ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی تێکۆشانی گەلەکەمان

 

 

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٥٠ ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە،

 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی

 

ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی ئەو شۆڕشە مەزنە و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بووه‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تیی‌ بارزانیی‌ نه‌مر لەپێناو مافە ڕەواکانیدا، هەر ئەو ڕێككەوتنەش بووە بەردی بناغەی هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بۆ گەلەكەمان هاتنەدی.

 

یادکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی. ئەم ڕێککەوتنە بەڵگەی ڕاستیی باوەڕی گەلی کوردستانە بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە لە هەر کێشە و ململانێیەکدا، هاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق کە هەمیشە بژاردەی دیالۆگ، لێکگەیشتن، ڕێزله‌یه‌كگرتن و باوەڕی بە مافەکانی یەکتر، تاکە ڕێگەی دروستە بەرەو ئاشتی و ئایندەیەکی گەش.

 

هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە سەر هەڵوێستی چارەسەرخوازانەی خۆمان دەكەینەوە و بە ئومێدین دۆخی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی هەنگاو بنێ، لەوپێناوەشدا وەك هەمیشە ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین.

 

بەرز و شکۆدار بێت یادی رێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١٠/٣/٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved