نەپەگە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە

       

 

ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، هێزەکانی گەریلا ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕییان لەدژی سەربازانی سوپای تورکیا لە گردەکانی ماڤان و سیرۆ ئەنجامداوە و گورزێکی قورسیان لە دوژمن دا، بەو بۆنەیەشەوە نەپەگە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، لەبەرامبەر چالاکییەکی گەریلاکان دژی سوپای تورکیا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەرماندەیی هەپەگە لە ناوچەی خاکورک کرد.

 

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی نەپەگە:

 

وەک دەزانرێت کە هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بە کردەوە داگیرکارییەکانیان لە باشوری کوردستان، کە لە دونیادا نموونەی کەمە، دەیەوێت ئەو سیاسەتە داگیرکارییەی خۆی بباتە باشوری و ڕۆژئاوای کوردستانیش، لەسەر ئەو بەنەمایەش هەم لە باشور و هەم لە ڕۆژئاوایش، بە ئاستی جیاواز هێرشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات و هەوڵی داگیرکاریی دەدات.

 

لەم دواییەدا، ڕۆژی ١٤ ی ئەم مانگە، هێزی داگیرکاری تورکیا ناوچەیەکی نزیک شەوێنەکانی ئێمەی لە ئاوی حاجی بەگ-ەوە هێڵی سنووریی باشوری کوردستانی بەزاند، داگیرکردنی گردەکانی سیرۆ و ماڤان، بەشێكە لە سیاسەتی سڕینەوە لە دژی گەلەکەمان، لەدژی ئەم داگیرکارییەش، نە حکومەتی ناوەندی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەدا، ئەو سنوورەشی کە داگیرکراوە، ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانە و بە سیادەی خاکی عێراق هەژمار دەکرێت، بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەش، ئەوە دەخاتەڕوو کە پێدەچێت پەیمانێکی پیس هەبێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا، کاتژمێر ٠٤:٤٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕی لەدژی سەربازانی سوپای تورکیا لە گردەکانی ماڤان و سیرۆ، گورزێکی قورسیان لە دوژمن دا، بەتایبەت لە گردی ماڤان، هێزەکانمان کەوتنە دوای دوژمن، دوژمن ڕایکردووە و بەوشێوەیە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتنێکی شۆڕشگێڕی پێکهێنا.

 

لەبەرامبەر ئەو چالاکییە سەرکەوتووەدا کە بەگیانی ئاپۆیی لەدژی هێزەکانی دوژمن ئەنجامدرا، ئێمە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو شەڕڤان و فەرماندانە دەکەین، کە لەو چالاکییەدا بەشدارییان کردووە، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام دەخوازین.

لەسەر ئەم بنەمایە، پیرۆزبایی لە هەموو هێزەکانمان لە ناوچەی خاکورک دەکەین، لەبەرامبەر ئەو بەرخۆدانەی کە ئەنجامیاندا، بە هەستێکی شۆڕشگێڕانەوە و لە دڵەوە، هیوای سەرکەوتنی گەورەتان بۆ دەخوازین.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved