تەڤگەری ئازادی: دەبێت ئەو دەزگایانە تێكبشكێندرێن كە دەسەڵاتیان قایمكردووە

 

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی ڕایدەگەیەنێت، كە خۆپیشاندانەكان خۆرسك و ڕەوان و پشتگیری دەكەن، دەشڵێت پێویستە ئەم حكومەتە بڕوات، لەبارەی هێرشی خۆپیشاندەران بۆسەر بارەگاكان دەڵێت: پێویستە هێرش نەكرێتە سەر بارەگا خزمەتگوزاریەكان، دەبێت ئەو دەزگایانە تێك بشكێندرێن كە دەسەڵاتیان قایم كردووە.

 

لە چاوپێكەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا، محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان، هەڵوێستی خۆیان لەسەر خۆپیشاندانەكان و داواكاری هاوڵاتیان دەخاتە ڕوو، هاوكات قسە لەسەر پڕۆژە و پێشیاری ئەوان دەكات بۆ چارەسەری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كارو چالاكی داهاتوویان.

 

لە چاوپێكەوتنەكەدا، محەمەد عەبدوڵا، ئاماژە بەوەدەكات كە خۆپیشاندانەكان ئەنجامی گوێنەگرتنی دەسەڵاتە لە داواكاریەكانی خەڵك، ئەو گوێنەگرتنەیە وای لە هاوڵاتیان كردووە، كە دەسەڵات بە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان بیگۆڕێت، پێشی وایە، كە خۆپیشاندانەكان خۆرسك و ڕەوان و ئەوان وەك تەڤگەری ئازادی پشتگیری خۆپیشاندانەكان دەكەن.

 

دەقی چاوپێكەتنەكە

 

لەماوەی ڕابردوودا تەڤگەری ئازادی، مۆڵەتی فەرمی وەرگرت، ئەم فەرمی بوونە چی ئەبەخشێت بە تەڤگەری ئازادی و لە داهاتوودا شێوازی كاركردنتان چۆن دەبێت؟

محەمەد عەبدوڵا: چەند ڕۆژێك پێش ئێستا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تەڤگەری ئازادی وەك ڕێكخستنێكی فەرمی لە عێراق ناساند، بەداخەوە ماوەی سێ‌ ساڵە ئێمە لە هەرێمی كوردستان داوای مۆڵەتمان كردووە، بەڵام داواكاریەكی ئێمە لە ئاسایشی سلێمانی وەڵام نەدراوەتەوە، بە پارێزەرەكەیان وتووین تۆ حەقت بەسەر ئەو كارەوە نەبێت، ئێمە مۆڵەت نادەین بەوان، بەڵام ئەوە بوو لە عیراق مۆڵەتمان وەرگرت، ئێستا ئێمە پارتێكی فەرمین لە عێراق.

 

"گرێدراوی فەرمییەت نیین"

 

وتیشی: تەڤگەری ئازادی لە بنەڕەتدا جوڵانەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتییە، لەسەر بنەمای كۆمەڵایەتی كار دەكات، زۆر گرێدراوی فەرمی بوون نین، بەڵام فەرمی بوونیش گرنگە، فەرمی بوون دەستی ئێمە زیاتر واڵا دەكات، ئێمە دەتوانین لەمە بەدوا لەهەموو پاریزگاكانی عێراقدا بارەگا كەینەوە، كارو چالاكی خۆمان بكەین.

 

 نیازی ئەوەتان هەیە لە شاری هەولێر و دهۆك بارەگا بكەنەوە؟

محەمەد عەبدوڵا: بەڵێ‌ نیازی ئەوەمان هەیە، ئێمە لیژنەیەك لەناو خۆماندا پێك دەهێنین بۆ ئەوەی دیراسەی ئەوە بكەین لەكوێ‌ پێویستە بارەگا بكەینەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ڕێنمایەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق-دا.

پێتان وایە ئەگەر بارەگا بكەنەوە لەشاری هەولێر و دهۆك پارێزراودەبن، چونكە لە ڕابردوو ئێستاشدا فشار لەسەر لایەنگرەكانتان هەیە لە ئەو ناوچانە؟

"بارەگا بەلای ئێمەوە گرنگ نییە"

محەمەد عەبدوڵا: لە ڕاستیدا بارەگا زۆر گرنگ نییە بەلای ئێمەوە، ئەوان بەبێ‌ ئەوەی بارەگاشمان هەبێت فشار دەخەنە سەرمان، دەسەڵاتی پارتی هێرش دەكاتە سەر ئەندامانمان و فشاریان دەخاتە سەر، لە ماوەی ڕابردوودا لە زاخۆ و شیلادزێ‌ فشاریان خستبووە سەر ئەندامانمان، هەروەها تاكور زەردەشتی بە بیانوی ئەوەی دۆستایەتی لەگەڵ ئێمەدا هەیە چەند ڕۆژێك دەستگیریان كرد، بەڵام ئێمە خۆمان نەبەستووەتەوە بە كردنەوەی بارەگاوە، لە هەرشوێنێك بمانەوێت و پێویست بكات كارو چالاكی دەكەین.

  

پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی چییە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوری-یانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟

 

"پرۆژەمان بۆ هەموو پرسەکان دەبێت"

 

محەمەد عەبدوڵا: لەڕاستیدا تاوەكو ئێستا بەناوی نافەرمی بوونەوە ئێمەیان لەدەرەوەی بەشداری سیاسی هێشتبووەوە، بەڵام لەمەودوا ناتوانن بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، چونكە هەم لە ئاستی جەماوەری هەم لە ئاستی عیراقدا ئێمە فەرمی بوونی خۆمان هەیە، بۆیە بۆ هەموو پرسەكان پڕۆژەمان هەیە بە هەڵبژاردنەكانیشەوە، دەمانەوێت بەشداری هەموو هەڵبژاردنەكان بكەین.

 

باسی هەڵبژاردنت كرد، ئەمەوێت بپرسم پێتان وایە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستاندا چەند كورسی بەدەست بهێنن؟

محەمەد عەبدوڵا: لەڕاستیدا ناكرێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە چەند كورسی بەدەست دەهێنین، بەڵام بەو پێیەی كەئێمە جوڵانەوەیەكی فكری و سیاسین، وە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا پێویستی جوڵانەوەیەكی وا هەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر بكرێت ئەوا ڕێژەیەكی باش كورسی بەدەست بهێنین.

 

لە ئێستادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی فراوان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، خۆپیشاندەران داوای ڕووخان و دەستلەكاركێشانەوەی ئەم حكومەت و دەسەڵاتە دەكەن، هەڵوێستی تەڤگەری ئازادی لەم دۆخەدا چییە؟

 

"دەسەڵات لە شکستێکی گەورەدایە"

 

محەمەد عەبدوڵا: ئەم دەسەڵاتە لەماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا شكستی هێناوە لە ئیدارەكردن و پاراستنی هاوڵاتیاندا، لەم قۆناغەشدا لە شكستێكی گەورەدایە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، سیاسەتی برسیكردن و كۆیلەكردنی هاوڵاتیان سیمایەكی ئەم دەسەڵاتەیە، لەبەرامبەریشدا گەلێكی وشیار و بوێر و تێكۆشەرمان هەیە، ئەوەی هەتاوەكو ئێستا لەم دەسەڵاتەیان قبوڵ كردووە كۆمەڵێك هۆكاریان هەیە، دەنا لەسەردەمی ڕژێمەكانی پێشوودا بۆیەك چركەش مەیدانی خەباتیان چۆڵ نەكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتە بە بەری ڕەنج و تێكۆشانی شەهیدان دەزاندرێت بۆیە مراعاتی دەكەن، لەسەر و ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر خەڵكیان ئەنجامداوە خەڵك چاوپۆشی لێكردوون.

 

وتیشی: بەڵام ئێستا خەڵك دەیەوێت سزایان بدات، بۆیە میلـلەت دەستی بۆ خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بردووە كە سزای ئەوانی تێدا بدات، ئەوەش مافی گەلە، چونكە گەل خواستی بەدەستهێنانی ئازادی و دیموكراتی و بژێوی ژیانی هەیە، ئەم دەسەڵاتە هیچی نادات، بۆیە ناچارە بەزۆر بیستێنێت، وەك ئەوەی كە دەبینین چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دەستیپێكردووە.

"چارەسەری لەناو خۆماندایە نەک بدرێت لە دەرگای تورکیا و فەرەنسا"

 

 زیاتر دواو وتی: خۆپیشاندان لە كاتێكدا دەستیپێكردووە كە گەل چەندین جار دەسەڵاتی ئاگادار كردەوە، کە بژێوی خەڵك چاكبكەن، بەڵام نەیانكرد، لەدوای ئەو هەموو شكستانەی بەسەر ئەم میلـلەتەیاندا هێنا، لەبەری ئەوەی بەدوای چارەسەریدا بگەڕێن لەناو گەلی خۆیاندا، لەدەرەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، ڕۆژێك لە دەرگای توركیا دەدەن ڕۆژێك لە دەرگای فەرەنسا دەدەن، لە كاتێكدا چارەسەری لەناو خودی خۆماندایە، دەبوو دەسەڵاتیان بەجێ‌ بهێشتایە لەدوای ئەو شكستانەی بەسەریاندا هات، ئاشتەواییی كۆمەڵاتییان دروستبكردایەتەوە.

 

 ئێستا دەمەوێت بپرسم تەڤگەری ئازادی، لەگەڵ داوای خۆپیشاندەراندایە كە داوای ڕووخانی حكومەت ئەكەن، بەشداری خۆپیشاندانەكان دەبن یاخود نا؟

"خۆیان نەڕۆن گەل دەیانگۆڕێت"

 

محەمەد عەبدوڵا: بەلای تەڤكەری ئازادییەوە، خۆپیشاندانەكان خۆپیشاندانێكی خۆرسك و ڕەوایە، پشتگیری دەكەین، بەلای ئێمەوە ئەم حكومەتەی ئێستا هیچ ڕەوایەتییەكی نەماوە، لەبەر ئەوە پێویستە بگۆڕێت، ئەگەر ئەوان نایگۆڕن میلـلەت بە سەرهەڵدان دەیگۆرێت.

 

كەواتە لەگەڵ داواكاری خەڵكدان و بەشداری خۆپیشاندانەكان دەبن؟

"بەڵێ ئێمە لەگەڵ خەڵکدایەن"

 

 محەمەد عەبدوڵا: بەڵێ‌ ئێمە لەگەڵ داواكاری خەڵكداین، بەڵام بە وریایشەوە هەڵسوكەوت دەكەین، باشتر وایە هێرش نەكرێتە سەر دامودەزگای خزمەتگوزاریەكان، دەبێت فشار لەسەر ئەو دامودەزگایانە دروست بكرێت كە دامودەزگای قایمكردنی دەسەڵاتن، ئەوانە تێكبشكێندرێن و هێرشی بكرێنە سەر و هەڵبوشێندرێنەوە، ئێمە ئەوە بە ڕەوا دەبینین.

 

خۆپیشاندەران چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە حزبەكان بە سەركردایەتی و ئەندامانیانەوە بەشداری خۆپیشاندانەكان بن، تەڤگەری ئازادی ئەوە دەكات؟

 

محەمەد عەبدوڵا: ئێمە دەمانەوێت بەشداری خۆپیشاندانەكان بكەین، بەڵام زۆر ڕوون نییە، لە داهاتوودا ئێمە پڕۆژەمان دەبێت، وە هەر دوێنێ‌ بانگەوازییەكمان بڵاو كردەوە بۆ ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆپیشاندانەكان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی دەستی حزب و وڵاتانی دەرەكی لە خۆپیشاندانەكان دوور بخەینەوە، ئەو لایەنەش دەیەوێت بێتە ناو خۆپیشاندەران و ئەنجومەنی خۆپیشاندانەكەوە دەبێت دەسەڵات بەجێبهێڵێت، وە بانگەوازمان لە هێزە ئەمنییەكان كردووە نەبنە ئامرازی دەستی ئەو دەسەڵاتەی كە دەیەوێت مووچەیان بەناوی پاشەكەوتەوە كەمبكاتەوە.

 

وتیشی: لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە دەسەڵاتی باشوری كوردستان دەیەوێت خۆی ڕادەستی داگیركەرانی كوردستان بكات، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنیەكان نەكەونە خزمەتی ئەو خواستەی دەسەڵاتەوە.

 

 -ئەگەر دەسەڵات بەدەم داواكاری خۆپیشاندەرانەوە نەیەت چی بەسەر دێت؟

 "تەنها ئەوەیە كە دەبێت ئەو دەسەڵاتە بڕوات"

 محەمەد عەبدوڵا: دەسەڵات نایەوێت گوێ‌ لە خەڵك بگرێت، دەیەوێت خۆی قایم بكات، ئەوەتا تەقە لە خۆپیشاندەران دەكات، توندو تیژی دەكات، لە ڕابردووشدا لەبری چارەسەری بە تەقە وەڵامی داواكاری خەڵكیان داوەتەوە، هیچ چارەیەك نییە، چارە تەنها ئەوەیە كە دەبێت ئەو دەسەڵاتە بڕوات.

 

كەواتە ئەنجام چییە؟

 محەمەد عەبدوڵا: ئەو خەڵكە توڕەیە و برسییە، هیچ شتێكی نییە لەدەستی بدات، تەنها ئەو ژیانی كۆیلەیەتی و برسێتییەیە، بڕوام وایە تازە ڕقی خەڵك دانامركێتەوە تا ئەو دەسەڵاتە دانامركێتەوە.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved