موراد قەرەیلان سەرکەوتنی ڕەقەی پیرۆز کرد

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سەرکەوتنی ڕەقەی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، کە ڕزگارکردنی ڕەقە تێکۆشانی کۆنفیدرالی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات.

 

قەرەیلان ڕایگەیاند:

 ڕزگارکردنی ڕەقە لە هەموو گەلانی سوریا، گەلی کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین، ئەو کاتەی کۆبانێ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیر کرا، بە بەرخۆدانێکی چوار مانگە ئەو شارە ڕزگار کرا، ئێستاش ڕەقە پاش ئۆپەراسیۆنێکی چوار مانگ و نیوە لە چنگی چەتەکان ڕزگار کرا.

ڕزگارکردنی پایتەختی چەتەکانی داعش کە ترسی خستبووە دڵی هەموو خەڵکی جیهانەوە و ببووە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی، سەرکەوتنێکی زۆر گەورە لە قەڵەم دەدرێت، لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە هەموو فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە پیرۆزدەکەم، بەڕێوەبەریی پەکەکە ئەو سەرکەوتنە بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانێت و بەرزی دەنرخێنێت.

یادی هەموو شەهیدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکەینەوە، ئەوانەی لەو ڕێگایەدا شەهید بوون، شەهیدی ڕێگای مرۆڤایەتین، ئەوان بۆ تاهەتایە لە دڵی گەلاندا دەژین، بە گیانفیدایی ئەو شەهیدانەیە کە گەلانی کورد، عەرەب و هەموو گەلانی ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتی لە چنگی ئەو بەڵایە ڕزگار بوون، ئاگادارین کە ژمارەیەکی زۆری شەڕڤانی بیانیش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە بوون، یادی هەموویان دەکەینەوە.

تێکۆشان بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادی گەلان بوو، هیوای سەرکەوتنمان هەیە بۆ هەموو فەرماندەکان و شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە، کە داعشیان لە ناو برد، لەلایەکی دیکەوە تێکۆشانی هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان هەبوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەرز دەنرخێنین، ڕزگارکردنی ڕەقە بە واتای ئازادیی گەلانی سوریا و لە سەر بنەمای برایەتیی گەلانی عەرەب و کورد و ئاشوری و هەموو گەلانی تر دێت و زەمینە ئامادەدەکات بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرس و کێشەکان.

کوران و کچانی کورد، عەرەب، سوریان و ئاشوری هەموو پێکەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە خوێنیان ڕژا، ئەوەش دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی کۆنفیدرالی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی لە سەر بنەمای برایەتی و ئاشتیی نێوان گەلان، ئێمە وەک پەکەکە باوەڕمان وایە، کە کێشەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوانگەی نەتەوەی دیموکراتی و لە رێگای دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن، نەتەوەی دیموکراتی پێشتر لە شەداد، منبیج و تەبقا تاقی کراوەتەوە و سەلماندوویەتی دەتوانرێت لە ڕەقەش هەر بەو شێوەیە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved