مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

 

مەسعود بارزانی بەبۆنەی یادی کارەساتەکانی ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ و ١٩٨٥ پەیامێکی بڵاو کردەوە.

 

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

ئەمڕۆ ٩ـی حوزەیران ڕۆژێكی پڕ لە كارەسات و قوربانیدانە لە مێژووی گەلەكەماندا. لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٦٣ـدا ژمارەیەك لە ئازادیخوازانی سلێمانی ئامادە نەبوون سووكایەتی بە هێما نەتەوەییەكانیان بكەن، بۆیە بەدەستی جەللادی ئەو كات "زەعیم سدیق" شەهید كران و، بە خوێنی خۆیان وانەی ئازایەتی و خۆبەدەستەوەنەدانیان تۆمار كرد. هەر لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە ساڵی ١٩٨٥ـدا فڕۆكەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی "زێوە"ـیان بۆردومان كرد و لە تاوانەدا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و ژن و منداڵی بێ گوناح شەهید و بریندار بوون.

 

دوژمن وای مەزندە كردبوو بە شەهیدكردن و ئازاردان و سووتاندنی ژن و منداڵ سەركەوتن بە دەست دەهێنێ و ئیرادەی گەلی كوردستان تێكدەشكێنێت. بەڵام كارەساتی زێوە بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئەوەی لە چەك و فڕۆكە و ئاگری دوژمن بەهێزترە، ئیرادەی گەلی كوردستانە بۆ مانەوە و خەبات و تێكۆشان، و دواجاریش ئەوە ئیرادە بەرزە بەسەر دوژمنی بێویژداندا سەركەوت.

 

هەزاران سڵاو لە شەهیدانی هەردوو كارەساتی ٩ـی حوزەیران و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

 

مسعود بارزانی

٩ــی حوزەیرانی ٢٠١٩

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved