كەیسی مستەفا سەلیمی: میترۆ داوای رونكردنەوە دەكات وحكومەت وەڵامدەداتەوە

 

 

سەنتەری میترۆ

 

ئەمرۆ سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان سەركۆنەی لە سێدارەدانی زیندانییەكی سیاسی ئێرانی دەكات، داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد راستی ئەو هەواڵانە بۆ رای گشتی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان روونبكاتەوە: كە باس لە رادەستكردنەوەی ئەو هاوڵاتییە دەكات بە دەسەڵاتدارانی ئێران لە لایەن هێزی رەسمییەوە.

 

بە پێی رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی مرۆڤ  ئەمڕۆ شەممە دەسەڵااتدارانی ئێران فەرمانی لە سێدارەدانیان بەسەر زیندانی سیاسی مستەفا سەلیمی جێبەجێكردوە، كە "پێش چەند رۆژێك لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتووەو رووی كردۆتە هەرێمی كوردستان بەڵام دەسەڵاتداران رادەستی ئێرانیان كردۆتەوە".

 

بە پێی ئەو رێكخراوانە هاتووە: " رۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لە خێزانی ئەو بەندكراوە كردوە سەردانی بكەن، لە كاتی سەردانەكە باسی لەوە كردوە كە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە ناسراون بە ئاسایش دەسگیریان كردوە، لە مەرزی سەیران بەند – بانە رادەستی هێزی ئەمنی ئێرانیان كردوە"

 

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چالاكوانی مافی مرۆڤی ئێرانی باس لەوە دەكەن "مستەفا سەلیمی، دوای هەڵاتنی لە زیندان توانی خۆی بگەیەنێتە باشووری كوردستان- ئاوایی گەرمك لە قەزای پێنجوێن، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك هێزێكی ئاسایشی بەبیانووی تێستی كۆرۆنای بۆ بكەن، بردویانە"

 

بەڵام ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو باسی لەوە نەكردوە ئەم زیندانییە پاش هەڵاتنی لە كوێ دەسگیركراوەو چۆن گەیشتۆتەوە بندەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێران.

 

لە بەیاننامەی رێكخراوی هەنگاو رایگەیاندوە بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە(١١ی نیسانی٢٠٢٠)، حوكمی سێدارەی مستەفا سەلیمی (٥١ ساڵ) بەندكراوی سیاسی كورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ كرا.

 

ئەو بەندكراوە لە رۆژانی رابردوو لە كاتی ڕاپەرین لە بەندیخانەی شاری سەقز لە گەڵ زیاتر لە ٧٠ بەندكراوی دیكە لەو بەندیخانە هەڵاتبوو و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستبەسەر كرابوو.

 

مستەفا سەلیمی خەڵكی ئاوایی ئیلوی سەقزە، بە تۆمەتی هەڵكوتانە سەر پایگای ئیرانشای سەقز و كوژرانی ئەندامێكی سوپای پاسداران لە شاری نەهاوەند تۆمەتباركراوە. حوكمی ١٥ ساڵ بەندكران و سێدارەی بە سەردا سەپا.

 

مستەفا سەلیمی ماوەی چەند ساڵ پیشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە دوایی جیابوونەی لەو حیزبە گەراوەتەوە شاری سەقز.

 

یەكەمین كاردانەوەی رەسمی لە هەرێمی كوردستانەوە لێدوانی زیا پترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بوو ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە "مستەفا سەلیمی، دوای هەڵاتنی لە زیندان بەرەو هەرێمی كوردستان هاتووە بەڵام ئاسایشی پێنجوێن رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كردووەتەوە،.."

 

پاشان بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ووتی" لەناو داتاكانی بەردەست ئاسایش و خاڵە سنورییەكان، هیچ داتایەك بەناوی مستەفا سەلیمی نییە."

 

ووتیشی "عەلی جوانمەردی كە هەواڵی مستەفا سەلیمی بە قاچاغ بۆ هەرێم و رادەستكردنی بە ئێران بڵاوكردوەتەوە، دەیەوێت ناوی ئاسایش بزڕێنێت و هەوڵیداوە خەڵك بەلارێدا بەرێت."

 

هەر ئەمڕۆ، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كورستان رایگەیاند كە سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر پرسی رادەستكردنەوە و لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی پێكبهێنێت و جەختیكردەوە كە وەك حكومەت ئاگاداری رادەستكردنەوەی ناوبراو نین.

 

سەنتەری  بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندبوو  "سەركۆنەی لە سێدارەدانی زیندانیی سیاسی مستەفا سەلیمی دەكات ، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات راستی ئەو هەواڵانە بۆ رای گشتی و رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان روونبكاتەوە: كە باس لە رادەستكردنەوەی ئەو هاوڵاتییە دەكات بە دەسەڵاتدارانی ئێران لە لایەن هێزی رەسمییەوە."

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved