ڕوونکردنەوە  لە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە 

 

 

 

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەربارەت ڕادەستکردن و  ئێعدام کردنی مستەفا سەلیمی.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

وەک هەموو ئاگادارن مستەفا سەلیمی، کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوە و دوای ١٧ ساڵ مانەوە و بەندکران لە زیندان ئێعدام کرا.

 

مستەفا سەلیمی ڕۆژی ٨ی خاکەلێوە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و پاش ئەوەی داوای چوونە مەرەخەسی‌یان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی سەقزەوە بێ‌وەڵام مابۆوە، وێڕای دەیان بەندکراوی دیکە لە دەرفەتێکدا لە زیندان ڕایان کردبوو.

 

دوای ئەم ڕووداوە بەشێک لەم بەندکراوانە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە گیرانەوە، یان ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕێژیم کرانەوە کە مستەفا سەلیمی یەک لەوان بووە و دوای ئەوەی خۆی گەیاندۆتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، وەک دەگوترێ و باس دەکرێ ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە.

 

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا:

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕادەستکردن و ئێعدام‌کردنی ئەم زیندانییە سیاسییە مەحکووم دەکا و بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی لێژنەی بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە بە بڕیارێکی قانوونی و بەرپرسانەی دەزانێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان هیوادارە بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاری ئەم لێژنە تایبەتییە بەزووترین کات بە ئاکام بگا و دەرەنجامەکەی ڕابگەیەندرێ و؛ هەمووان لە ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە ئاگادار بکرێنەوە.

 

بێگومان ئەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو نابێ لەبیرمان بباتەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوە و، تاوانباری پلەی یەکەم کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە هەموو دەرفەتێک بۆ زەبرلێدان لە بزووتنەوەی سیاسی کورد کەلک وەردەگرێ. ڕێژێمیک کە هیچ شەرعییەتێکی لای خەڵکی کوردستان نییە و ئەمە هەموو بڕیارەکانی دەزگای قەزایی ئەم ڕێژیمەش دەگرێتەوە؛ بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین پەرۆشی تەبایی نێوماڵی کورد و یەکیەتیی ڕیزەکانی نەتەوەییمان بن. هاوکات جارێکی دیکەش ویڕای دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێکهێنانی لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان، چاوەڕوانین پرسیار و نیگەرانییەکانی بەجێی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەپێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا بێ‌وەڵام نەهێڵێتەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٩

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved