| ||
|
||
روونکردنەوەیەك لەئاسایشی سلێمانیەوە
لە روونکردنەوەیەکدا ئاسایشی سلێمانی لەبارەی هەواڵی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ داتایەک بەو ناوەوە لە ناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنورییەکان بەردەست نییە و ئەوان هیچ کەسێک بەو ناوەوە ناناسن.
دەقی روونکردنەوەکە:
١- بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ڕۆژی ١٤ی ئازاری ٢٠٢٠ قەدەغەی هاتوچۆ دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و هێزەکانی ئاسایش بەوپەڕی پابەندبوون، لەم ماوەیەدا لە سنوری پێنجوێن و ناوچەی گەرمک، هیچ ئەرکێکیان بۆ دەستگیرکردن پێنەسپێردراوە.
٢- هیچ داتایەک بە ناوی (مستەفا سەلیمی) لە ناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنورییەکان بەردەست نییە و ئێمە هیچ کەسێک بەو ناوەوە ناناسین.
٣- بەڕێز (ئیسماعیل رەحمانی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سلێمانی ئەمڕۆ ١١ی نیسانی ٢٠٢٠، لە لێدوانێکدای رایگەیاند، هیچ زانیارییەکمان نییە کە پێشتر مستەفا سەلیمی هاتبێتە باشوری کوردستان و هیچ بەڵگەیەک نییە لێرەوە رادەستی ئێران کرابێتەوە.
٤- (عەلی جوانمەردی) کە هەواڵی مستەفا سەلیمی بە قاچاخ بۆ هەرێم و رادەستکردنی بە ئێران بڵاوکردووەتەوە، دەیەوێت ناوی ئاسایش بزڕێنێت، چونکە بەهۆی لادانی لە پێوەرەکانی رۆژنامەگەری و پێشێلکردنی راستگۆیی و بێلایەنی لە بەشی رادیۆی دەنگی ئەمریکا دەرکرا، بەردەوام و هەمیشە هەوڵیداوە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بەلارێدا بەرێت، وە دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمیان لەبەرچاوبخات.
٥- لێرەوە رایدەگەیەنین کە هەواڵەکەی (عەلی جوانمەردی) لەسەر مستەفا سەلیمی و ئاسایشی پێنجوێن بە تەواوی ناڕاستە و بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە.
٦- لەم کاتەدا هێزەکانمان بەو پەڕی دڵسۆزی دوور لەماڵ و منداڵ و ئاسوودەیی ناو خێزانەکانیان لەسەر جادە و سنورەکان سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکن و تەندروستی سەروماڵی خەڵکی کوردستان دەپارێزن، تێوەگلانی (جوانمەردی) لە دروستکردنی هەواڵی بێبنەما لە دژی ئەم تێکۆشەرانەی ئاسایش، ئیدانە دەکەین و بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماربکەین.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||