| ||
|
||
نەوەی نوێ :نەخشەرێگای بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی هەرێم
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ چارەسەری موچە و قەیرانی دارایی نەخشەرێگای خستە ڕوو
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، نەخشەرێگایەکی بۆ دەرچوونی هەرێم لەم دۆخە و پێدانی موچەی فەرمانبەران و چارەسەری دۆخی ئابوری راگەیاند و سەرۆکی جوڵانەوەکەش دەڵێت، "ئەگەر ئەم دۆخە بەمشێوازە بەردەوام بێت پەنادەبەینە بەر شەقام." شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن نەخشەڕێگایەکمان ئامادەکردووە بۆ دەرچوونی هەرێم لەم دۆخە و دابینکردنی موچە." راشیگەیاند، "هەرێمی کوردستان کێشەی پارەی نییە کە بدرێت بە موچە، بەڵکو کێشەی گەندەڵی و دیارنەمانی پارەی هەیە و ئەگەر ئەم دۆخە بەمشێوازە بەردەوام بێت پەنادەبەینە بەر شەقام." سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت، "دەبێت حکومەتێکی بچوککراوە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێکبهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
دەقی نەخشەڕێگای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی ئابوریی و ئیداریی و پێدانی موچەی فەرمانبەران:
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە مەبەستی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ئابوری و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ناهەمواری گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆران، پڕۆژەیەکی نیشتیمانی ئامادەکردووە و دەیخاتە بەر دەستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بۆ دەستبەجێ جێبەجێکردنی. کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە: ئهلف: نەخشە ڕێگای چارهسهری كێشهی موچهی فهرمانبهران و قهیرانی ئابوری: یەکەم: مەلەفی نەوت بدرێتەدەست تیمێکی تەکنۆقراتی بیلایەن و سەرلەنوێ پێداچونەوە بکات بە گرێبەستەکان و شێوازی رێککەوتنەکان و کرێی کۆمپانیاکان و تێچوی بۆری گواستنهوهی نهوت، ههروهها ئاگاداربون له ڕێکەوتنی هەرێم لهگەڵ وڵاتی تورکیای هاوسێ. دووەم: کۆکردنەوەی داهاتی هەرێم بە شێوەیەکی مەركەزی و تهواوی داهاتهكان لە ژێر دەستی وەزارەتی دارایی بێت. سێهەم: نەهێشتنی کۆمپانیای حیزبی لە سنورەکان کە پارە و رسومات له بازرگانان و ئۆتۆمبێلهكان وەردەگرن بۆ حیزبەکان، بێ گومرگ و باج بەقاچاغ بازرگانی دەکەن، لە بری ئەوە هەموو پارە و داهاتەکان بێنە خەزێنەی حکومەت و بۆ موچەخۆران سەرف بکرێت. چوارەم: بڕینی بودجەی پارتی و یەکێتی كه مانگانه له داهاتی نهوت و بودجهی گشتی دهروات بۆ ئهو دوو حیزبهی دهسهڵات، کە بڕهكهی مانگانە زیاتره لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار و دهڕوات بۆ تێچوی دەزگا حیزبی و میدیاکانیان و تێچوی تری ناوخۆی ئهو دوو حیزبه. پێنجەم: وەرگرتنەوەی %٥٠ ی سەرمایەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پارتی و یەکێتی و ههر كۆمپانیایهكی تری بازرگانی كه بە نایاسایی و بە هۆی قۆرخکارییەوە سودمهند بووه له دهسهڵاتی دوو پارتی دهسهڵاتدار، کە لەم ساتەدا سەرمایەی تەنها چوار کۆمپانیای پارتی و یەکێتی سەروو ٣٠ ملیار دۆلارە. لە کاتیکدا حکومەتی هەرێم قەرزارە و موچەی فەرمانبەرانی نییە، بەڵام ئەم سەرمایەی کۆمپانیایانە کە سەرباری ئەوەی بەشێکی بە قۆرغکاری و کاری نایاسایی دەستیان کەوتوە، بەڵام تا ئێستا هیچ باجێکیان نەداوە بە حکومەت. حەوتەم: هەموو بزنسە گەورەکانی کۆمپانیا حیزبییەکان بکەوێتە ژێر یاسای باجەوە و ئەو کۆمپانیا گەورانە زۆرترین باج بدەن و لەبەرامبەردا کارئاسانی بۆ کاسبکاران و کۆمپانیا بچوکەکان بکرێت تا مایهپوچ نهبن و بێکاری زیاتر بڵاو نەبێتەوە له ههرێم و سهدان ههزار كارمهندی كهرتی تایبهت بێ كار نهبن. هەشتەم: بە پەلە پلانی تایبهت به كهرتی كشتوكاڵ بخرێته بواری جێبهجێكردنهوه بۆ پشتیوانیکردنی سێکتەری کشتوکال و پێداویستی بۆ جوتیاران دابین بکرێت و هانبدرێن و پشتیوانی دارایی بكرێن و ئاسانكاریان بۆ بكرێت بۆ ساغکردنهوهی كاڵاكانیان و گواستنهوهی بۆ ناو ههرێم و دهرهوهی ههرێم. ئەم پلانەی کە تایبهتە بە چارهسهركردنی كێشهی موچه، ئەوا بەتەنها یەکێتی و پارتی چارهسهر ناکرێت و جێبەجێ ناکرێت، چونکە بەشێکی کێشەکە ئەو دوو پارته دهسهڵاتدارهن و لە ئێستادا ناتوانن ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن کە پێویستن بۆ هاوڵاتییان و فهرمانبهران، بۆیە پێویستی بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی بێلایەن هەیە. بێ: نەخشە ڕێگای چارهسهری دۆخی سیاسی و ئیداری دامهزراوهكانی ههرێم:
یەکەم: دروستکردنی حکومەتی بچوکكراو بۆ ڕوبهروبونهوهی قەیرانهكان کەلەچەند وەزارەتێک زیاتر نەبێت، کە تێیدا وەزیرەکان کەسانی تەکنۆقرات و بێلایەن بن و ئیدارەدانی مەلەفی وەزارەتەکانی نەوت، دارایی، پێشمەرگە و ناوخۆ بکەوێتە دەست کەسانی تەکنۆقرات و بێلایەن و پسپۆر، تاوەکوو کەموکورتی و کێشەکانی ساڵانی رابردوو دیاریبکرێت و هەروەها چارەسەری پێویست بدۆزنەوە لەسەر هەر دوو ئاستی قۆناغەکانی ئێستا و دورمەودا. دووەم: حکومەتە نوێیەکە و وەزارەتە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن لە دۆسیەی دارایی و نەوت و دۆسیەکانی تر، وە هەروەها خاڵی لاواز و کێشەکان دیاری دەکرێت و چارەسەریش دەخرێتە ڕوو، وه هەموو لایەک و حکومەتە نوێیەکە کار لەسەر ئەو چارەسەرانە دەکەن. سێهەم: گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد بکرێتە دامەزراوەیی و بدرێتە دەست وەفدێکی پسپۆری شارەزای لێهاتوو، بەدەر لە پارتەکانی دەسەڵات و حکومەت، کەتێکڕای دۆکیومێنت و ئەرشیفەکانی پێشووی بخرێتە بەردەست، تاوەکو بتوانن گفتوگۆی شەفافی ڕاشكاو لەگەڵ بەغداد دا ئەنجام بدەن و داواکاری هەردوولا بە وردی بخرێتە ڕوو و هاوڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێمیش لە ڕێی ئەو وەفدە بێلایەنە تەکنۆکراتەوە گوێبیستی کێشەکان و چارەسەرەکانیش بن. چوارەم: گۆڕانکاری لە هەیکەلی ئەنجومەنی دادوەریی و هێنانی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەن و لێهاتوو بۆ ئیدارەدانی ئەو ئەنجومەنە و داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی پلان بۆ بەسەربەخۆییکردنی تەواوی دادگاکانی هەرێمی کوردستان. پێنجەم: دیاریکردنی کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن لە دادوەر و کەسایەتی بێلایەن لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان . شەشەم: چالاککردن و بەسەربەخۆکردنی دامەزراوەکانی وەک داواکاری گشتی و چاودێری دارایی و لێکۆڵینەوە لە هەر کەموکورتییەک لە دامەزراوەکانی هەرێمدا بونیان هەبووە. حەوتەم: دانانی پلانی پێویست لە لایەن ئەو حکومەتە نوێیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دیاریکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی، وە پێویستە چاکسازی و گێڕانەوەی پارە و داهات تەنها کەرتی گشتی و دەزگاکانی حکومەت نەگرێتەوە، بەڵکو پێویستە تەواوی کۆمپانیاکان بگرێتەوە، بە تایبەت ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی کە لە ئێستادا داهاتیان لە حکومەت زیاترە و بەشێکی زۆری پارەی میلەت و داهاتی وڵات کەوتۆتە لای ئەوان. لە کۆتاییدا پێویستە هەمومان ئەوە بزانین کە ئەم هەنگاوانە ئەمڕۆ بێت یان ١٠ ساڵی تر، ئەوا ئەم ڕێگایە تاکە ڕێگایە بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بیرکردنەوە لە کوردستانێکی پێشکەوتوی دامەزراوەیی کە یاسا تێیدا سەروەر بێت و دامەزراوەی نیشتیمان هەبێت و هاوڵاتییان خۆشگوزەران بن و دۆخی ناهەمواری کوردستان تێپەڕێنین.جگە لەمە هیچ ڕێگا و چارەسەرێکی تر بونی نییە و دواخستنی ئەم چارەسەرانە ئەوا دەبێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی زیاتر و تەقینەوەی دۆخەکە.
NRTسەرچاوە
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||