ناوچەکانی خانەقین‌و کفری

 

 لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی‌و گرتنیان لەلایەن بەریتانیاوە، لەراپۆرتێکی ساڵی ١٩٢٠ی بەریتانیادا

  

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

تێبینی:

ئەم باسە بەشی چوارەمی راپۆرتی پێداچوونەوەی حوکمی راستەوخۆی عێراقە لەلایەن بەریتانیاوە، کە ساڵی ١٩٢٠ ئامادە کراوە. راپۆرتەکە بە ناوی "پێداچوونەوەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیایە  Review of the Civil Administration of Mesopotamia" و ساڵی ١٩٢٠ خاتوو گێرتروود لوسیان بێڵ نووسیوێتی، کە سکرتێری کۆمیسیۆنی باڵا بووە لە عێراق. راپۆرتەکە لە هەندێ شوێندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ و تێکڕا باس و هەڵسەنگاندنی چۆنێتی گرتنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی میزۆپۆتامیایە، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٢١دا قەوارەی دەوڵەتێکی تێدا دروست بکرێت بەناوی عێراقەوە و کەین و بەینی چۆنێتیی لکاندنی کوردستانی باشوورە بەم قەوارەیەوە – وەرگێڕ.

دەقی تەواوی تێبینیی کۆمیسیۆنی باڵا لەسەر ئامادەکردنی بەم شێوەیە:

"ئەم پەیپەرە پێشکەش کردنی باسێکە لەبارەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیاوە لە ماوەی داگیرکردنی سەربازیی بەریتانیادا، کە وەک بڵێی لە هاوینی ئەمساڵەوە، کاتێ کە ماندێتی میزۆپۆتامیا لەلایەن بەریتانیای مەزنەوە قبووڵکرا، هەنگاو گیرایەبەر بۆ زوو دامەزراندنی حکوومەتێکی عەرەبی.

حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانیا) داوای راپۆرتێکی کرد لەسەر ئەم ماوە قورس و پڕ گرفتە، لە جێگری کۆمیسیاری مەدەنی، کەوا ئامادەکاریی سپاردە خاتوو گێرتروود ل. بێڵ C. B. E.

ئۆفیسی هندستان India Office

٣ی دیسەمبەری ١٩٢٠

لەندەن: چاپ و بڵاوکردنەوەی لەلایەن ئۆفیسی پەڕاو و نووسراوەکانی حکوومەتی خاوەن شکۆوە.

_______________

 

پاش ئەوەی بەغدامان گرت دەسبەجێ کەوتینە پەیوەندی کردن لەگەڵ هۆزە کوردەکانی پەڕی خوارەوەی کوردستان. پەیوەندیی حکوومەتی عوسمانی لەگەڵ هۆزە کوردەکانی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی دەکرێت کورتبکرێتەوە لە هە هەوڵ و کۆششێکی ناکاریگەردا بۆ کۆنترۆڵکردنیان لەلایەکەوە و یاخیبوونیان لەلایەکی ترەوە. لە جاڕدانی دەستووری ساڵی ١٩٠٨وە، ئاڵۆزی و بێسەروبەری ئاڕاستەی بەرەو زیادبوون دەچوو لەجیاتی ئەوەی کەمببێتەوە و ئەوەش تاڕادەیەک دەگەڕایەوە بۆ مامەڵەی سەرکەشانەی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (جەمعییەتی ئیتیحاد و تەرەقی) و تاڕادەیەکیش ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی لە ئەنجامی نائومێدبوون لەو ئاوات و هیوایەوە هاتبووە ئاراوە کە بزووتنەوەی دەستووری بەرپای کردبوو. هەردوو هۆکارەکە سەریکێشایەوە بۆ پەرۆشییەکی تەمومژاویی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی نەژادی، کە ئەگەر گریمانەی شێوەیەکی پراکتیکیی مەترسیدار پێکنەهێنن خۆ بەلای کەمەوە کادرێك پێدەگەیەنێت کە ناڕەزایی و تووڕەیی گشتی دەڕەخسێنێت لەگەڵ شتگەلێکی عوسمانیدا کە لەناو رەعییەتەکانی تورکیای پێش جەنگدا تەشەنەی کردبوو. هێزی سەربازیی عوسمانی لە ویلایەتی بەغدا بە هیچ جۆرێک لە ئاستی پێویستدا نەبوو، کوردیش تەنها بۆ ئەوە یاخی نەبوون کە ناچاربن لەگەڵ هێزی نەگونجاو بکەونە بەرەنگارییەوە و لەکاتێکدا کە ئاژاوە و ئاڵۆزی لەودیو سنووری وڵاتی فارسەوە بە هۆی یاخیبوونی سالارولدەولەوە لە ساڵی ١٩١١ بۆ ١٩١٣ کێشە و گرفتی دروستکرد و تەماح و چاوتێبڕینی لای حکوومەتی تورکیا پەیداکردبوو.

هۆزە سەرەکییەکان بەدرێژایی سنووری باشووری زێی بچووک هەمەوەند و جافن، کە یەکەمیان لە ناوچەی سلێمانیدا جێگیرە و ئەویتریان کۆچەرە و هاتوچۆیان لە بەری چەپی رووباری دیالەدایە و لە سەڵاحییە (کفری)یەوە بۆ سەرەوە تا مەریوان لە بەری سنووری وڵاتی فارسدا (ئێران). بێجگە لەمان باجەڵانن، کە دەبێ رەچاو بکرێن و لە هەردوو دیوی تورکی (عوسمانی) و وڵاتی فارسەوەن. بەشە تورکییەکەیان لە ژێر کاریگەریی مستەفا پاشادایە (باجەڵان – و) لە خانەقین، کەوا گرنگترین فاکتەری سیاسییە لەو ناوچەیەدا. لە قۆناخێکی بەرایی رژێمی دەستووریدا، حکوومەتی عوسمانی توانی دژایەتیی هەمەوەند نوێ بکاتەوە بەو کارە ناژیرانەی سەبارەت بە شێخ سەعید کردی. بنەماڵەی بەرزنجی لە سلێمانیدا گەورەترین بایەخی   پەیداکردووە و ناوبانگی بەرزیان بەدەستهێناوە، وەک خەڵکێکی پیرۆز کە ئەو مافەیان بەپێی رەچەڵەک هەیە نەک بە هۆی رەفتار و هەڵسوکەوتەوە و ئەنجام کاری کردووەتە سەر هەموو تیرە و هۆزەکانی ناوچەکە. شێخ سەعید کەسێکی ستەمکاری بەدناو و ئاژاوەگێڕ و تێکدەری ئاشتی و ئارامی بوو، کەچی دەسەڵات و کاریگەرییەکی مەودا فراوانی پیرۆزیی هەبوو، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە دوورخستنەوەی بۆ مووسڵ لەوێ، لە بارودۆخێکی تەواو ناڕووندا، لە کانوونی دووەمی ١٩٠٩دا کوژرا و هەمەوەند لە تۆڵەی ئەم کوشتنەیدا راپەڕی. بەهەرحاڵ، هەوڵدانێکی ناکارا و لاواز بۆ بەرگرتن لە دزی و راوڕووتیان لەوە زیاتر نەبوو کە بیانکەن بەودیو سنووری ئێراندا، بەڵام لەوێشەوە هەر بەردەوام بوون لەسەر جەردەیی و پەلاماردانی گوند و کاروانی بەری وڵاتی عوسمانی. لە تەمووزی ١٩١٠دا، نازم پاشا لەگەڵیان رێککەوت و بەناو کۆڵدان و ملکەچییانی قبووڵ کرد، بەڵام ئەو سیاسەتی سازشکارییەی لەسۆنگەی درککردنیەوە بە لاوازی و بێدەسەڵاتیی تەواوی ئەو هێزانەوە کە لەژێر دەسەڵاتیدا بوو پاش بانگکردنەوە و لەکارلادانی ئەم لە نیسانی ١٩١١دا وازی لێهێنرا و لە پایزی ئەو ساڵەدا هەمەوەند وەک جاران دەستیاندایەوە کاری ئاژاوەگێڕی. لە ساڵی ١٩١٢دا پلانێک داڕێژرا بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی وڵاتەکە لە رێگەی چەکدارکردنی دەستە و تاقمی کوردەوە لە سنوورەکاندا و لەسەر شێوازی هێزی حەمیدییەی سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید، بەهەرحاڵ، هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە هەمەوەند و جاف و دزەیی چەکدار کران بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورەی لە دۆخەکەدا نەکرد و تا بەرپابوونی جەنگیش (جەنگی جیهانیی یەکەم – و) هەمەوەند هێشتا هەر لە دۆخی یاخیبووندا بوون.

سەبارەت بە جافیش، لە کۆتایی ساڵی ١٩١٠دا هەوڵێک درا بۆ ئەوەی باجێکی قورسیان لێوەربگیرێت، چونکە لە سەرەتای سەردەمی دەستوورەوە باجێکی کەم یان هەر هیچیان نەدابوو. یەکێک لە بنەماڵەی دەسەڵاتداری جاف، کە مەحموود پاشای بەگزادە بوو و سەروەختێک حوکمی هەموو جافی کردبوو بانگکرابوو بۆ مووسڵ و لەوێ ماوەی ساڵێک دەسبەسەر کرابوو. ئەم سیاسەتە تاڕادەیەک نەکارایی تەواوی خۆی سەلماند و دواتر چاوی پێداخشێنرایەوە و رێگە بە مەحموود پاشا درا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، بەڵام گفتوگۆ و بێنەوبەرەی زۆر کرا بۆ نیشتەجێبوونی خێڵی جاف و هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە و هیچ پێشڤەچوونێکیشی بەدەستنەهێنا لە ساڵانی پێش جەنگدا.

لە نێوان مستەفا پاشای باجەڵان و حکوومەتی عوسمانیدا ناکۆکیی بەردەوام هەبوو و لە پێش سەردەمی دەستووردا ماوەی ساڵانێکی زۆر دوورخرابووەوە بۆ ئەستەمبووڵ و تورکەکان بەردەوام بە چاوی گومان و دوودڵییەوە لێیاندەڕوانی گوایە مەیلی بە لای بەریتانیاوەیە. لە ساڵی ١٩١٢دا بۆ ماوەیەک گیرا بەو پێیەی کە سیاسییەکی گومانلێکراوە.

لە سەرەتای جەنگەوە لایەنی هۆزەکانی کورد رقیان لە حوکمی تورک هەڵسابوو لەسۆنگەی ئەوەوە کە فشارێکی زۆری خستبووە سەریان تاوەکو کۆچی گەرمیان و کوێستان نەکەن و تووشی گرفتی زۆری کردبوون، لە سەرێکی تریشەوە رابەرە ئاینییەکانیان، کە ئەمان زۆر پابەند بوون پێیانەوە، تووشی سووکایەتی و ملکەچی کرابوون. لە رۆژگاری بەرایی جەنگدا، پێش ئەوەی شاڵاوی پرۆپاگەندەی جیهاد هێز و کاریگەریی خۆی لەدەست بدات، تورکەکان ویستیان سوود لە سوارەی غەیرە نیزامی کورد ببینن و رەوانەی بەرەکانی جەنگیان بکەن و بۆ ئەم مەبەستە چەند دەستە و تاقمێکی بچووک لەو سوارانە  چوون بۆ شوعێبە و بەڵام پاش ئەوەی خزمەت و شەڕی باشیشیان کرد زۆر بە ناشیرینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە مامەڵە کران. پاشان کوردەکان گەڕانەوە بۆ زێد و وڵاتی خۆیان و چیتر یەک سواریشیان لەدژی ئێمە نەنارد، هەرچەندە تورکەکان بەردەوام کۆڵیان نەدەدا لە ورووژاندنی دوژمنایەتی لە بەرانبەر ئێمەدا. سەرنەکەوتنی پرۆپاگەندەی تورکی تا ئاستێکی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ کردار و هەڵسوکەوتی رابەرە ئاینییەکان کەوا کۆک بوون لەسەر رەتکردنەوەی بانگەشە کردن بۆ جیهاد و رایانگەیاند کەوا جەنگ لەلای تورک زیادەڕۆییە بۆ شکۆ و خۆبەزلزانینی خۆی و ئەوان بەمیرات دوژمنی کوردن.بە نزیکبوونەوەی رووسەکان توخمێکی تر هاتە مەسەلەکەوە و وادیارە هیوای هاوکاری و هەماهەنگیی رووسەکان لە لایەنی رۆژهەڵاتمانەوە پاساوێکی وای نەبوو، چونکە لە پاش گرتنی ئەرزڕووم لە شوباتی ١٩١٦دا، هێزەکانی قەوزاق بە ناو وڵاتی فارسدا پێشڕەوییان کرد و لە مارتدا  گەیشتنە کرماشان.

 بەهەرحاڵ، لەوێ وزە و توانای جەنەراڵە رووسەکان دای لە کزی و چیتر هەوڵیان نەدا هێرشێکی چەواشەکارانە ئەنجام بدەن بۆ سەر سنوور بەدرێژایی رێگەی کرماشان – بەغدا بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئێمە سووک بکەن. لە حوزێراندا، پاش ئەوەی کووت گیرا، تاقمێکی بچووکی سوارەی قەوزاق لە ناوچەی پشتکۆوە پێشڕەوییەکی ئیستیتڵاعییان ئەنجامدا، کەوا هاوسۆزانی والییە حوکمڕانە ئێرانییە سەربەخۆکە موحەممەدی بوون (واتە موسڵمان – و) و بەوپێیەش تورکی بوون. تاقمەکە لای شارۆچكەی عەلی ئەلغەربییەوە (علی الغربی) گەیشتوونەتە سەر دیجلە و تینوێتی و گەرما شپرزەی کردبوون. سێ کەس لەوانە سەردانی بەسرەیان کرد و بەو جلوبەرگە نامۆیانەیانەوە خەڵک تەماشای دەکردن، کە بریتیبوو لە کڵاوی کۆڵاهی ئەستراخانی و پاڵتۆی ئەستوور بە بەراورد لەگەڵ پۆشاکی لۆکەی سپیی دانیشتووانی شارەکە و جلوبەرگی سەربازیی خاکیی بەریتانییەکاندا. بەڵام ئەوان ئەگەر پێشەنگی سوپای رووس بووبێتن ئەوە لەهەمان کاتدا پاسەوانی پشتەوەیشی بوون، بەدەر لە رووداوێکی کورت کاتێ کە هێزەکانی رووسیا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر خانەقینیان گرت و کەوتنە تاڵانکردنی شارەکە. پاشان ئیتر پیاوانی کڵاو کەوڵی تووکن و پاڵتۆ شۆڕ لە سەر سنوورەکانمان دیارنەمان تا ئەو کاتەی لە نیسانی ١٩١٧دا هاتنە ناو قەسری شیرینەوە، لەسەر رێگەی بەغدا و جارێکیتر لەوێوە گەیشتنە خانەقین، لە ناو سنووری میزۆپۆتامیادا. لەڕاستیدا بوونی ئەوان لە کرماشان بوو بە هۆکاری جێگیربوونی دۆخەکە لە وڵاتی فارسدا، کە تۆڕێکی ئەڵمان و تورک خەریکی پیلانگێڕان بوون تێیدا و ناچاریان کردبووین لە ساڵی ١٩١٥دا کاربەدەستانمان لە ئەسفەهان و شیراز بکشێنینەوە و فریانەکەوتین نەهێڵین کۆڵۆنێڵ ئۆکۆننۆری کونسڵمان لە شیراز بکەوێتە دەست خێڵە ناحەزەکان و ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەلایان بەند بێت، بەڵام پێشڕەوی کردن بۆ خانەقین، کە بەها سەربازییەکەی هەرچییەک بووبێت، بارودۆخی سیاسیی لە باشووری کوردستاندا تێکدا.    لەپێش جەنگدا هەڵوێستی هۆزە کوردەکان لەبەرانبەر رووسیا لە سەرتاپا سنووری رۆژهەڵاتی تورکیای عوسمانیدا بەتەواوەتی روون نەبوو، بەڵام بەگشتی دەکرێت بووترێت کەوا لەکاتێکدا ئەو گومانە سەرەکییەی لە رووسیا هەبوو و بوو بە هۆی دوودڵی لە مەسەلەی وەڵامدانەوەی دەسپێشخەرییەکانی، حوکمی خراپ و گەندەڵی عوسمانی بەرەو ئەوە دەچوو کوردەکان بەناچاری بکاتە دوژمنی خۆی و بیانخاتە باوەشی رووسەکانەوە. بەم رەنگە سەرۆکەکانی ناوچەی مووسڵ، وەک شێخی بارزان کە پاش چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی بانگەشەی رووس، لە دواجاردا ناچار بوون پەنا ببەنە بەر خاک و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی رووسیا.

 لە بەهاری ساڵی ١٩١٤دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هەمەوەند و جاف و دزەیی نائومێد بوون لە حکوومەتی عوسمانی و جێبەجێ کردنی ئەو چاکسازییانەی دەیانویست، بۆیە خۆیان ئامادە کردووە بۆ داواکردنی هاوکاری و یارمەتیی رووسیا. ئەم هەست و سۆزانە تووشی گۆرانکاریی گەورە هاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووسدا، چونکە قەوزاق دەبنە بارێکی قورس بەسەر خەڵکی هەر وڵاتێکەوە کە داگیری دەکەن و قسە و باسی ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە ساڵانی ١٩١٥ – ١٩١٦ لە رەواندزدا بەرپاکران جێگەی دڵنیایی نەبوون بۆ کوردەکانی باشوور. کاتێ ئێمە لە مارتی ١٩١٧دا چووینە ناو بەغداوە کوردی خانەقین و دەوربەری داوایان لێکردین کەوا بەم ئاڕاستەیەدا تا سنووری عوسمانی بەرپرسیارێتیی خۆمان وەربگرین و هەستیان بە خۆشحاڵییەکی گەورە دەکرد.بەگشتی تیرە و هۆزە کوردەکان کەوتنە سەر ئەو بیروڕایەی کە ئێستا هەل و دەرفەتی ئەوە رەخساوە بۆ ئەوەی خۆیان وەک رەگەز یان نەژادێک بسەلمێنن و ئایدیای سەربەخۆیی کورد، کە لە سایەی رژێمی دەستووریدا شێوەیەکی خۆی وەرگرتبوو و بووژانەوە و هاندانێکی باشی بەخۆوە بینیبوو لەپاش هەل و مەرجی جاڕدانەکەی بەغدای ئێمە بۆ عەرەبەکان کە جیاوازییەکی تەواوی لە هەڵوێستدا دەربڕیبوو سەبارەت بە هەست و خولیای نەژادی وەک لەوەی کە تورکەکان پەیڕەوییان دەکرد. لە پێشڕەویماندا بۆ سەرەوە بەرەو دیالە و پاشەکشەی تورک لە رۆژئاوای ئەو رووبارەدا، کوردەکانی ناوچەی کفری ئەو شوێنانەیان چۆڵکرد کە لەژێر دەستی هێزەکانی عوسمانیدا بوو و رەتیانکردەوە هیچ خۆراک و زەخیرە و پێداویستییەکیان بۆ دابین بکەن و لەو باوەڕەدا بوون کەوا دەبێت ئێمە بێدواکەوتن تەواوی ناوچەی سەرووی خانەقین بگرین. ئێمە لە ساتەوەختی گەیشتنمانەوە بۆ بەغدا و بەتایبەتیش لە سەرەتای نیسانەوە، پێمان باشبوو پەیوەندیی بە رووسەکانەوە بکەین، کە ئەودەمە لە قەسری شیرین بوون و گەورە ئەفسەری سیاسی، بەپێی توانای هێزە سەربازییەکانمان، مەسەلەی بایەخی سیاسیی گرتنی خانەقینی هێنایە ئاراوە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و دەسەڵات و کاریگەریمان لەگەڵ تیرە و هۆزەکانی کورددا کە لەگەڵماندا رێکبوون. بەهەرحاڵ، پلانێکی لەم چەشنە پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هێزەکان بوو، کە لە گۆشەنیگای سەربازییەوە نەدەسەلمێنرا و لەم بارودۆخەدا توانای لەوە زیاتر نەبوو کە هانی مستەفا پاشای باجەڵانی سەرۆکی خانەقین بدرێت کەوا هەوڵی تەواوی خۆی بدات بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەی خانەقین و ناو شارەکە لەپێناوی بەرژەوەندیی ئێمەدا.  لە مانگی نیساندا رووس شارەکەی داگیرکرد و دانیشتووانەکەی، هەرچەندە لە ساڵی ١٩١٦دا هاوکاریی تورکیان کرد بۆ دەرکردنی ئەمان، هەر کە زانییان کە وەک هاوپەیمانان و بە رەزامەندیی بەریتانیای مەزن هاتوون هیچ بەرهەڵستییەکیان نەکرد. بەهەرحاڵ، لە پاش چەند رۆژێکی کەم، وردە وردە هەواڵ دەگەیشتە گەورە ئەفسەری سیاسی (بەریتانی) کەوا مامەڵەکردنیان لەگەڵ دانیشتووان ترس و تۆقاندنێکی زۆری بەرپاکردووە و مستەفا پاشا داواکاری و تکای ئەوە دەکات کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی دابنرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شارەکە و داواکارییەکەی خرایە بەردەمی فەرماندەی سوپا. بەڵام جەنەراڵ مۆد نەیویست ئەم داواکارییە جێبەجێ بکات لەترسی ئەوەی کە مەسەلەی بەریەککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا ئەنجامی جیاوازیی بنەڕەتیی شێوازی رەفتار و مامەڵەمانە لەگەڵ خەڵکی رەسەنی وڵاتەکەدا.

سکاڵانەمەی هۆزەکانی باجەڵان و جاف و شەرەفبەیانی و تاڵەبانی بەردەوام دەگەیشتن، هەروەها لەلایەن پیاوماقووڵانی قزلڕەباتیشەوە و هەموو ئەوەیان دەردەبڕی کە   رەفتار و هەڵسوکەوتی رووس ناڕەزایی و دۆخێکی تاڵی هێناوەتە ئاراوە و هۆشداری دەدەن کەوا دانیشتووان ناوچەکە چۆڵ دەکەن و کۆچ دەکەن بۆ ئەو شوێنانەی کە لە ژێر دەستی تورکدایە. لە دوادوایی مانگی نیساندا خودی مستەفا پاشا خۆی هات بۆ بەغدا تاوەکو کێشەکە بخاتە بەردەستی دەسەڵاتدارانی بەریتانی. هەر بەو بۆنەیەشەوە ئەو نامەیەی لەگەڵ خۆی هێنابوو کە عەلی ئیحسان بەگی فەرماندەی تورک بۆی ناردووە و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی کە پەیوەندییەکی دەستکەوتووە و ئەو زانیارییانە لەخۆدەگرێت کە بایەخی سەربازیی گەورەی تێدایە و مستەفا پاشا ناردوویەتی بۆ هێزەکانی بەریتانیای نزیک شارەبان و تۆمەتبار کراوە بە ناپاکی و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی خێرای لێکراوە. مستەفا پاشا رایگەیاند کە رژێمی رووسیا سەلماندی کەوا زۆر دڵڕەقترە لە تورکەکان. لە وڵاتی فارسدا دانیشتووان (زیاتر مەبەستی کوردە – و) بەر ستەم و مامەڵەی ناجۆر نەدەکەوتن، بەڵام کوردەکانی تورکیا وەک دوژمن تەماشا دەکران و هەموو چینەکان وەک یەک تاڵان دەکران. مستەفا پاشا خۆیشی سەرباری ئەو راستییەی کە پەیوەندییەکی دۆستانەی هەبوو لەگەڵمان، بەڵام هەڕەشەی لێکرا و بەر قامچی درا، جل و بەرگ و ئەسپ و خۆراکیان لە ماڵیدا دزی و تەنانەت سەعاتە شەخسییەکەی بەرباخەڵی و زنجیرەکەشیان لە مالەکەی خۆیدا لێدزی. رووسەکان لە بەرانبەر داواکردنی هەر کاڵا و خۆراکێکدا یان دەستیان بەسەردادەگرت یان قەباڵە و پارەی لەکارکەوتوو یان کەمبەهایان دەدا. هەرچی ئاژەڵ و مەڕوماڵاتی دێهات هەبوو هەموویان بە تالان برد و لە خاوەنەکانیان زەوتکرد. دەغڵ و دان و بەروبوومی دانەوێڵەیان لە چواردەوری خانەقیندا هەموو دوورییەوە بۆ خۆیان یان وێرانیان کرد و نەیاندەهێشت خەڵک بچنە سەر باخ و مەزراکانیان. نانی گەنم زۆر دەگمەن بوو و بە زەحمەت دەستدەکەوت و تەنانەت چینە دەوڵەمەندەکەش هەژارکەوت و خەڵک بەکۆمەڵ رەویدەکرد بۆ لای تورکەکان لە کفری. عەشیرەتەکانی کفری، کە یەکەمجار قایل نەبوون خۆراک دابین بکەن بۆ تورکەکان، کەوتنە ئاشکراکردنی دوکان و کۆگا شاردراوەکانی خۆراک و کاڵا، پاش ئەوەی ئەو هەواڵە دڵتەزێنانە لە خانەقین و قزلڕەباتەوە گەیشتن و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی وای دروستکرد کە بەلایانەوە تورکەکان کەمتر بەدتر و شەڕخوازتربن لە رووس. ئەم هەست و بیروڕا گۆڕینەی کە رەفتاری هاوپەیمانەکانمان لەو راستییەدا رووندەبێتەوە کە تەرمی چوارسەد پیاو لە دەستی عەلی ئەکبەر خانی سەرۆکی هۆزی سنجابی  (نازناوی سەردار موقتەدیر بووە – و) هەڵاتوون بۆ چیای بەمۆ، لە دووریی نزیکەی پەنجا میل لە باکووری رۆژهەڵاتی خانەقینەوە، بەو نیازەی کەوا بگەنە ئێمە، ئەوجا تێفکرێ لە چالاکیی ئەو کار و کردەوانەی لەدژی ئێمە ئەنجامدەدرێت. لەڕاستیدا، زیادەڕۆییەکانی رووس ئەوەی سەلماندووە کە یارمەتییەکی گەورە و بەهاداری پێشکەش بە تورکەکان کردووە، بەڵام ئێمە خۆمان بەخێرایی ئەو پێگە شکۆدار و هاوسۆزییەمان لای ئەو رەگەز و نەژادە لەدەستدەدەین کە هەمیشە لەگەڵمان دۆست بوون، لەکاتێکدا کە هەڵکشانی دوژمنایەتی بۆ رووسەکان وای لە پێگەیان کردووە کە نەتوانرێت داکۆکیی لێبکرێت و وڵاتەکە تا دەگاتە قزلڕەبات و مەندەلی لێیان بووە بە دوژمن.مستەفا پاشا ئەوە دەخاتەڕوو کە هۆزە کوردەکان لە پێویستیی ئامادەبوونی هاوپەیمانیمان تێدەگەن، بەڵام تکای ئەوەمان لێدەکەن هانیان بدەن واز لە تاڵانوبڕۆ و توندوتیژیی بێنن و وەک سوپایەکی داگیرکەر رەفتار بکەن. کوردەکان ئامادەبوون چی لەتوانایاندا بێت بیکەن لە دابینکردنی خۆراکدا بۆ هێزەکەی رووس ئەگەر بێت و سیستەمی دەستبەسەرداگرتنی ناڕێکوپێک بگۆڕن بە سیستەمێکی بەرپرسیار لەژێر چاودێریی سەرۆکێکدا. لەپێناو دابینکردنی پێداویستیی خۆراکدا دەبێت رێگە بە جووتیاران بدرێت بگەڕێنەوە سەر باخ و کێڵگەکانیان و بێ کۆسپ و تەگەرە بەردەوام بن لەسەر کاریان. هەروەها داوای دانانی نوێنەرێکی بەریتانییان کرد کە جێگەی متمانەی خەڵک بێت و بەڕێوەبردنی مەدەنیی ناوچەکە لەئەستۆ بگرێت و پێویستیشە کەتیبەیەکی بچووکی هێزەکانی بەریتانیای لەگەڵ بێت.

 لەبەرانبەریشدا بەڵێنیاندا کە یاسا و ئارامی بپارێزن لە خانەقین و قزلڕەباتدا و هەروەها لەسەر رێگەی نێوان هەردوو شارۆچکەکەدا، بۆ دڵنیاکردنەوەی تیرە و هۆزەکانی بەرەی ژێردەستی تورک و وەرگرتنی ئەو ژمارەیەی کە پێویستە لێیان بۆ هێزێکی لێڤی. بەهەمان شێوەش بەڵێن دەدەن خۆراک و پێداویستیی لە مەندەلی و قزلڕەباتەوە بێنن. راستییەکەی هێزە رووسییەکە، بەهۆی ئاڵۆزیی ئەو بارودۆخی هەرا و شۆڕشەوە کە لە رووسیادا بەرپابووبوو (مەبەستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧یە کە یەکێتیی سۆڤیێتی تێدا دامەزرا _ وەرگێڕ)، بەتەواوی لەدەست دەرچووبوون و کۆنترۆڵ نەدەکران و دەیانزانی کە مانەوەیان لە ناوچەی خانەقیندا کاتییە و گرنگ نەبوو بەلایانەوە ناوچەکە چی بەسەردێت.بەهەرحاڵ، بۆ ئێمە، ئەوان میراتێکی تابڵێی ناخۆشیان سازکردبوو. بەپێی ئەم زەمینە و بنەمایە ئەو هەل و مەرجەی راگەیاندنەکەی مستەفا پاشا دەریخست لەگەڵ زانیارییەکانی تردا کە هاتبوون، دەرکەوت بۆ گەورە ئەفسەری سیاسی کە تەنانەت بە داشکاندنی زیادەڕۆییش دۆخەکە هێندە مەترسیدارە تا ئەو ئاستەی بانگەشەی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. خۆ ئەگەر لە دید و بۆچوونی سەربازییەوە مەحاڵ بێت ئێمە خۆمان خانەقین بگرین و کارێکی باشیش نیە نوێنەرێکی بەریتانی بنێرینە ئەوێ و وایدەبینی کە پێویستە حکوومەتی خاوەن شکۆ ئاگادار بکرێتەوە لە بارودۆخی راستەقینە و ئەو ئەنجامە سیاسییانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کەڵەکەبوونی بکەوێتەوە. هەروەها درکی بەوەش کردبوو کە دانانی یاریدەدەری ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی کارێکی ئاسان نیە و رەنگە نەتوانێت کاریگەرییەکی راستەوخۆی ببێت، بەڵام باوەڕی وابوو کە تەنها بوونی لەوێ بەلای دڵنیایی دانیشتوواندا دەشکێتەوە و رۆڵی بەڵگەیەکی مۆڵەتدان بە هێزەکانی رووسیا دەبینێت.دەستەی ئەرکانی گشتی گومانی هەبوو لە وردیی راپۆرتەکانی خانەقین و سەرلەنوێ جەختیان لەسەر ئەو رایەی خۆیان کردەوە کە ناردنی یاریدەدەری ئەفسەرێکی سیاسی لە بەغداوە    ئاڵۆزی و ناکۆکی لە نێوان هاوپەیماناندا دروستدەکات، بەڵام ئەگەر لەکۆتاییدا رووسەکان ناچار بە کشانەوە کران، ئەوە دەچوونە سەر ئەو باوەڕەی کە پەیوەندیی ئەفسەرێکی بەریتانی لەگەڵیان زیان بە پێگە و شکۆیان دەگەیەنێت. ئەوان (واتە دەستەی ئەرکان – و) وایبۆدەچوون کە نەدەبوو هەنگاوێکی لەم جۆرە بنێن بێئەوەی راوێژی پێشوەخت بە فەرماندەی هێزەکەی رووس بکرێت، کاتێ کە راوێژیشی پێکرا وەڵامەکەی ئەوە بوو کەوا کاتەکەی گونجاو نیە.بەهەرحاڵ، بارودۆخەکە هەر بە نەگۆڕاوی مایەوە و داواکاری و سکاڵا بەردەوام لە سەرۆکە کوردەکان و بازرگانانی خانەقینەوە دەگەیشتن. مستەفا پاشا لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا مایەوە وەک میوانێکی حکوومەتی بەریتانی، بەڵام خێزان و منداڵەکانی بە هاوەڵیی بەشێک لە پیاوانی عەشیرەتەکەی لە خانەقین هەڵاتن بۆ شاخی باخچە لە باشووری شارەوە و ماڵەکەی خانەقینیشی رووسەکان داگیریان کرد.

 پاشان داوای مۆڵەتی کرد بۆ ئەوەی ژن و منداڵەکانی بگەیەنرێنە شارەبان بە پاسەوانی و چاودێریی کەسانێکی هۆزەکەی بە زەمانەتی ئەوەی کەوا ئەو وڵاخانەی بۆ سواری بەکاریاندێنن رووسەکان دەستیان بەسەردا نەگرن، بەڵام داواکارییەکە لەلایەن فەرماندەی لەشکری رووسەوە رەتکرایەوە بەو پاساوەی کە ئەو پیاوە خێڵەکیانەی هاوەڵیی خێزانەکە دەکەن کاری دەستدرێژی و ناشیرینیان کردووە لەسەر رێگەوبانەکانی ناوچەی قەسری شیریندا، بێجگە لەوە مستەفا پاشا خۆیشی بەوە ناوی رۆیشتووە کە بەشداریی شەڕی دژ بە رووسەکانی کردووە (بە گریمانەی ئەوەی لە ساڵی ١٩١٦دا ئەوەی کردبێت) و فەرماندەی بەتالیۆنی سنووری تورک بووە.زانیاریی زیاترمان پێگەیشتووە لە بەغدا و باس لەوە دەکرێت کە خانەقین سەرپاک تاڵانکراوە و زۆربەی تاڵانی و دەسکەوتەکان رەوانەی ئەودیوی سنوور کراون. دوو ژن کوژراون لەگەڵ نۆ پیاودا، کە دوانیان موسڵمانن و ئەودوای پیاوەکان جوولەکەن و وەک باسدەکرێت لەبەر ئەوە کوژراون کە نەیانتوانیوە دراوی رۆبڵیان بۆ بگۆڕنەوە. لە ناوەڕاستی مایسدا، ئەفسەرە جەنەراڵەکەی فەرماندەی هێزەکانی رووس (جەنەراڵ باراتۆڤ بووە – و) کاروباری زەمانەتی پاراستنی رێگەی نێوان    قزلڕەبات و کرماشانی رێکخست و ئاگاداری ئەو بازرگانانە کرایەوە کە دەخوازن بەرەو رۆژهەڵات گەشت و کاروان بکەن کەوا رێگە کراوەیە و پێویستە لەسەریان خۆیان بە فەرماندە قوماندانەکەی رووس بناسێنن لە قزلڕەبات بۆ رێنمایی و گەیاندنێکی سەلامەت، بەڵام ئەم رێکخستن و توندوتۆڵییە هەر چارەسەری گونجاو نەبوو و ناوچەکانی پشت قزلڕەبات هێشتا هەر پڕبوو لە ئاژاوە و نائارامی. بارودۆخەکە لە کۆتایی مانگی مایسدا بەو شێوەیە بوو کە تیرە و هۆزەکانی باشووری کوردستان دەبوو لە ژێر دەسەڵات و کاریگەریی ئێمەدا بوونایە و ئەوە سەلمێنرابوو کە لە کایەی سیاسیی ئێمەدان، بەڵام تووشی نائومێدییەکی گەورە بووبوون و داخ و زووخاویان هەڵدەڕشت لەو   رەفتار و مامەڵەیەی لەگەڵیان کرا و لەکاتێکدا کە لە سەرەتاوە خۆشحاڵ بوون بە کشانەوەی تورکەکان و کۆگا و عەمباری دانەوێڵەیان لێشاردنەوە و نەیاندەهێشت تورکەکان پێداویستیی خۆراکیان لای ئەوان دەستبکەوێت، بەڵام تەماشایان کرد کە ئەوەیان باشترە رێگە بە تورک بدەن دەستیان بە عەمبار و شوێنی شاردنەوەی خۆراک دانەوێڵەکانیان بگات بۆ ئەوەی رزگاریان ببێت لە ستەم و دڕندەیی رووسەکان. تورکەکان ئەوەندە بەهێز نەبوون کەوا خەڵکەکە بەتەواوەتی بڕووتێننەوە و نەشیاندەویست ناوچەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت و هەمیشە دەوڵەمەند بە خۆراک وێران بکەن، بەڵام رووسەکان هەموو شتێکیان کاول و وێران دەکرد چونکە رەوتەنی بوون و باکیان بە داهاتووی وڵاتەکە نەبوو. بەڵام بێجگە لەوەی کە خێڵە کوردەکان رقئەستوور بوون بەرانبەر مفتخۆری و دەستوەردانیان لە هەموو شتێک و خۆیان هەر بە دوژمنیان دەزانی، هۆکار هەبوو بۆ ئەو بیروبۆچوونەیان کە هێشتا هەر لەگەڵمانن ئەگەر بەڵگەی راستییان دەستبکەوێت کە ئێمە دەتوانین پشتیوانییان بکەین. لە کۆتایی حوزێراندا رووسەکان خانەقینیان چۆڵكرد و کشانەوە بۆ وڵاتی فارس (ئێران – و)، هەر دەسبەجێ تورکەکان ناوچەکەیان گرتەوە و تا خوار جەبەڵ حەمرینیش رۆیشتن و دەستیانگرت بەسەر دەریچەی کەناڵە گەورەکانی کە بناوانیان لە رووباری دیالەوەیە، وەک مەهرووت و خوراسان (خرێسان – و) و خاڵس، کە لێیانەوە ناوچە کشتوکاڵییەکەی باشووری رۆژئاوای باقووبە ئاودێریی دەکرێت و دەیانتوانی ئاوی لێببڕن. هەروەها توانییان بگەنە شوێنە گرنگەکانی دابینکردنی خۆراک لە بەلەدڕووز و مەندەلی. ئێمە لە مانگی تەمووزدا بەلەدڕووز و لە کۆتایی سێپتەمبەریشدا مەندەلیمان گرت و هەر لەو ماوەیەشدا دەستمان گرت بەسەر جۆگە و کەناڵە ئاوییەکانی دیالەدا و گرتنی بەشێکیش لە جەبەڵ حەمرین لە مانگی ئۆکتۆبەردا پێگەی ئێمەی زیاتر بەهێزکرد.

ئەو کاولکارییەی خانەقین رووس دەستیپێکرد و تورک تەواوی کرد، دەرد و مەینەتیش بەهۆی قاتوقڕی و دەستنەکەوتنی خۆراکەوە لە کفری و ناوچەکانی دەوروپشتی تادەهات زیادی دەکرد. لە کۆتایی مانگی ئابدا، کاتێ کە هێزەکانی عوسمانی خانەقینیان چۆڵکرد، هەندێک لە دانیشتووانی کەوا پەنایان دابووە جەوەڵ باخچە و سەنگەریان لێدابوو بۆ بەرگری کردن لە خۆیان دژ بە هێرش و پەلاماری تورک، گەڕانەوە بۆ ناو شار، هەروەها باجەڵانیش دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی باکووری خانەقین و لەوێ کەوتنە چاندنی زوڕات (گەنمەشامی). وا باسدەکرا کە تیرە و هۆزی بچووک بچووکیش لە خوار کفرییەوە کۆچیان کردووە بۆ مەندەلی و بەدرە و قەرەداخ و شێخان. ئەوان عەمبار و چاڵە گەنم و جۆی خۆیان لە ناو هەردە و تەپە و تەلاندا شاردبووەوە و دواتر دەبوو ئەم شوێنانە ئاشکرا بکەن و دانەوێڵەکەیان بەکاربێنن بۆ ئەوەی لەبرسا نەمرن. پیاوانی سوارەشیان چوونە پاڵ شێخ حەمیدی تاڵەبانی، کە لەگەڵ عەشیرەتەکەیدا لە ناوچەی گلی باکووری رۆژهەڵاتی تاوغ (داقووق) کۆبوونەتەوە. عەشیرەتی داودە و تاڵەبانی، کە هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵیان هەیە، تا ئەو رادەیە بەهێزبوون کە بێئەوەی لە تورکەکان بترسن   کۆگا و چاڵەکانی دانەوێڵەی خۆیان بەئاشکرا هەڵبدەنەوە. ئێمە لە ئاخروئۆخری مانگی سێپتەمبەردا پەیوەندیمان لەگەڵ شێخ حەمید و سەرۆکەکانی تردا پەیداکرد و زانیمان کەوا بەرهەڵستیی هەموو داواکارییەکانی تورکیان کردووە بۆ یارمەتیدان و دابینکردنی خۆراک و پێداویستی و بەردەوامیش دەبن لەسەری تا ئەو هیوایەیان بمێنێت کە ئێمە دەتوانین بچین بەدەنگیانەوە و فریایان بکەوین. ئەوان هەرچی ران و ئاژەڵیان بوو بەرەوژووریان کردبووەوە بۆ لای زێ (زێی بچووک – و) بۆ ئەوەی دووریان بخەنەوە و دەستی تورکیان پێنەگات. تورکەکانیش لە تۆڵە و کاردانەوەدا کەوتنە مامەڵەیەکی سزائامێز و زۆر خراپ لەگەڵ خەڵکی قزلڕەبات و خانەقیندا و چەندین پیاوی سەرکردە و ناوداریان لەسێدارەدا، کە یەکێکیان لە بنەماڵەیەکی تایبەتمەند و ناوداری سلێمانی بوو. ئێمە لە دۆخێکدا نەبووین کە هیچ زەمانەتێک بدەینە کوردەکان و هانیان بدەین کەوا بچنە کارێکی هێرشبەرانەوە دژ بە تورکەکان و نەمانتوانی ئەوە بکەین تا لە دیسەمبەری ساڵی ١٩١٧دا خانەقینمان گرت و لە نیسانی ساڵی ١٩١٨شدا کفریمان گرت.لە هیچ شوێنێکی تری میزۆپۆتامیادا بەرەوڕووی دۆخێکی هاوشێوەی ئەو کارەساتە نەبووینەوە کە لە خانەقیندا بەسەریدا کەوتین. ئەو وڵاتەی کە لە لایەن رووسەکانەوە دروێنە کرابوو، تورکەکان جوان جوان و بە دڵ و داو کۆیان کردبووەوە و کاتێ کە پاشەکشەیان کرد و چۆڵیان کرد، تەنها کردبوویان بە خاوەنی دوو شت، کە برسێتی و نەخۆشی بوون. کاروباری کارگێڕی لەسەرەتاوە شتیکی ئەوتۆ نەبوو و لە شەڕکردن زیاتر نەبوو لەگەڵ ئەم دوو دوژمنە زەبەلاح و ترسناکەدا. ئەم کارەش بە سەرپەرشتی و ئاڕاستەکردنی ئەفسەرێک، بە ناوی مێجەر سۆنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی لەنزیکەوە شارەزای تەواوی ناوچەکە و دانیشتووانی بوو، بەهرەیەکی دەگمەنیشی هەبوو کە زانینینی زمانی کوردی بوو بە رەوانی. ئەم پیاوە بۆ چەندین مانگ لە ئەرکێکدا کاری دەکرد کە بە رێژەیەکی راستەوخۆ بوو بە سەرکەوتنێکی بەدەستهاتووی ئەوتۆ کەوا کوردی هەردوو دیوی سنوور بەخەیاڵیاندا نەدەهات. ئەوان بە برسێتییەکی وا کە لە پەلوپۆی خستبوون و بە گرفتاریی دەستی نەخۆشیی تیفۆسەوە (رەشەگرانەتێ) لە چیاکان دابەزینە خوارەوە، وردە وردە بەدەم خزمەت و چارەسەری ئێمەوە دەگەڕانەوە سەر باری تەندروستی، یان لە کەمپ و نەخۆشخانەکانماندا گیانیان دەسپارد.

 لەگەل ئەوەشدا، کاتێ کە مێجەر سۆن ناچارکرا ماوەی یەک ساڵ مۆڵەتی حەوانەوە وەربگرێت، بەهۆی ماندووبوون و شەکەتیی بەردەوامەوە، بەڵام ئێمە شەڕەکەمان هەر بردەوە. مێجەر گۆڵدسمیسی جێگرەوەی لە سەماوەوە گوێزرایەوە و جۆرێک گەنمەشامیی هێنابوو کە لە بەغدا پەروەدە کرابوو کە بەخێرایی دەڕوێت و گەشەدەکات و درا بەو گوندانەی تازە خەڵکیان بۆ دەگەڕایەوە و لە نێو داروپەردووی کەلاوەکانەوە جارێکیتر دەبووژانەوە و ئاوەدانییان دەخستەوە وڵاتەکە.لەڕووی سیاسییەوە، کوردەکانی ناوچەی خانەقین سەرئێشەیەکی وایان دروست نەدەکرد، بێجگە لە هەندێ خووگرتنی لاوەکی بە دابونەریتی کۆنەپەرستانەی خۆڕسکەوە، دەنا هەر زوو ملکەچ بوون و کەوتنە هاوکاری کردن لە سەرلەنوێ چەسپاندنی یاسا و نیزام، بەڵام کاتێ لە بەهاردا دەستمان دا بە دروستکردنی رێگەکەی وڵاتی فارس، هەست بە کاریگەریی دوژمنایەتییەکی قووڵ دەکرا لەبەرانبەر هاوپەیماناندا کە لەئەنجامی رەفتارە بەد و خراپەکانی قەوزاقەوە سەرچاوەی گرتبوو. عەلی ئەکبەر خان، کە بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین سەرۆکی کۆنفیدراڵییەتی خێڵە نیمچە کۆچەرەکانی سنجابی بوو (یان سنجاوی – و) ، داڵدەی پیلانگێڕانی ئەڵمان و تورک و ئێرانی    دەدا و هەڕەشە و مەترسیی دروستکردبوو بۆ هێڵی پەیوەندی کردنی بەریتانی. فڕۆکەکانمان گوندەکەیان بۆردمان کرد لە چیاکانی نزیک کرماشاندا و پاشان خێڵەکانی دەراوسێی لەدژی وەستانەوە و هەڵات بۆ لای تورکەکان.تێکچوونی رێگەی وڵاتی فارس تا خانەقین و ئەولاتریشی گرتبووەوە. گوندەکان هەموو بووبوونە وێرانە لە ژێرپێی هاتوچۆی لەشکر و سوپاکانی رووس و تورکدا، کۆڵەکە و دار و پەردووی خانووە داڕووخاوەکان بەکێشکرابوون و وەک سووتەمەنی بەکاردەهاتن، باران و بەفری زستانیش کاری رووخاندن و هەرەسی دیوارە قوڕینە نەپارێزراوکانی تەواوکرد. زەویی کێڵگە و مەزراکان بێکێڵان مابوونەوە و ئەگەریش کەمێک لە جووتیار و کشتیار مابێتنەوە ئەوە لەبەر برسێتی لەڕ و لاواز بوون و نەیانتوانیوە هەڵبێن و لە واقیعیشدا شوێن و پەناگەیەک نەبووە بۆی هەڵبێن. هەڵبەت نەک هەر تەنها کوردستانی ئێران بەڵکو سەرتاپا ئیمپرتۆرێتی ئێران لە ژێر چنگی گرانی و برسێتیدا بوو و هێزەکەی جەنەراڵ دونستەرڤیڵ، لە رێگەیدا بەرەو دەریای قەزوێن، بەشێوەکی کاتی شمشێری خستبووە نێو کالان و کەوچک و ئەسکوێی شۆربای بەدەستەوە گرتبوو لە هەوڵێکی گەورەی خێرخوازیدا بۆ تێرکردنی برسی و رەشوڕووتی وڵاتی فارس و لە هەوڵیدا بۆ ئەوەی بە چەک رزگاری بکات لە داگیرکارییەکی تازەی تورکەکان. هەر کە خەڵکەکە ئاهێکی تێدەگەڕا و هێزی کارکردنی دەهاتەوەبەر، کاری زۆر و زەوەندیان بە کرێیەکی باش دەستدەکەوت لەسەر ریگەوبانەکان و لە نێو سەربازگە بەریتانییەکاندا. ئەوان کە ترسیان دەڕەوییەوە، لە    پەناگە و حەشارگەکانی نێو گرد و چیاکانیانەوە دادەبەزین و دۆستایەتییان لەگەڵ ئەم سوپا سەرسوڕهێنەرەدا دەبەست، کە پشکە زیادەکانی خۆی بەسەریاندا دابەش دەکرد و لەبەرانبەر هەر کارێکی پێویستیشدا پارەی کاشی دەدانێ. سەربازی دڵنەرم و لەسەرخۆی بەریتانی رێنمایی دەستە و تاقمی کرێکاری کوردی دەکرد، بە تەواوی دڵ رازیکردنەوە و بە دەستەواژە و زمانێکی تێکشکاوی هندستانی و عەرەبیی تێکەڵ بە زمانی ئینگلیزی، کە بە تەواوی لێی تێنەدەگەیشتن وەک ئەوەی تەنها کوردی یان فارسییەکەی خۆیان بێت.

 ئەم سەربازە ئامادەبوو منداڵانی هەتیوی   برسی و پێلاو بۆیاخکەر و هەمەجۆر منداڵی ساوا و شیرەخۆرە لەخۆبگرێت، کە خنەخن بەدوایدا رایاندەکرد و شەوان خۆیان لە پارچە پەتوویەکی کۆنەوە دەپێچا لەبەر دەرکی خێوەتەکەدا. ئەم سەربازە حەز و پەرۆشییەکی بێئەندازەی هەبوو بۆ هێلکە و قەیسی و سێو و هەموو بەروبوومێکی ئەم وڵاتە، شان بە شان و هاوتەریب لەگەڵ پێدانی کۆتایی نەهاتووی پارەی ئاسنی وردە تا ئەو ئاستەی کە تەواو دڵخۆشی دەکات و پێی ئاسوودە دەبێت. بۆ ئەوانەی لە هاوینی ساڵی ١٩١٨دا بە گەشت شوێن لەشکر و سوپاکەمان کەوتبوون لەسەر رێگەی ئێران و ئەو وێنانەیان بینیبوو کە هەرگیز لە یادەوەرییاندا ناسڕێتەوە، چەشنی چێشتخانەی شۆربای منداڵان لە هەمەدان یان لە گوندی سەرپول (مەبەست شارۆچکەی سەرپێڵێ زەهاوە – و)، کەوا رووس بە وێرانی و کەلاوە بەجێیانهێشتووە لە قەراخی ئەڵوەند روود (ئاوی ئەڵوەن – و)، لەوبەریشەوە بازاڕێکی سەرەتایی هەڵکەوتووە لە ژێر چاتۆڵ و دەوارە شڕی خۆماڵی و کەپری لقە داربی، کە ئاوارە و هەڵاتووە کوردەکان بۆی گەڕابوونەوە و لە نێو قڕە و قەرەباڵغییەکی بێسەروبەردا جگەرەی لە بەغداوە هێنراو یان میوەجاتی باخەکانی ئێرانیان دەفرۆشت و لە دەوری هەر بەتالیۆنێک کە بە پردەکەدا تێپەڕ دەبوو کەڵەکەیان دەکرد.

 

 

تێبینیی وەرگێڕ:هەندێک ناو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە پێویستی دەزانم کورتەیەکی بۆ خوێنەری روونبکەمەوە.

لێڤی یان لێوی Levi: ئەو هێزە چەکدارە بوو کە ئینگلیز لە خەڵکی خۆوڵاتیی ناوچەکان دروستیانکردبوو، زیاتر بە مەبەستی پاسەوانی کردن. یەکەمجار لەو ئاسووری یان ئاشوورییانەوە دەستیان پێکرد کە لە ناوچەی هەکارییەوە هێنرابوونە باقووبە و دواتر کورد و عەرەب و خەڵکی تریشیان لەم هێزانەدا ناونووس کرد. دواتر هەندێک لە ئەفسەرانیشیان کردنە خەڵکی خۆوڵاتی بەڵام بەگشتی لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ئەفسەرانی ئینگلیزدا بوون.

لە هەر شوێنێکی ئەم راپۆرتەدا وشە یان دەستەواژەی "موحەممەدی" دێت بەواتای موسڵمان یان ئیسلام دێت و پێشتر لە ئەدەبیاتی جیهانی مەسیحیی رۆژئاوادا بەزۆری ئەمە بۆ خەلکی موسڵمان بەکاردەهات.

مستەفا پاشای باجەڵان، ١٨٤١ – ١٩٢١، سەرۆک هۆزی باجەڵان بووە لە ناوچەی خانەقین و دژ بە داگیرکاریی رووس وەستاوە بۆ ناوچەکەی و بە هەمان شێوە دژ بە داگیرکاریی تورک بووە و نێوانی لەگەڵ ئینگلیز دۆستانە بووە و زۆر بایەخیان بە هەڵوێستی دژە تورکی داوە. عەشیرەتی باجەڵانیش رۆڵی مێژووییان بووە، لە هەردوو دیوی سنوورەوە لە ناوچەکەدا پاش پەیماننامەی ساڵی ١٦٣٩ی قەسری شیرین و ١٧٣٩ی زەهاو لە نێوان ئێران و عوسمانیدا و میرنشینی زەهاویان بەدەستەوە بووە.

قەوزاق یان کەزاکCossack : ئەمانە خەڵکی شەڕکەری جەربەزە بوون و لە سەردەمی رووسیای قەیسەری یان تساریدا هێزی سوارەیان لێ دروستکردبوون، لەناوخۆدا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک و لە جەنگەکانی رووسیاشدا دژ دەرەوەی خۆی و بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو ئیمپراتۆرێتی فارسی و عوسمانیدا، پێشەنگی هێزەکانی رووسیا بوون لە جەنگدا. سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی لە ساڵی ١٨٩١دا کە هێزی سوارەی حەمیدیی لە هۆزە کوردەکان دروستکرد لەسەر شێوازی سوارەی قەوزاق بوو. قەوزاق لە رووسیای جاراندا لە ناوچە و حەوزی رووباری ڤۆڵگادا نیشتەجێ بوون (کە جاران ناوی دۆن بووە – و) و لە رۆمانی بەناوبانگی "دۆنی ئارام"ی میخائیل شۆڵۆخۆڤدا وردەکارییەکی زۆر هەیە لەبارەی ژیانی قەوزاقەوە.

وڵاتی فارس Persia: لەم راپۆرتەدا زۆر بەکاردێت بۆ ناوی ئێران چونکە تا ساڵی ١٩٣٤ ئەوە ناوی فەرمیی ئەو وڵاتە بوو، بەڵام لەم ساڵەدا رەزا شا بڕیاری دەرکرد کە ناوە فەرمییەکە بکرێتە ئێران، چونکە هەر ئەم ناوە لەسەر زاری خەڵکی وڵاتەکە بوو.

کۆگای دانەوێڵە، کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە من لە گەلێ شویند چاڵ و عەمار یان عەمبارم بەکارهێناوە. کاتی خۆی لە ناوچەی گەرمیاندا، بە کفری و خانەقینیشەوە، دانەوێڵەی گەنم و جۆ بە شێوەیەکی تایبەتی لە چاڵێکی تۆزێک زیاتر لە دوو مەتردا هەڵدەگیرا و ژێرەکەی و چواردەورەکەی بە کا لەگەڵ گڵی چاڵەکەدا جیدەکرایەوە و پاشان سەرەکەشی بە کا و دواتر بە قوڕ دادەپۆشرا. لە حاڵەتی ئاساییدا لە حەوشەی ماڵەکاندا ئەم چاڵانە دروست دەکرا کە کۆگای سەرەتایی بوون، بەڵام لە سەردەمی جەنگی سەفەربەرلک و تاڵانوبڕۆی سوپا شکستخواردووەکەی تورکی عوسمانیدا، خەڵکی دێهات لە ترسی دەستبەسەرداگرتنی دانەوێڵەکانیاندا لە دەر و دەشت دەیانکردە چاڵ و دەیانشاردەوە.

مەحموود پاشای بەگزادە، مەبەست مەحموود پاشای سەرۆکی هۆزی جاف بووە کە لەپێش هاتنی ئیگلیزدا نێوانی لەگەڵ عوسمانی باش نەبووە و لە دەمی هاتنی ئیگلیزیشدا زیاتر بایەخیان بە وەسمان پاشای کوڕی لە هەلەبجە و عەدلە خانمی خێزانی داوە وەک سەرۆکی جاف. مەزاری مەحموود پاشا لە شارۆچکەی قزلڕەبات یان قزڕەباتە، کە مڵکی بووە و لەم راپۆرتەدا زۆر ناوی دێت و ئێستا بە ئەقڵییەت و رەفتاری شۆڤێنیستی نەتەوەیی عەرەب گۆڕاوە بۆ سەعدییە.

لە راپۆرتەکەدا لە ناوهێنانی شاری کفریدا وشەی (سەڵاحییە – صلاحیة)شی خراوەتە پاڵ، کە زۆر جار لە سەردەمی عوسمانیدا بە کفری وتراوە سەڵاحییە، لەبەرئەوەی ناوەکە لە کفرەوە نزیک بووە و نابێت لە دەوڵەتێکی "ئیسلامیدا" ئەم ناوە بۆ شارێک بەکاربهێنرێت. راستییەکەی وشەی "کفر" لە شێوەزار یان دیالێکتی گۆران، کە شێوەزاری زەگنانە بەشێکە لەو دیالێکتە، بۆ رووەک یان دەوەنی "تەروو" بەکاردێت کە لە چەم و خڕەوشکەکانی کفری و دەوروبەریدا بەزۆریی دەڕوێت و زەنگنەش عەشیرەتیکی گەورەی ئەو ناوچەیەیە و گەلێ لێکدانەوە وایبۆدەچێت کە ناوی کفری لەو شێوەزارەوە هاتبێت.

گل یان بناری گل، ناوچەیەکی گەرمیانە لە باکووری رۆژهەڵاتی تووزخورماتووەوە و لە نێوان چەمی ئاوەسپی و ناحیەی قادرکەرەمدا. گوندی ئاوباریک، کە لە ساڵی ١٩٣١دا شەڕی نێوان هێزەکەی شێخ مەحموود و سوپای عەرەبیی عێراقیی تێدا بەرپابوو، دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە. ئاوایی شێخ حەمیدیش، بەناوی شێخ حەمیدی تاڵەبانییەوەیە کە لەم راپۆرتەدا باسی هاتووە و دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە.

بۆ ئاگاداریی خوێنەر راپۆرتێکی تری بەریتانی هەیە کەوا تایبەتە بە خانەقین و مەندەلی و قزلڕەبات و هەر گێرتروود بێڵ نووسیوێتی لە ساڵی ١٩١٩ – ١٩٢٠دا ، دیسان بە هەمان ناوی "پێداچوونەوەیەک بە کارگێڕیی مەدەنیی لە میزۆپۆتامیادا" و بۆ هەر یەکە، کەرت یان بەش کە ئەوان بە Division ناوی دەبەن و دواتر بوو بە بنەمای یەکەی لیوا لە کارگێڕیی دەوڵەتی عێراقدا. ئەو راپۆرتە بۆ هەر یەکەیەک یان کەرتێک وردەکارییەکی زۆری تێدایە. ئەوەی یەکە یان کەرتی خانەقین – مەندەلی – قزلڕەبات بەندە کردوویەتی بە کوردی و لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و کتێبی "مێژووی خانەقی، ئامادەکردنی مامۆستا جەعفەر (فازڵ کەریم ئەحمەد)، ساڵی ٢٠١٧"، لە لاپەڕە ١٧١ – ٢١٦دا بڵاوبووەتەوە. شیاوی وتنە کەرتەکەی خانەقین لە ساڵی ١٩٢٠دا ئیدارەی راستەوخۆی بەریتانی بۆ عێراق خستیە سەر کەرت یان بەشی دیالە – باقووبە، دەنا خانەقینیش دەبوو بە لیوایەکی سەربەخۆ لە پێکهاتەی کارگێڕیی عێراقی دواتردا.

جەنەراڵ ستانلی مۆد Stanley Maude، ١٨٦٤ – ١٩١٧، کە لەم راپۆرتەدا ناوی هاتووە، لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ١٩١٤ – ١٩١٨، فەرماندەی هێزەکانی بەریتانیا بوو لە میزۆپۆتامیادا و ساڵی ١٩١٧ بەغدای گرت و لە وتاردانێکیدا بۆ دانیشتووانی بەغدا وتەیەکی بەناوبانگی هەیە "ئێمە وەک رزگارکەر هاتووین نەک داگیرکەر. لە ١٨ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ لە بەغدا بە نەخۆشیی کۆلێرا مرد. لە بەغدا پەیکەرێکی گەورەیان بۆ دروستکردبوو بەسەر ئەسپەکەیەوە و ئەم پەیکەرە لە شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨دا رووخێنرا.

 

 

 

 

 

 

 لە سایتی ئاوێنەوە وەرگیراوە

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved