نالی

مەلا خدر (خضر) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی (١٨٠٠-١٨٥٦)[١] بەردی بناغە و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان و لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.

 

لە گوندی خاک و خۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زاراوەی دەیکی کە کوردی بووە فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.

 

 

مشت و مڕێکی زۆر هەیە لە سەر لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی لە نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لە لایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو بەڵام هیچیان دان بە ڕاستی لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن بە بەڵگەوە، هەر بۆیە تا ئێستاشی لە سەر بێت نەتوانراوە ڕۆژی لە دایک بوون و کۆچکردنی بە بەڵگەوە دەقیق دیاری بکرێت.

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕاو سەرنجانەی نووسەرانی کورد هەیانە لە سەر هاتن و کۆچی نالی  :

موحەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: "نالی لە ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه". و مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردوە.

عەلائەدین سەججادی دە‌ڵێت: "لە ١٧٩٧ی زایینیدا هاتوەتە دنیاوە و لە ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوه".

ئەگەر بە پێی زۆرینەی لیکۆڵەڕەوان کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە هەر وەک زۆربەی لێکۆڵەرەوان لە سەر ئەم ڕایە کۆکن. تەنها بە پێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەججادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە.

 

ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوە قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لە لایەکی‌ ترەوە دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وە‌ها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنییی "وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمە وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی لە دایکبوونی نالی دەکاتە ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێتە ٥٦ ساڵ.

 

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیە دەبنە هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی نالی و نزیکبوونەوە لە زانینی ساڵی لە دایکبوون و مردنی.

 

لە دیوانەکەی نالیدا هاتووە کە تێیدا مامۆستا مەلا عەبدول کەریمی مودەڕڕیس دەڵێت "مەسەلەی دیاری کردنی ساڵی لە دایکبوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیهاد بڕیاری بدا و ، بە بەڵگەو نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا کە تێکڕا هەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تیا ژیاوە. بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە هەیە پێمان ئەسەلمێنێ کەوا نالی نە لە ساڵی ١٨٥٥ و نە لە ساڵی ١٨٥٦ مردووە و نە تەمەنیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووە، جا خواە ئیتر لە ١٧٩٧ دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل ئەڵێ یا لە ١٨٠٠ وەک ئەوانی تر ئەڵێن"

 

گەلێ بەیتی نالی هەیە وا ئەگەیەنن نالی گەیشتووەتە تەمەنی پیرییەکی ڕاستەقینەو بێ هێز بوون کە دیارە ئەوەش لە ٥٨ ساڵیدا پەیدا نابێ، وەک ئەمانە :

 

مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت.

بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە.

گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە.

ئەی تازە جوان ! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم.

من پیرم و فانی.

ئەوەی کە گوتراوە ئەحمەد پاشای بابان لە ١٨٥٣ دا لە پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابەندەری ڕووسیا کردووە وائەگەیەنێ نالی لەو سەردەمەدا لە شام ژیاوە. چونکە شیعرەکەسی کە پاش تێکچوونی حوکمی بابانییەکان بۆ سالمی ناردووە بۆ سلێمانی، لە شامەوە ناردوویە. لە لایەکی کەشەوە هەموو ئەوانەی مێژووی ژیانی نالییان خستۆتە سەر کاغەز باسی ئەوەیان کردووە کەوا نالی پاشان چووەتە ئستانبوول و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشای بابان ماوەیەکی دوور و درێژیان پێکەوە بەسەر بردووە. جا سەرەڕای ئەوە کە لەوانەیە نالی ماوەیەکی زۆریش لە شام مابێتەوە ئەنجا چووبێتە ئستانبووڵ، ئەو ماوەی کەمتر لە دوو ساڵەی نێوان یەکتری دیتنی خۆدزکۆ و ئەحمەد پاشا و مردنی نالی لە ئستانبووڵ لە ١٨٥٥ دا کە ئەڵێن لەو ساڵەدا لەوێ مردووە، بە پێی توانای هاتوچۆی ئەو سەردەمە بە حاڵ بەشی تەنها ڕۆیشتنیکی لە سەر خۆی ئەو چەرخە ئەکا، چ جێی ئەوەش ماوەیەکی دوور و درێژی لە ئستانبووڵ لەگەڵ ئەحمەد پاشا بەسەربردبێ.

 

نالی لە شیعرێکیا لە بەرابەری مەرقەدی پێغەمبەر ئیسلام دا ئەڵێ : موددێکە کە هەم گەردشی دەورانی سوپێهرم. واتە : دەمێک ئاوارەی نیشتمانم و ئەسووڕێمەوە و ئێستا گەیشتوومەتە ئێرە. ئەبێ ئەم دەمە چاند ساڵی خایاندبێ و ئەو ماوەیەی لە کوێ بەسەر بردبێ و کوێ گەڕابێ؟

 

لە شوێنێکی تردا هاتووە. حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە باوکی (مەلای گەورەی کۆیه) گێڕاویەتەوە و بێ گومان قسەیشی جێگای متمانەیە، کە وا لە ساڵی ١٢٨٨ی کۆچی. ١٨٧١-١٨٧٢ ی زاینی دا نالی لە مەککە دیوەو کە دیویشیە زۆر پیر بووە.

نالی لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی هەبووە. ئەم پەیوەندییەش لە زۆرێک لە شیعرەکانی نالیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە هەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندیەی نالی شاعیر و میری بابان:

 

هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوە یەقین                 خۆی کە دامێن‌ گیری شاهی ئاسەفی سانی دەکات

شاهی ئاسەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووە کە وەزیرەکەی ناوی ئاسەفی کوڕی بەرخیا بووە و مەبەستی لە شای دووەمی ئاسەفیش، سلێمان پاشای بابانه.

 

ئەم تاقمە موماتزە کەوا خاسەیی شاهن                ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن

ئەوانەش هەمووی بریتییە لە پیاهەڵدان و باسکردنی تاقمە سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایە سوپای کێ بووبێت، ئەگەر هیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، کە پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازە بابەتی پێکهێناوه. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' لە کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا لە سولەیمانی ماوەتەوە و ئەو سوپایەی بە چاوی خۆی بینیوە و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوە و دووربە‌دوور پێناسەی کردووه، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکیەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوە تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"

 

قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی هاوڕێی گیانی بە گیانی خۆی ناردووە و ئەوەش تێکڕا پرسیارە لە وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.

غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوە وتوویەتی کە وەک لە تێکڕای بەیتەکانەوە دەرئەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووە لە موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی.ک-١٧٨٣ی.ز، ١٢٤٢ی.ک-١٨٢٦ی.ز).

لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی رووی کردۆتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:

 

توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم              بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر

نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا رابواردووەو ، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.

 

ئەو مەبەستانەی لە شیعری (نالی) دا رچاو کراون ئەمانەن:

 

دڵداری کە بەشی هەرە زۆری دیوانەکەیەتی.

نمونەیەک لەم لەشیعری دڵداری "نالی" شاعیر:

 

زوڵفت لە لە قەد دا کە پەرێشان و بڵاوە              ئەمڕۆ لەمنی شیفتە ئاڵۆز و بەداوە

بۆچی نەگریم سەد کەڕەتەم دڵ دەشکێنی            مەی بۆ نەڕژێ شووشە لەسەرلاوە شکاوە

عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زۆڵفت             سەوداو پەرێشانم و سەودایەکی خاوە

هەرچەندە کەڕووتم بەخوا مایلی ڕووتم               بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە

هەر جۆگەوو جۆباری کەوا سوورو سوێربێ           جێی جۆششی گریانی منە، خوێن نەڕژاوە

بێ فائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لەگریان               مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە

(مانی) نییەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ               ئەم قەوسە بەدەستی موتەنەفیس نەکشاوە

(نالی) وەکو زۆڵفت کەموتیعی بەری پێتە              تێکی مەشکێنە بە جەفاو مەیخەرە لاوە

 

 

وەسف ، بە تایبەتی وەسفی بەهار و دیمەنی سروشت و وەسفی حوجرە شەق و شڕەکەی و لێهاتوویی و بوردەباری (کەر)ەکەی !

نزاو پاڕاناوە لە خوا.

بیری وڵات کردنەوە. قەسیدەکەی سالم وەک نموونە.

لاواندنەوە و پیاهەڵدانی پاش مردن.

مەدح و پیاهەڵدان. مەدحی سوپای بابان بە نموونە.

نالی لە سەرەتای چەرخی نۆزدەهەمدا ژیاوە. لەو سەردەمەدا زمانی باوی ئەدەبی بریتی بووە لە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی ، چونکە کورردستان یا سەر بە ئیمراتۆریەتی عوسمانی یا ئێران بووە و زمانی ڕەسمی یا فارسی یا تورکی بووە، بێجگە لەوەش زمانی عەرەبی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە و کوردستانیش تێکڕا یەکێک بووە ل وڵاتە ئیسلامیەکان. سەرەڕای ئەوە کە نالی خۆیشی خوێندەوارێکی ئایینی و مەلایەکی موسڵامان بوو. جا بۆیە ، نالی ئەگەرچی زۆری شیعری بە کوردی وتووە ، شیعرەکانی وشەی زۆری فارسییان بە دەستکارییەوە یا بێ دەستکاری تیایە. هەروەها وشەی زۆری عەرەبی و زاراوەی ئاینی و زاراوەی زانیارییە ئایینییەکانی وەک فقە و ئوسسولی دین و مەنتیق و فەلەکییاتیان تیایە کە بە شێوەی ئیقتیباس و تەلمیح بەکاری هێناون. ئەو شیعرانەی کە لە (موناجات) و نزاو پاڕانەوەدا وتوونی هەموویان ئەنجامی ئەو کارە کاریگەرەن کە ئاینی ئیسلام لە ناخی دەروونیدا کردوویەتیی.

 

هەر لە سەرەتای دیوانەکەیەوە ڕوو لە بارەگای خودا ئەکا و ئەڵێ:

 

ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا                 سەر ڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا

بەو ڕەحمەتە عامەت کە دەکا سەنگی سییەە زەڕ             لەم قەلبە کە وەک بەردە ، ڕەشە، (رش شاشا)

دوو نامەکەی نالی و سالم[دەستکاری]

وتاری سەرەکی: نامە گۆڕینەوەکەی سالم و نالی

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالمی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی «دوو نامەکەی نالی و سالم»ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی ھاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و ھەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. «عەبدولڕەحمان سالم»یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و ھەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قەسیدەکەی دەست پێ دەکات:

 

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور                وەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو ھەوا خواە و ھەمدەمە!             وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردۆتەوە و دەڵێ: "نالی لە ڕێگای (با) ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای ھەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و ھەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە ھەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە “ھەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەرونی خۆیەتی”.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved