بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایانی کوردستان دەکات

 

 

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، مەسعود بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە

 

 

دەقی پەیامەکەیەی مەسعود بارزانی:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

 

بەبۆنەی پەنجاو هەشتەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

 

لە مێژووی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، ڕۆڵی نیشتیمانپەروەرانەی مامۆستانی كوردستان هیچكات لەبیر ناكرێت. ئەوان لەپاڵ ئەرك و پیشە پیرۆزەكەیاندا چەكی بەرگریكردن لە خاك و نیشتمانەكەیان لە شان بووە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی نەمریان پێشكەش بە كوردستان كردووە.

 

لە سەخترین رۆژگارەكانی میللەتەكەماندا مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست.

 

لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی دیكە سوپاسی ماندووبوون و هەوڵی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەم و هیوای پێشڤەچوون و بەردەوامی بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم.

 

مسعود بارزانی

١٥ی٥ی٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved