کەنەکە سەرکۆنەی لە سێدارەدانی موستەفا سەلیمی دەکات

 

 

کەنەکە سەرکۆنەی لە سێدارەدانی موستەفا سەلیمی و ڕادەستکردنەوەی بە ئێران دەکات و داوای لێکۆڵینەوە لە ڕادەستکردنەوەکەی دەکات و خوازیارە و پارلەمانی هەرێم بە یاسا ڕادەستکردنەوەی کوردانی بەشەکانی کوردستان قەدەغە بکات.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە:

 

رژێمی ئێران سەرەڕای قەیران و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، بەردەوامە لە تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان. ئەو تاوانانە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە. گرتن و ئەشکەنجەو لە سێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکانی کاسبکار بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە.

 

ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی ۲۰۲۰/۰٤/۱۱ مستەفا سەلیمی لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا و تەرمەکەی تەسلیمی بنەماڵەکەی کرا. ناوبراو بۆ ماوەی حەفدە ساڵ لە زیندانەکانی سنە و سەقز زیندانیی بوو.

 

مستەفا سەلیمی پاش سەرهەڵدانی زیندانیە کان لە رۆژی سێ مانگی چواردا لە گەڵ دەیان زیندانیی تر هەڵدێت و لە سنووری سەیرانبەنی شاری بانەوە خۆئ دەگەێنێتە گوندی گەرمک لە نزیکی پێنجوێن ولەوێ دەگیرێت. بەپێی هەندێک دەنگۆ هەر لەو سنوورەوە دەنێردرێتەوە دیوی رۆژەهەڵات و ئەکەوێتە دەست رژێمی ئێران.

 

بێگومان پاساوێک نییە بۆ ئەوەی هیچ کەس و هێزێکی کوردستانی کوردێکی پەنابەر رادەستی داگیرکەرێکی کوردستان بکاتەوە.کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی مستەفا سەلیمی. بە پێویستی ئەزانێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات و راستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات. هەروەها بەرپرسانی ئەو کارە دادگایی بکرێن.

 

هەر لەو رووەوە پێویستە پەرلەمانی باشووری کوردستان یاسایەک سەبارەت بە نەگەڕاندنەوەو رادەست نەکردنەوەی کوردانی پارچەکانی کوردستان بە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەربکات و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. چونکە لە ئێستادا نەیارانی کوردستان هەڵئەدەن بە هەموو شێوەیەک درز و کەلەبەر بخەنە ناو ریز و پارچەکانی کوردستان و لەو رێگایەشەوە پلانە چەپەڵەکانیان دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، پیادە بکەن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved