مەسعود بارزانی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردەوە

مەسعود بارزانی : لە هەر دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا ئاساییە كە دادگەیەكی فیدڕاڵی دەستووری هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەی دەكەوێتە نێوان هەرێمەكان و ناوەند بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری دەستووری و یاسایی جددی هەیە لەبارەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و هەڵوێست و بێدەنگبوونەكانی لەماوەی ڕابردوودا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەسعود بارزانی

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

لە هەر دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا ئاساییە كە دادگەیەكی فیدڕاڵی دەستووری هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەی دەكەوێتە نێوان هەرێمەكان و ناوەند. بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری دەستووری و یاسایی جددی هەیە لەبارەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و هەڵوێست و بێدەنگبوونەكانی لەماوەی ڕابردوودا.

 

لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە بەنادەستووریزانینی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی عێراق و گشت لایەك ئەوە بزانن، دادگەی فیدڕاڵی عێراق بەر لە پەسەندكردنی دەستووری عێراق دروست كراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگەیەك بە پێی پێوەرە دەستوورییەكان كە لە ماددەی ٩٢ـی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت و یاسایەكی بۆ دەربچێت كە چی تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە. بەڵام لە ٢٠٠٥ـەوە هەتا ئێستا ئەو دادگەیە بە بێ ئەوەی بنەمای دەستووری و یاسایی هەبێت لە كارەكانی بەردەوام بووە. هەر ئەوەیش وای كردووە بكەوێتە ژێر هەژموونی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەكان و لە ڕێڕەوە دەستوورییەكانی لا بدات و بە درێژایی كاركردنی دادگەیەكی سیاسیی بووە و بڕیارێكی وای نەداوە كە بێلایەنی پێوە دیار بێت.

 

ئەم دادگەیە لە ماوەی كاركردنیدا لەبەرانبەر هەموو پێشێلكارییەكی دەستووری كە حكوومەتەكانی عێراق ئەنجامیان داوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە. لە بڕیاری بە نادەستووریزانینی ڕیفراندۆمیشدا بە حەزی سیاسییەكان جووڵاوەتەوە و هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ ئەو دەقە نەبووە كە لە دیباچەی دەستووری عێراقدا هاتووە كە "ان التزام بهژا الدستور یحفڤ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارچا و سیاده‌ ". ئەوە لە حاڵێكدایە كە زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێلكراوە و حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە.

 

بۆچی ئەو دادگەیە لە پێكنەهێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی بێدەنگ بوو كە دەبوایە بەپێی ماددەی ٦٥ـی دەستوور دامەزرابا و ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە بوونی هەبوایە دەستەڵاتی تەشریعی كامڵتر دەبوو و ڕێگەی لە تاكڕەوی و پێشێلكردنی مافی هەرێم دەگرت. بۆ چی ئەو دادگەیە لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠ بێدەنگ بوو كە دەبوایە لە كۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێ بكرایە. خۆ هەموو لایەك دەزانن جێبەجێنەكردنی ئەو ماددەی سەرچاوەی زۆرێك لە كێشەكان و بێ متمانەییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو.

 

دادگەی فیدڕاڵی لە ماوەی كاركردنیدا لەو كردەوانە بێ دەنگ بووە كە لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە. دەبێ ئەو دادگەیە ئەوەیش ڕوون بكاتەوە كە بەپێی كام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی ٢٠١٤ هەتا ئێستا كەسێك بە یەك ئیمزا بەشە بودجەی گەلی كوردستانی بڕیوە؟ كە بەپێی ماددەی ١٢١ بڕگەی سێ، گەلی كوردستان مافی ئەوەی هەیە بودجەی شاییستە و دادپەروەرانەی هەبێت.

 

ئەو دادگەیە بۆ چی ڕێگەی لەوە نەگرتووە كە هێزی چەكدار لەدژی خەڵكی كوردستان و بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسیەكان لە لایەن حكوومەتی عێراق بەكار بێت كە خۆی لە خۆیدا پێشێلكردنی ئاشكرای ماددەی ٩ـی دەستوورە كە نابێ هێزی چەكدار بۆ سەركوتكردنی گەلی عێراق بەكار بێت و دەست لە كاروباری سیاسی وەربدات. بۆ چی دادگەی فیدڕاڵی هیچ بڕیار و هەڵوێستێكی نەبووە لەبەرانبەر كۆمەڵكوژكردن و ئازاردان و تۆقاندن و ئاوارەكردنی خەڵك لە كەركووك و خورماتو و شوێنەكانی تر؟

 

بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی ٥٥ ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی مومارەسە بكات. جگە لەوەیش پێویستە هەموو لایەك بزانن هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ چونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە.

 

مسعود بارزانی

٢٠/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved