میترۆ داوای رونكردنەوە دەكات

 

 

میترۆ

9ی حوزەیرانی2019، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی ئەوهەلسوكەوتە دەكات كە كارمەندانی ئاسایشی بازگەی هەولێر _ كۆیە بەرامبەر بە رۆژنامەنوس بەرزان عەلی حەمە ئەنجامیداوە.

 

4ی حوزەیرانی2019 كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، رۆژنامەنوس بەرزان عەلی حەمە كە دانیشتوی شاری هەولێرە دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە بازگەی هەولێر _ كۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی بازگەكەوە پشكنینێكی چڕی لەگەڵدەكرێت و دواتر بە ئۆتۆمبیلێك پێشی دەكەون، پاشان لەلایەن هێزێكی ئەمنییە پێی رادەگەیەنن كە بۆی نییە بگەرێتەوە شاری سلێمانی و ناچاری دەكەن بگەرێتەوە شاری هەولێر.

 

بەرزان بە میترۆی وت "كاتێك كە لە بازگەكە دەرچوم زانیم ئوتۆمبیلێكی جۆری بی ئێم دەبلیوی رەنگ رەشی تابلۆ ئەوروپی لە پێشمەوەیە بۆیە بەناچاری پەنامبرد بۆ ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كۆیە، دواتر لایڤێكم كردەوەو باسی روداوەكەمكرد، بەرپرسێكی باڵای ئەمنی پەیوەندی بە لێپرسراوی ناوچەكەوەكرد و داویلێكرد كەمنیان تەسلیم بكەن، بەڵام لێپرسراوی ناوچەكە رازی نەبوو، دوای پێنج كاتژمێر لەمانەوەم لە ناوچەی پارتی دواتر بەهەوڵی پەیوەندیەكانی پارتی و بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی رێگەیاندام كەبگەرێمەوە بۆ شاری هەولێر".

 

سەنتەری میترۆ چاوەڕوانبوو كە بەرێوەبەرایەتی ئاسایش رونكردنەوەبدات لەسەر ئەو رووداوە بەڵام پاش تێپەڕبوونی پێنج رۆژ لە چاوەڕوانی هیچ رونكردنەوەیەك نەدرا.

 

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئەوهێزە ئەمنییە دەكات، دواشمان وایە كە هیچ رێگریەك نەكرێت لەو رۆژنامەنوسە لەسەردانی شاری سلێمانی بۆ بینینی كەسوكاری، هەموو هاوڵاتییەكی هەرێم ئازادە لە گەشتكردن بۆ هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و دەرەوە، ئەو هەڵسوكەوتانە نەگونجاوە لەگەڵ لانی كەمی مافەكانی مرۆڤ كە هاتوچۆكردنە بەشێوەیەكی ئازاد لەناو وڵاتەكەی.

 

•سه‌نته‌ری میترۆ له‌ ئابی 2009 به‌ هه‌وڵی كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس و به‌رگریكاری مافی مرۆڤه‌وه‌، به‌ هاوكاری رێكخراوی په‌یمانگای رۆژنامه‌نوسانی جه‌نگ‌و ئاشتی دامه‌زاروه‌، به‌ ئامانجی چاودێری ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق.

 

•میترۆ به‌ پێی یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 2011 دامه‌زراوه‌و مۆڵه‌تی ره‌سمی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌.

 

•له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی په‌یمانگای رۆژنامه‌نوسانی جه‌نگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گه‌لی نه‌رویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێوده‌وڵه‌تی (IMS)، پاڵپشتی كردوه‌.

 

•سه‌نته‌ری میترۆ چاودێری جێبه‌جێكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ (35)ی ساڵی 2008 و یاسای ژماره‌ (11)ی مافی ده‌سكه‌تنی زانیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها چاودێری مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافی ئازادی راده‌ربڕین‌و ئازادییه‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كان، له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌كان كارده‌كات به‌ ئامانجی كاركردن‌و بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ .

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved