نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەكەی دادگای فیدرالی تاكلایەنەیە

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠/١١/٢٠١٧، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە بە مەبەستی دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، لەمڕۆوە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. ئاشکراشی کرد کە بڕیارەکەی دادگای فیدرالیی عێراق بێ ئامادەبوونی ھەرێمی کوردستان دەرکراوە.

 

دەقی پرێس کۆنفرانسەکە:

دووبارە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی قوربانییانی ئەو بوومەلەرزەیە دەکەین، چ لە لای خۆمان یاخود لەودیوی سنوور لە ئێران، ھاوخەمی ئەوانەین و ھیوادارین دوایین کارەسات بێت و داوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەکەین. سوپاسی ھەموو وڵاتان دەکەین کە لەم دۆخەدا بە پەلە ھاتنە سەر ھێڵ. سەرەتا تورکیا و دواتر وڵاتانی دیکە و یەکێتیی ئەورووپا ھاوکارییان نارد.

 

ھەفتەی ڕابردوو نامەیەکم لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشت کە جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کراوەتەوە. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆمان کرد و جەختمان لە ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمریکاش دەیەوێت کە ھەرێمێکی کوردستانی بەھێز لە چوارچێوەی عێراق ھەبێت.

ئێمە ئامادەین ئەم گفتوگۆیە دەست پێبکەین.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە بواری (چاکسازی) و بابەتی شەفافیەت گفتوگۆمان کرد، کۆمپانیای (دیلۆیت)مان ھێناوە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕاپۆرتی دیلۆیت لەسەر پرسی شەفافیەتی نەوت بڵاو دەکرێتەوە، ئێمە ئامادەین ئەو ژمارانە لەگەڵ ھەر کەس و لایەنێک تاوتوێ بکەین کە بیانەوێت.

ھەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، ھەر کاتێک بەغدا ئامادە بێت، ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەگۆڕە و ئەوەیە کە کێشەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

..

خۆی حەقیقەتێک ھەیە، ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وازحە، پێش پرۆسەی ڕیفراندۆم و دوای پرۆسەکە و لە ساڵانی ڕابردووشدا، گوتوومانە ئەگەر دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، ھیچ کێشەمان لەگەڵ بەغدا نامێنێ، دەستووری عێراق دەبێ ھەموو ماددەکانی جێبەجێ بکرێت. لە بەغدا زۆرجار باسی دەستوور دەکرێ، بەڵام ئەو ماددانە ھەڵدەبژێرن کە لە بەرژەوەندیی خۆیانە.

کە ھەرێمی کوردستان بیری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کردەوە، لەبەر ئەوەبوو کە بەغدا ئامادە نەبوو دەستوور جێبەجێ بکات. دەستووری عێراق لە دیباجەکەیدا بە ڕوونی باس کراوە کە جێبەجێکردنی دەستوورەکە زامنی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراقە.

دووپاتی دەکەینەوە، ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێ عێراقێکی سەقامگیر ھەبێ، دەبێ سەرجەم ماددەکانی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت.

ئێمە پێویستیمان بە لایەنی سێیەم ھەیە کە چاودێریی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بکات.

ئەگەر بەرپرسانی عێراق دەیانەوێ وڵاتەکە سەقامگیر بێت، دەبێ سەرجەم ماددەکانی دەستوور جێبەجێ بکرێت.

بڕیارەکانی دادگای فیدرالی ناتوانرێت دووبارە تەمیز بکرێتەوە و حوکمی کۆتاییە، ئەوان یەکلایەنە بڕیارەکەیان داوە، بەبێ ئەوەی نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم دادگاییکردنە ئامادە بن.

لە ھاتنی مەکگۆرک و ھەم لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی من و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشدا جەختمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستیمان بە یارمەتی ھەیە، بۆ تەفسیری ئەو دەستوورە. دەکرێ نەتەوە یەکگرتووەکان یان لایەنی سێیەم ئەو یارمەتییەمان بدەن، لەگەڵ مەکگۆرک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئەم بابەتەمان باس کردووە. دەبێ لایەنی سێیەم لەگەڵماندا بۆ تەفسیری دەستوور، ماوەی ١٤ ساڵە ھەنگاوی زۆر کەم بۆ جێبەجێکردنی دەستوور. لە بەغدا دەستوور وەک مینویەک دەبینن کە کامیان پێ باشبوو ئەوە ھەڵبژێرن، بەڵام دەستوور دەبێ یان ھەمووی جێبەجێ بکرێت یان ھیچی جێبەجێ نابێت.

 

تا ئیستا بۆم ڕوون نییە، ئەوەی کە بە ڕوونی دەیانەوێت چییە؟ ئێمە وەک پرەنسیپ ئامادەین لەم بارەیەوە قسە بکەین، ئەو لایەنانە ھەموویان لەو حکوومەتەدا بەشدارن، ئەو حکوومەتە کاتییە چ دەکات کە ئەم حکوومەتەی ئێستا پێی ناکرێت؟ حکوومەتەکەمان خۆی کاتییە، ئیلتزامێکمان بە جەدوەلێکی زەمەنی ھەیە کە ھەڵبژاردن دەکرێت، بۆیە لەمڕۆوە دەست بە بینینی ھێزە سیاسییەکان دەکەین و سەردانیان دەکەین، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە کە ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکەین.

 

ئێمە ئاگامان لە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران نییە، ھیچ پرسیارێکمان لێ نەکراوە.

غەدرێکی گەورە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە لە حیسابکردن نایەت، ئەو پڕۆژە یاسایەی بۆ پەرلەمانی عێراقیان ناردووە، غەدرێکە لە ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران دەکرێت. ناردنەوەی پڕۆژەکە بۆ حکوومەت، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ھەوڵبدرێ ئەو زوڵمەی لە پڕۆژەیاساکەدا ھاتووە، نەھێڵدرێت و ١٧٪ی پشکی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی بدرێت.

 

کۆبوونەوەی نھێنیمان نەبووە لەگەڵ بەغدا، کۆبوونەوەی سەربازیمان ھەبووە، ئامانجیش لێی ئەوە بووە کە نەھێڵین شەڕ دووبارە ببێتەوە. لەو شوێنانەی پێشمەرگە پاشەکشەی کردووە، بە ویستی خۆمان کشاوینەتەوە لە زۆر لەو شوێنانە، بەڵام لە ھەر شوێنێک پاشەکشەمان کردووە، پێداگرییان کردووە، بۆیە لە چەند شوێنێک پێکدادان دروست بووە. چەندین کۆبوونەوەمان کردووە تاوەکوو نەھێڵین شەڕ و پێکدادان دروست ببێت. خۆ دەبێت ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەم کێشانەی لە نێوانماندا ھەیە، لە گفتوگۆ زیاتر ھیچ چارەسەرێکی نییە.

ئێمە باسی ھەڵوەشاندنەوە و ماھەڵوەشاندنەوەی دەستوور ناکەین، ئێمە ڕێزمان لە تەفسیرکردنی ئەو ماددە دەستوورییە گرتووە کە دادگای فیدرالی کردوویەتی. مافی کورد لە دەستووری عێراقدا جێگیر کراوە، نە ھیچ یاسا و نە ھیچ ماددەیەکی دیکە ناتوانێت ئەمە لابدات، بۆیە جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە گرنگە.

ئێمە ھیچ ڕۆڵێکمان لە ھەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک نابێت، لەگەڵ ئێرانیش دەمانەوێت پەیوەندیمان باش بێت و ھۆکارێکی سەقامگیری بین لە ناوچەکە و ھەرواش دەمێنینەوە.

ئێمە ھەفتەی ڕابردوو بە فەرمی ھەڵوێستی خۆمان باس کردووە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە بۆ ئێمە ئایندەی ئەم وڵاتە و سەقامگیری لە ھەموو عێراقدا گرنگە، سەقامگیریش بەبێ جێبەجێکردنی دەستوور ناکرێ و بەوەش ناکرێ کە کێ لاوازە و کێ بەھێزە، دەبێ دابنیشین و دەستوورێکمان ھەیە و لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

لەبارەی ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ جیھان، ھێشتا ھیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە نەدراوە، ئێمە لایەنێکین لەم بابەتەدا.

ھەواڵی خۆش، ڕاستە قۆناغێکی زۆر زەحمەتە و پێشتریش گوتوومە، ئێمە ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین، بەڵام دەبێ یەکگرتوو بین، نەک ھەرلایەنەی بیەوێت ئەجێندای خۆی جێبەجێ بکات. ھەندێک پرەنسیپ ھەیە، خۆمان ئەگەر لەسەری ڕێک بکەوین، ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنین.

ئەو میللەت و وڵاتە ھەر دەمێنێت و بە دڵنیاییەوە بە مافەکانی خۆی دەگات، زوو یان درەنگ.

تورکیا لەم ماوەیە ڕاستەوخۆ ھاوکارییان کردین و لە نووسینگەی خودی سەرۆک کۆمارەوە پەیوەندییان پێوە کردین و ئەوەی پێویست بوو کردیان، ھەر ئەوە پێشبینی لە تورکیا دەکەین، ئەگەر ھەل بێتە پێشەوە بۆ سەردانیکردنی ئەنقەرە، ئەوا پێشوازی لێ دەکەین.

داخستنی فڕۆکەخانە پێشێلکردنی مافێکی مرۆییە، بەپێی پەیماننامەی شیکاگۆ، ئەو سزایەی بەغدا بە داخستنی فڕۆکەخانەکان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوویانە، نا یاسایی و نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافێکی مرۆییە. ھەرێمی کوردستان تا ئەم چرکەساتە نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەری ھەیە. ئێستا ئێمە لە زستانین و کێشەی گەورە لە بابەتی گەیاندنی ھاوکاریی زستانە دروست دەبێت. ئەمڕۆ ڕێژەی خەڵکی کوردستان ٢٩ تا ٣٠٪ زیادی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی ئێمە کە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کردوومانە، ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار خەرجیی ھەرێمی کوردستان بەو ھۆیەوە زیادی کردووە.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێ لە کاتی خۆیدا بکرێت، لەبارەی کوردستانیش دوای دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کاتی ھەڵبژاردن دیاری دەکەین.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved