پەیامێك لە لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

 

مستەفا هیجری ،لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بۆنەی ساڵی نوێی هەتاوی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

 

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

هاونیشتمانیانی بەڕێز

خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری ڕۆژهەڵات

 

 لەم کات و ساتەی ئێستا کە دەڕوانینە دۆخی ئێران، ئەزموونێکی دەیان ساڵەی قەیراناوی دێتەوە به‌رچاومان کە هەر لە بنەڕەتدا بە قەیران بنیات نراوە. لەم ساڵانەدا، کۆمەڵگە بە بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن، پارسەنگی خۆی لە دەست داوە و ژیان گەیشتووەتە ئاستی مەرگەسات. بەهاکانی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان پێشێل كراون. ئەوەی سەرکوت کراوە ویستی ئازادی و مافویستی بووە. قەیران لە دوای قەیران نە تەنیا تەنگی بە خەڵکی ناوخۆی ئێران هەڵچنیوە، بەڵکوو تەنانەت دەرەوەی سنوورەکانیشی تەنیوەتەوە.

 

 ڕوووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو جێی سەرنجن. ئەگەر خوێندنەوە بۆ شەپۆلی بەتەوژمی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بکەین، ئەم ڕوووداوە پێش هەموو شتێک ڕاستییەکی بۆ دنیای دەرەوەش نواند؛ ئەویش ئەوە بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو پێکهاتەکەیەوە لە قەیران و بنبەستدایە. دەنگی شەقام و خوێنی هەزاران قوربانی و هەزاران زیندانی و بێسەروشوێن‌کراوی ئەم ڕووودانە، ئەو دیوی ئەم ڕاستییە بوو. کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەت نەتەوەبندەستەکان کە زۆرترین قوربانی و تێچوووی گیانییان داوە، بە کردەوە سەلماندوویانەوە کە ئامادەی تێپەڕین لەم ڕێژیمە و تێکڕووخاندنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتن و بیر لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەنەوە.

 

 ڕوووداێکی دیکەی جێی سەرنج، شانۆی دەنگدانەکان (هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەهەمی مەجلیس) بوو. ئەمجارە نەک لە سەر شەقام، بەڵکوو لە ماڵەکانەوە و لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان، دەنگی بایکۆت و شەپۆلی "نا"، جارێکی دیکە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی وەلەرزە خست و لە سەر شانۆی سیاسیی ئێران تۆمار کرا. ئەم "نا" گەورەیە شكانێکی گەورە بوو بۆ سەرانی ڕێژیم و شەخسی "عەلی خامنەیی" کە لە خەڵک دەپاڕایەوە بە چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان، شانۆی دەسەڵات بڕازێننەوە.

 

 بەڵام، لەگەڵ ئەو دوو شەپۆلە لە ناڕەزایی و "نا"گوتنە، شاهیدی ڕووداوگەلێکی دیکە بووین کە ئەوپەڕی قەیرانی بەڕێوەبەری و بێ تواناییی بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی پێوە دیار بوو. هەستانی لافاو لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران، ڕووداوی وەک بوومەلەرزەی کۆتۆل و ئەم دواییانەش تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستەوەستانیی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە و پێڕاگەیشتن بە قوربانیان و زیان بەرکەوتووان تەنیا چەند نموونەیەکن.

 

 کۆی ئەم ڕوووداوانە، زیاتر قووڵاییی قەیرانی دەسەڵاتی کارەساتباری ڕێژیمیان خستە ڕوو. باری ژیان و گوزەرانی ئاسایی کۆمەڵگەی ئێران بە قەیرانی هەمەلایەنەی ناوخۆیی و دەرەکی تەنراوە. بە تایبەت کەمپەینی زۆرترین گوشار لەلایەن ئەمریکاوە، کە ئەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمە، تەنگی بە کۆمەڵگه و تەنانەت دەسەڵات هەڵچنیوە. سەرباری ئەمەش، تێکچڕژانی قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ژینگەیی، بەرێوەبەری و هتد  کە دەیان و سەدان دیاردە و گرفتی دیکەی لێکەوتووەتەوە، بووەتە بەشێک لە ژیانی ئاساییی خەڵکی ئەم وڵاتە. سەرکوتی سیستماتیک، سیاسەتی فەرمی و هەمیشەییی دەسەڵاتە، بە جۆرێک کە ئاسایشی خۆی گرێداوە بە تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا و سەرکوتی هەر جۆرە جیاوازی و جیابیرییەک. ئەم دۆخەی لە ئێران دەبیندرێ، دەقاودەق لە دەرەوەی سنوورەکانیش ڕەنگی داوەتەوە. ئەو هەواڵبەندی و هاوپەیمانییەتانەی کە دژ بە ڕێژیم دێنە ئاراوە، ئاماژەیەکن بۆ ئەم ڕاستییە. دەنگی بەرەنگاری وناڕەزایی لە شەقامەکانی عێراق ولوبنان لە دژی کۆماری ئیسلامی، ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتانەن.

 

خۆشەویستان

 

 بۆ ئێمەی کورد، لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەش دەنوێنێ و هەتا دێ زیاتر لە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی تێوەدەگلێ،ئەزموونێکی دوورودرێژی خەبات و بەرگریمان لە بەردەم دایە. لە کۆی ئەزموونی دەیان ساڵەی خەبات و تێکۆشانمان دژ بە تاریک پەرەستی و قوربانیدانمان لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی، تا دێ هیوای هاوخەباتی و هاوچارەنووسیمان دەگەشێتەوە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا چ وەک حیزبە کوردستانییەکان لە ناوەندی هاوکاری، چ وەک چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، بە لێکتێگەیشتن و بە هەست بە بەرپرسیاریەتیی هاوبەش، قۆناغێکی بە نرخمان لە هاودەنگی و یەکڕیزی ئەزموون کرد. کورد لە ڕۆژهەڵات بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەرامبەر بەو ڕووداوە سیاسی و تەنانەت سروشتیانەی کە هاتنە ئاراوە و دوایین نموونەکانی شانۆی دەنگدان و دواتر بوومەلەرزی کۆتۆل بوو، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە جووڵایەوە. ئەم بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە چارەنووسی یەکتر، خۆی لە گڕێدانی خەباتی شار بە شاردا نواندەوە و ڕۆحی پێکەوە بوون و هاوچارەنووسیی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وێنا کرد. یارمەتییەکانی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بۆ لێقەوماوانی کۆتۆل و پێشتریش یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ناوچەکانی باشووری زاگرۆس کە بە هۆی لافاو و بوومەلەرزەوە زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوتبوو، وێنەیەکی جوانی لە هەستی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات نەخشاند. ئەم قۆناغەش بێ گومان سامانێکی سیاسی و دەسکەوتێکی گرینگ بوو بۆ نەتەوەکەمان.

 

 بە ئەرکی سیاسی و ئەخلاقی و نەتەوەییی هەموو لایەکی دەزانین کە لە سەر ئەم ڕێچکەیە بەرەدوام بین و سەرەڕای جیاوازییەکانمان، بەرامبەر بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دوارۆژی نەتەوەکەمان بەرپرسیار و دەروەست بین. گومان لەوەدا نییە کە ڕێگەی سەرکەوتن لە ڕاستەرێی یەکڕیزی و گوتارێکی تۆکمە و نەتەوەیی تێپەڕ دەبێ کە تیایدا هەموومان بە گوێرەی توانا و دەرفەتەکان ئەرکی خەبات وەئەستۆ بگرین. هێز و توانا و سەرمایەی شۆڕشگیڕانەمان لێک گرێ بدەین و خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەین. هەر چۆنیک بیت ئێران و ناوچەکە ناوەندی گۆڕانکاڕییە چاوەڕواننەکراوەکانە، هەر بۆیە زەروورەتێکی مێژوووییە، لە دەلاقەی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەییمانەوە، خوێندنەوە بۆ ئێستا و دواڕۆژی گۆڕانکارییەکان بکەین و لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەر بوەستینەوە.

 

 لەگەڵ ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو، بۆ دوژمنەکەمان ساڵی شكان و سەرشۆڕی و داهێزران بوو، بۆ نەتەوەکانی ئێران ساڵێکی بێ دەستکەوت نەبوو. لەم ساتەوەختانەدا کە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵات بە نیگەرانی و کۆمەڵێک گرفت و کێشەوە بەرەو ساڵی نوێ دەچن، نەورۆز بۆ ئێمە، ساتەوەختەکانی ڕابوون و ڕاسانەوە و هێمای یەک بوونە. هەر بۆیە بە دڵێکی پڕ لە هیوا و هومێدەوە بەرەو ساڵێکی نوێ و قۆناغێکی نوێ لە خەبات هەنگاوەکانمان قایم و ریزەکانمان پتەوتر دەکەین.

 

 بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ وە، پیرۆزبایی لە گەلی کورد لە هەموو بەشەکان، بە تایبەت خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە سەرووی هەموانەوە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی شار و شاخ دەکەین و سەری ڕێز و وەفاداری بۆ شەهیدەکانمان و ڕێبازی پڕ لە سەروەرییان دادەنەوێنین. لەم بۆنە نەتەوەییەدا، پەیمان لەگەڵ یەکتر نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە دوائامانجی ئازادی و ڕزگاری، ڕۆژ و ساڵ و دەرفەتەکان بکەین بە هەوێنی هاوخەباتی و خۆڕاگری.

 

نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

 

نەورۆزی ٢٧٢٠ی كوردی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved