ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٢ی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و ئیدریس بارزانیی چییە؟

 

 

 

عەبدوڵا ئۆجالان لە دوایین پەیامیدا داوای خستنەسەرپێی ڕێککەوتنێکی نێوان خۆی و ئیدریس بارزانیی دەکات، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢، ڕێککەوتنەکە لە ١١ خاڵ پێکدێت و تێیدا شەڕی کورد بە کوردی بە تاوان لەقەڵەم دراوە.

 

 

ڕۆژی ٢٧-٤-٢٠٢٠ عەبدوڵا ئۆجالان، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە خانەوادەکەیەوە کرد و قسەی لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای کرد، دواتر محەمەد ئۆجالان ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕێبەری گەلی کورد زۆرترین قسەکانی لەسەر باشوری کوردستان بووە.

 

عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لە پێویستیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کردووە و داوای کردووە هێزە کوردستانییەکان دووربکەونەوە لە شەڕی ناوخۆ، بۆ ئەوەش داوای کردووە ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٢ی نێوان خۆی و ئیدریس بارزانی بەگەڕبخرێتەوە.

 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری باشوری کوردستان و کەسایەتیی نزیک لە ڕێبەری گەلی کوردەوە، ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ١٩٨٢ی خستەڕوو، کە ڕێبەری گەلی کورد داوای سەرپێخستنەوەی دەکات.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

 

پێنجوێنی باس لە هەولومەرجی پێکهاتنی ئەو پەیمانە دەکات و دەڵێت:

 ئەوکات پارتی دروشمی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا دەستپێکردبوو، لە یەکێتییەوە دەستیپێکرد و لەگەڵ مام جەلال لە تاران ئاشتبوونەوە، ئیدریس بارزانیی سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیەی دەکرد، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکبوونەوەیان لەگەڵ پەکەکە و بەتایبەت بەڕێز ئۆجالان دروستکرد.

 

جەوهەری پەیمانەکە ١١ خاڵە، تێیدا جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە هێزی سیاسیی کوردیی ڕاوێژ بەیەک بکەن، خاڵێکی دیکە دەڵێت پێویستە هەوڵ بدرێت هەموو لایەک شەڕی کورد و کورد تەحریم و تەجریم بکرێت، واتا بە تاوان بناسێندرێت، "هەرچەند بەداخەوە دوای ئەو پەیمانەش شەڕ لەنێوان لایەنەکاندا هەر دروستبووەوە".

 

فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێک بووە لەوانەی لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا بەشداربووە لە دانووستانەکان لەگەڵ پەکەکەدا، ئەو بۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنیی گێڕاوەتەوە و وتویەتی: یەکێک لە خاڵەکان ئەوەبووە کە هزری مارکسییەت بەبنەما بگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان، دواتر کە پارتی تاوتوێی ڕێککەوتنەکەی کردووە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکییان هەبووە چونکە ئەوکات ئەوان لە ئێران بوون، بۆیە ئیدریس بارزانیی دەگەڕێتەوە بۆلای سەرۆک ئۆجالان، سەرۆکیش پێی دەڵێت ئەوە کێشە نییە، بەڵام کێشەی سەرەکیی یەکبوونی ئەقڵی سیاسیی هێزە کوردییەکانە، کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە کورد بەدەستی کورد نەکوژێت.

 

پێنجوێنی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە چەند جارێک لە سەردانیدا بۆ بیقاع بۆلای ، سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالان جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەو پەیمانە زیندووبکرێتەوە و کاری پێبکرێت.

 

محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ڕێبەری گەلی کورد ڕایسپاردووە بۆ ئەوەی کاربکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پەیمانە و دەڵێت: لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا ڕێبەری گەلی کورد چەند هەڤاڵی نارد بۆلام و داوای لێکردبووم کار بکەم بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەو پەیمانە، منیش تا ئێستا هەر بەو نەفەسەوە کار دەکەم و لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیشم لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەتایبەت کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان ئەو پەیامەم پێ گەیاندوون و داوام لێکردوون یەکڕیزیی کوردیی بپارێزن.

 

پێنجوێنی دەشڵێت: پێویستە هەم لایەنی پەکەکە و لایەنەکانی دیکەش کار بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پەیامە بدەن و هەوڵبدەن جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد ڕوونەداتەوە و یەکڕیزییەکی سیاسیی پێکبهێنن.

 

ئەو سیاسەتمەدارە پێشی وایە، کە "ئێستا پارتی زیاتر دەتوانێت هەوڵی ئەوە بدات کە کورد بەدەستی کورد نەکوژرێت" و دەڵێت: پارتی ئێستا حکومەتە و دەرفەتی زیاترە، دەتوانن زەمینەسازییەکی باش دروستبکەن، کە لانیکەم کورد شەڕی یەکتر نەکەن و هێزێکی کوردیی نەچێت هاوکاریی هێزێکی داگیرکەر بکات دژ بە هێزێکی دیکەی کوردیی.

 

لەبارەی دۆخی زینی وەرتێشەوە محەمەد ئەمین پێنجوێنیی هۆشداریی دەدات و دەڵێت: ئەم دۆخەی ئێستای زینی وەرتێ ئەگەر بگاتە شەڕ، یەکەم بۆ زیانگەیاندنە بە پەکەکە، دووەمیش بۆ لەناوبردنی پرۆسەی سیاسیی باشورە، سەرکێشیی ئەم پیلانگێڕییەش تورکیا و شەخسی ئەردۆغان و ئێران و عێراق و سوریاش دەیکەن، بۆیە بەتایبەت داوا لە هەرسێ هێزی پەکەکە، پارتی و یەکێتیی دەکەم ئەم پیلانە تێکبدەن.

 

لەبارەی داواکاریی ڕێبەری گەلی کوردیش بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، پێنجوێنی دەڵێت: بەڕێز ئۆجالان پێش ڕوودانی شتەکان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات، ئێستاش ئەو بەڕوونتر هەست بە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد دەکات، بۆیە جەخت لە یەکڕیزیی کورد دەکات و داوا دەکات شەڕی کورد بەکورد نەکرێت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved