی بردمەوە سەر دەربڕینێکی زۆر سەرنجڕاکێشی (کۆنستانتین گۆرگیۆ)ی ڕۆماننووس لە ڕۆمانی (کاتژمێر ٢٥)، کە دەڵێت: "ئەمە فێڵێکی زۆر کۆنە، بۆ ئەوەی تاوانباریی بێتاوانێک بسەلمێنن، ئەوا دەیخەنە نێوان دوو تاوانبار!”

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved